دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەڵوەستەیەك

دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەڵوەستەیەك
یەكێ لەو دەستكەوت و هەنگاوە گرنگانەی كوردستان لە ساڵی 2005، دامەزراندن و كردنەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوو، كە بۆتە پردێكی گرنگی گەیاندنی هاوكاری و كۆمەكی بۆ ئاوارە و لێقەوماو و هەژارو كەمدەرامەت و بێ باوكان و ماڵباتی شەهیدان و پرۆژەی دیكەی وەك هاوكاریی نەخۆشی ئۆتیزم و خانەی بەساڵاچووان و خوێندنگە و باخچەی ساوایان و بنكەی تەندروستی و دەیان و سەدان كارو پرۆژە و هەنگاوی تری خێرخوازی.
لایەنی ئیجابی و جێی شانازی ئەو دەزگایە لەوەدایە، كە تەعبیر لە كەسایەتیی سەركردە و هەڵكەوتوویێكی وەك جەنابی مەلا مستەفای بارزانی دەكات و، لەسەر ئەرزی واقع فەلسەفە و رۆئیابینی و مرۆڤدۆستی ئەو سەركردە بە پراكتیك دەكات و، لە چوارچێوەی كارە خێرخوازییەكەی پەردە لەسەر كاریزمایی ئەو زاتە هەڵدەداتەوە.
كارو پرۆژەی خێرو گەیاندنی كۆمەكی، وە نەبێ تەنیا شتێكی مرۆیی و ویژدانی و رواڵەتی و دڵخۆشكەر بێت، بەڵكو هەوڵ و هەنگاوێكی گەورە و شایستەی پێزانین و خێرێكی نەبڕاوەیە لە تێڕوانینی ئیسلامدا، كە دەیان دەق لە ئایەت و فەرموودە هەن، جەخت لەوە دەكەنەوە ئەو جۆرە هەست و هەڵوێستە یەكێكە لە كردەوە هەرە گەورەكانی نێو دونیابینی ئیسلام و مرۆڤایەتی.
خوای گەورە كە مرۆڤی نیشتەجێی سەر زەوی كردووە و، ئەركی ئاوەدانی و گەشەی شارستانیەت و كاری مرۆڤانەی پێ سپاردووە، یەكێ لە بنەماو كارە بنەڕەتیەكانی پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك بریتییە لە كاری خێرخوازی و هاوكاریكردنی یەكتر، كە دواجار ئەمە بۆ ئاشتی كۆمەڵایەتی و بەهێزبوونی پەیوەندەیەكان و سەقامگیری و دروستكردنی هاوسەنگی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی خاڵێكی پاڵپشت و بەهێز دەبێت.
لە قورئانی پیرۆزو فەرموودەی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) دەیان ئایەت و فەرموودە هەیە، كە جەخت لە بەخشین و یارمەتیدان و ئەنجامدانی كاری مرۆیی و كۆمەككردنی خەڵكی كەمدەرامەت و لێقەوماو دەكات، ئەمە یەكێكە لەو رەهەندە گرنگانەی ئیسلام لەپێناو بەهای ویژدانی مرۆڤ و خزمەتی مرۆڤایەتی و دروستكردنی هەستی هاوكاری و بەدەمەوەچوونی یەكتری، بەپێی فەلسەفەی ئەو تێڕوانەی ئیسلام بێت! بەختەوەریی مرۆڤ بەندە بە بەختەوەركردنی ئەوانی ترەوە، واتە هەركات بە فاكتەری ئینسانی یان ئیمانی توانیمان كەسانێك دڵخۆش بكەین، بەهەر شێوازێكی یارمەتیدان، راستەوخۆ لەناخەوە هەست بە ئارامی و بەختەوەری دەكەین و بەرهەمی چاكەكە دەبێتە مایەی خۆشبەختی و ئاسوودەیی دەروون و ئارامیی ویژدان.
