مهسرور بارزانی روویهكی نوێ ئۆمێدێكی نوێ
June 15, 2019
وتار و بیروڕا
ئێستا لەدووایی راسپاردنی (مەسرور بارزانی) بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەریمی کوردستان، زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان بە گەشبینیەکی زۆرەوە دەڕواننە لێهاتوویی و ئەزموون و کارامەیی ئەم سەرکردەیە لە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوری و دامەزراوەیی و خزمەتگوزاریانەی هەرێمی کوردستان تێیکەوتووە.
لە ڕاستی دا ئەم ئومێدە زۆرەی خەڵک بە مەسرور بارزانی هۆکارو باگراوندی پیشەیی و پراگماتی خۆی لە پشتەوەیە.
بەسەرنجدانێک لە تواناو کارامەیەکانی ئەم سەرکردەیە، دەبینین مەسرور بارزانی زۆر سەرکەوتووانە ئەرکەکانی خۆی ڕاپەراندووە له بواری ئهمنی و سیاسی وەک راوێژکاری ئەنجونەنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان. لەڕووی کۆمەڵایەتی و مرۆییەوە دامەزرێنەری یەکێک لە چاڵاکترن دەزاگا خێرخوازیەکانی کوردستانە (دەزگای خێرخوازی بارزانی). سەبارەت بە ڕەهەندی فكر و زانست لە دیدگای مەسرور بارزانی، ئەوا جگە لەوەی خۆی بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی واشنتون بەدەستهێناوە، هەمیشە لە خەمی پەرەپێدانی زانستییانەی کۆمەڵگای کوردەواری دابووە، زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک و سەنتەری توێژینەوەی سیاسی بارزانی نەمری لە واشتۆن دامەزراندووە. لە رووی هێزی جەماوری و پرستیژی نێودەوڵەتییەوە، ئاشکرایە مەسرور بارزانی وەک کوڕی سەرۆك بارزانی و وەک ئەندامێکی خانەوادەی بارزانی ئەزمونێکی درێژیان لە حوکمڕانی و سەرکردایەتی خەباتی نەتەوەیی هەیە.
کەواتە؛ مەسرور بارزانی دەرفەت و پاڵپشتی جەماەری لە پێشە بۆ تەکان دان و وەرچەرخانێکی جۆری بە ئەزمونی هەرێم و "بنیاتنانی کوردستانی بەهێز" لەم ڕەهەندانەی خوارەوە:
تۆکمەکردنەوهی رەوایەتی نێوخۆیی و رەوایەتی نێودەوڵەتی لە ڕیگای بونیادنانەوەی ئاشتەوایی پۆزەتیڤانە لە ناوخۆ، چ لە ڕووی دروستکردنەوەی متمانە لە نێوان هێزە سیاسیەکان و پێکهاتەکانی ههرێمی کوردستان، چ لە ڕووی متمانەی نێوان هاووڵاتیان و دەزگاکانی حکومەت. هەروەها نوژەنکردنەوەی پەیوەندیەکانی هەرێم (لەسەر بنەمای بەرژوەدی هاوبەش) لەگەڵ عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ و هەرێمییەکان و جیهان. بەمەش بنەمای ئاشتەوایی و سەقامگیری درێژخایەن بۆ هەرێمی مسۆگەر دەبێ.
دەربازبوون لەو بێسەروبەری دامەزراوەیی و بێ سیستەمیەی هەرێمی کوردستان پێەوە دەناڵێنی لە ڕێگای سیستەمسازی و کاراکردنەوەی دامەزراوەکان و دروستکردنی دامەزراوەی نێشتیمانی هاوچەرخ (دهوڵهتسازی).
گێڕانەوەی هۆگری وئینتیما و دروستکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و ئەفراندنی تەبایی و پێکەوەژیانی (ئینتیگرێیش) زیاتر لە نێوان پێکهاتەکان و ئەفراندنی سۆزداری بۆ ناسنامەی باڵای نیشتیمانی کوردستانی (نهتهوهسازی). بێ گومان ئەمەش پێویستی به بوژانهوهی ههستی نهتهوهدۆستی ههیه كه بە کاراکردنەوەی سیستەمی خزمەتگوزاییە گشتییەکان دهبێت لە پێش هەموویانەوە سیستەمی خوێندن و پەروەردە و تەندروستی و کارەبا لە هەموو سوچێکی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکان.
بونیادنانەوەی سیستەمی بەرگری هەرێمی کوردستان لە یەک هێزی نیشتمانی کە تێیدا پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش بە سۆزی کوردانە و نیشتمانیانە پەروەردە بکرێن، وەک هیزە بەرگریکارە هاوچەرخەکان رابهێنرێن و پڕچهك بكرێن وبە دیسپلینی سەربازی کار بکهن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان جارێکی تر لە کارەساتی وەک شەنگال و ١٦ ی ئۆکتۆبەر بە دوور بێت.
بوژانەوەی ئابوری هەرێمی کوردستان بەهۆی بنەبڕکردنی دیاردەی گەندەڵی، بەنیشتیمانی کردنی سامانی نەوت هاوشیوەی وڵاتی نۆروێژ، بەمەش پێچەوانەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەوت دەبێتە فاكتهری خۆشگوزەرانی خەڵک و پارستنی نیشتیمان لە جیاتی ئەوەی ببێتە مایەی توندوتیژی و کاوڵکاری وڵات. هەروەها داخستنی کەناڵەکانی چوونەدەرەوەی دراو لە هەرێم، راکێشانی سەرمایەی دەرەکی، و رەخساندنی بازاری ئازاد، واتە دەرفەتی یەکسان بۆ پێشبڕکێی ئابوری.
بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی و بە شارستانی تر فراوانترکردنی فەزای ئازادی کۆمەڵگای سڤیل له ههرێمی کوردستان هاوشێوەی ئەو کۆمەڵگایانەی بە (جیهانی ئازاد) ناودەبرێن. بەمەش بهشدارییهكی فراوانی راستهقینهی هاووڵاتیان له پرۆسهی سیاسی دێتهدی و هەموو هاووڵاتیان هۆگریان بۆ کوردستان زیاتر دەبێ، هەرێمی کوردستانێش دەکەوێتە سەر نەخشەی وڵاتە ئازادەکان.
لە دەرئەنجام دا؛ مەسرور بارزانی كهسایهتیهكی سیاسی كارامهیه كه بتوانێ کاری وا مەزن ئەنجام بدات، هاوشێوەی سەرکردە مەزنەکان (لی كوان یو، دیگۆل و جۆرج واشنتۆن ..) شانسی ئەوەی پێبڕاوە هەرێمی کوردستان بگەیەنێتە ئامانجە باڵاکانی. بەمەش نەک هیچ کەس و لایەنێکی نەیار بوێری کێشەنانەوە و بەربەست دانان ناکات لەبەردەم رەوتی بەرەوپێشچووی کوردستان، بەڵکو تەواوی خەڵک و پێکهاتە و هیزە سیاسیەکان دەبنە پشتیوان بۆ ئهزمونی فهرمانڕهوایی دیموكراسی كوردستان.