خوای گەورە لەو قورئان باسی لەو هەنگاوە خێرییەی نێو مرۆڤ كردووە و دەفەرموێ: (وَأَنْفِقُوا خَيْرًا لِأَنْفُسِكمْ وَمَنْ يُوقَ شُحَّ نَفْسِهِ فَأُولَئِك هُمُ الْمُفْلِحُونَ) التغابن/16. واتە: خێرو چاكە بكەن، ئەوانە هەمووی بۆ خۆتان چاكە، جا ئەوەی خۆی بپارێزێت لە رەزیلی و رژدی نەفسی خۆی، ئا ئەوانە هەر خۆیان سەرفرازن.
هەروەها لەبارەی كارە مرۆیی و هەڵوێستە بەرزو مرۆڤدۆستییەكانەوە دەفەرموێ: (وَأَحْسِنُوا إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ) البقرة/195. واتە: هەمیشە خێرو چاكە ئەنجام بدەن‏ و چاكەخواز بن و (ماڵ ‏و سامانتان لە پێناوی خوادا ببەخشن) چونكە بەڕاستی خوا ئەو چاكەكارانەی خۆشدەوێت.
لەبارەی پاداشت و گەورەیی ئەو جۆرە هاریكاری و پرۆسە خێریانە دەفەرموێ: (وَمَا تُقَدِّمُوا لِأَنْفُسِكمْ مِنْ خَيْرٍ تَجِدُوهُ عِنْدَ اللَّهِ هُوَ خَيْرًا وَأَعْظَمَ أَجْرًا)المزل/20. واتە: هەر دەستپێشخەرییەكی چاكە بكەن، بۆ خۆتان سبەی دەیبیننەوە لای خوا دەستان دەكەوێتەوە بە باشتر و پاداشتی گەورەتر.
هەر لەسەر ئەو روانگە مرۆیی و هەڵوێستە جوان و كردە باشەیە، پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێ: (يَقول الله: يا بن آدَمَ أَنْفِقْ أُنْفِقْ عَلَيْك) رواە مسلم، واتە: خوای گەورە دەفەرموێ: ئەی نەوەی ئادەم ببەخشە، منیش پێت دەبەخشم.
پیاوێك هاتە لای پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) پێی فەرموو: (يا رَسُولَ اللَّهِ أَيُّ الناس أَحَبُّ إلى اللَّهِ وَأَيُّ الأَعْمَالِ أَحَبُّ إلى اللَّهِ؟ فقال: رسول اللَّهِ (صلى اللَّهُ عليه وسلم) أَحَبُّ الناس إلى اللَّهِ تَعَالَى أَنْفَعُهُمْ لِلنَّاسِ وَأَحَبُّ الأَعْمَالِ إلى اللَّهِ تَعَالَى سُرُورٌ تُدْخِلُهُ على مُسْلِمٍ أو تَكشِفُ عنه كرْبَةً أو تَقْضِي عنه دَيْنًا أو تَطْرُدُ عنه جُوعًا وَلأَنْ أَمْشِيَ مع أَخِ في حَاجَةٍ أَحَبُّ إلي من أَنْ أَعْتَكفَ في هذا الْمَسْجِدِ يَعْنِي مَسْجِدَ الْمَدِينَةِ شَهْرًا وَمَنَ كفَّ غَضَبَهُ سَتَرَ اللَّهُ عَوْرَتَهُ وَمَنْ مَشَى مع أَخِيهِ في حَاجَةٍ حتى يَتَهَيَّأَ له أَثْبَتَ اللَّهُ قَدَمَهُ يوم تَزُولُ الأَقْدَامِ)المعجم الكبير للطبرانى، واتە: ئەی پێغەمبەری خوا كامە خەڵكە باشترین و خۆشەویستترین خەڵكە لای خوا؟ لە وڵامدا پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) فەرمووی: باشترین كەس لای خوا ئەو كەسەیە كە سوودو نەفعی بۆ خەڵك هەیە، باشترین كردەوەش ئەو كارەیە، كە مرۆڤ بتوانێ خۆشی و خەندە بخاتە دڵی بەرامبەرەوە، یان خەمێكی لەسەر لابدا، یان قەرزێكی لەجیاتی بداتەوە، یان برسێتی كەسێك بشكێنی، یان لەگەڵ موسڵمانێك بڕوات و كارەكەی بۆ راپەڕێنێ، چونكە بەلای منەوە بەجێگەیاندنی پێویستییەكی خەڵك لە مانەوەی یەك مانگی ناو مزگەوت باشترە، هەر كەسێك تووڕەیی خۆی بخواتەوە خوای گەورە كەموكورتییەكانی دادەپۆشێ، هەر كەسێك لەگەڵ كەسێك بڕواو لەگەڵی بمێنێتەوە تا كارەكەی جێبەجێ دەكات، ئەوە خوای گەورە لە رۆژی دوایی پێیەكانی جێگیرو سابت دەكات.
كۆی ئەو دەقانە ئەوەمان پێ دەڵی كە ئیسلام كاری چاكە و یارمەتیدانی خەڵكان، دەكاتە یەكێ لەو بنەماو پێوەرە گرنگانەی كۆمەڵگەی پێشكەوتوو، كە سەرەنجام گیانی هاوكاری دەبێتە سیمایەكی جوانی نێو مرۆڤەكان و بەشێكی زیندووی شارستانیەت.
هەموو ئەو كارە خێرو هەنگاوە دڵسۆزو دڵخۆشكەرانەی لە فەرهەنگ و هەستی كورد و مێژووی كوردو سەركردەكانی كورد هەبووە و بەرجەستەیە، یەكێكن لەو شانازی و هەڵوێستە جوامێرانەی نێو كەلتووری گەلەكەمان و رەوشتی بەرزی ژیان لەپێناوی ئەوانی تر، دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەكێكە لەو دەزگاو ناوەندە خێرییانەی كە تەعبیر لە فەلسەفەو رۆحییەتی سەركردەیەكی ئاینپەوەرو كوردپەروەرو نیشتماندۆستی وەك مەرحووم مەلا مستەفای بارزانی دەكات، كە فەلسەفەی كوردپەروەری لە دیدی ئەو وابووە مرۆڤ وەك مۆم بۆ خۆی بسووتێ و رووناكی ببەخشێتە رۆڵەكانی گەل و نیشتمان! ئەم دەزگایە كە لەسەر ئەم فەلسەفەیە نەخشەڕێی خۆی هەڵچنیوە، لە كوردستان كەلێنێكی یەكجار زۆری پڕكردۆتەوە و پانتاییەكی گەورەی كاری خێرو مرۆیی لەسەر ئاستی ناوچەیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بەر كەوتووە، كە جێگای سوپاس و پێزانینی كوردپەروەران و شانازی نەتەوەییمانە.
پاڵپشتی و پێزانینی كارو هەنگاوەكانی ئەو دەزگا خۆماڵی و خێرخوازیە ئەركی هەموو لایەكە، چونكە هەماهەنگیكردن و هاریكاری نەخۆش و هەژارو لێقەوماو و ئاوارەو قوتابی و بەساڵاچوو و باخچەی ساوایان و پرۆژە گشتییەكان و پاڵپشتی پێشمەرگە و ماڵباتی شەهیدان، وێڕای ئەوەی داخوازی و ئەركێكی ئیمانییە، لەهەمان كات كارێكی گەورەی ویژدانی و ئینسانیشە.
لەلایەكی ترەوە هەبوونی دەزگایەكی لەو شێوە، هەم بۆ ناوخۆی كوردستان پێویستە و، فاكتەری زەمینەی خێرو دابینكردنی پێداویستی هاووڵاتیانە لەلایەك و، لە پێشخستنی ژیارو ژینگەی كۆمەڵگە رۆڵێكی شكۆمەندانەی هەیە لەلایەكی ترەوە، لەهەمان كات وێناو و نموونەیەكی پێشەنگ و جوانی ناساندنی فەرهەنگ و هەڵوێستە مرۆڤدۆستییەكانی گەلی كوردە بە رووی نەتەوە و وڵاتانی دەرەوە.

Top