ئەزموونی چەند ساڵی رابردوو، دەوڵەتمەداری نیچیرڤان بارزانی، كە لە لایەن دۆست و نەیارانی گەلی كوردستان بە كەسایەتییەكی سەركەوتوو و بە مرۆڤێكی خاوەن ئەتەكێت و بە دیپلۆماتكارێكی پڕ ئەزموون و نەرم ڕەفتار و خاوەن بڕیاری دروست دەبینرێت، زۆر دەمێكە ئەوەی بۆ جیهانی ناوخۆ و دەرەوە سەلماندووە، كەوا ئەو وەكو سیاسەتمەدارێكی سەركەوتوو و لە پێناو كوردستانێكی بەهێز و ئاوەدان، ئەوەی دوژمنان و داگیركەران بەردەوام هەوڵی دروستكردنی بەربەست لە بەردەم پێشكەوتن و گەشەسەندنی دروست دەكەن، نێچیرڤان ئیدریس بارزانی دیبلۆماتێك و سیاسەتمەدارێكی لێهاتووی ئەمڕۆی گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان و عێراق و ناوچەكەیە، پشت ئەستوور بەو باكگراوندە دەوڵەمەندەی كە لە خەبات و تێكۆشانی كوردپەروەرانەی باب و باپیران و مێژووی پڕ سەروەریی بنەماڵە شۆڕشگێڕەكەیەوە بۆی ماوەتەوە، جەنابیان ئەمڕۆ بووەتە ژمارەیەكی هەرە دیار و گرنگی گۆڕەپانی سیاسی و ئاشتی و ئابووری كوردستان و ناوچەكە و، جەنابیان یەكێكە لەو سەركردە لاوانەی كە هەر لە سەرەتای بەرپرسیارێتییەوە لە حزب و حكوومەت، خاوەن كاریزمایەكی نموونەیی و سەركەوتوو بووە، لە ساتە خۆش و ناخۆشەكانیشدا دا توانیووێتی بە لێهاتوویی خۆی، لە چارەسەركردنی كێشەكاندا زووبانی هەڕەشە و خۆگیڤكردنەوە و پەنجە ڕاوەشاندنی بەرانبەرەكان بگۆڕێت بۆ دیالۆگ و لێكحاڵیبوون و چارەسەری ئاشتییانە. خۆ ئەگەر پێویست بە نموونە هێنانەوەش بكات، بێشك نموونەكان لەم ڕووەوە گەلەك زۆرن، نزیكترینیان پاش لێكەوتەكانی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بوو، خەمخۆری و دڵسۆزییان بووە هۆی ئەوەی، قەوارەی هەرێمی كوردستان لەو پیلانگێڕییە هەمەلایەنەیە، كە لەلایەن گرووپی شانزەی ئۆكتۆبەر و هاوپشتەكانیانەوە بەرنامەداڕێژی بۆ كرابوو لە ناوچوون بپارێزێت! بەڵێ، جەنابیان بە هێمنی و عەقڵمەندی خۆی توانی شكست بە پیلانی پیلانگێڕان بێنێت و لەگەڵیشیدا كێشمەكێشی نێوان بەغدا و هەرێم بە تێڕوانینی حەكیمانە و دووربینی خۆی بەرەو ئاقاری هێوركردنەوە و ئارامی بەرێت، واقیعبینی و خوێندنەوەی ڕاست و دروستی بەڕێزیان بۆ ئەو كاتی دۆخەكە، بووە هۆی ئەوەی، زووبانی گفتوگۆ و دیالۆگ زاڵبێت و هەمدیس وڵاتان بێنەوە پێشەوە و پشتگیری لە هەوڵە ئاشتیخوازانەكانی بكەن، هەر ئەمەش وایكرد لە پای شەڕ و تانك و تفەنگ و چاوسووركردنەوە كوشتن و ماڵوێرانی، زمانی دیالۆگ و ئاشتی و لێكحاڵیبوون سەركەوێت، ئەم هەوڵە دیبلۆماسییەی جەنابیان ئامانجی تەواوی خۆی پێكا، ئەمڕۆش هەمووان بەرهەمی ئەو دووربینییەی جەنابیان لەسەر ژیانی یەكە یەكەی هاووڵاتییانی عێراق و كوردستان و ناوچەكەش دەبینن. لە ڕووی (وزە) و ئاوەدانییەوە، هیچ گومان لە ڕۆڵی جەنابیان نییە، ئەو پێشكەوتنانەی ئەمڕۆ لە هەرێمەكەمان لەم ڕووەوە بە دەستهاتوون، بە هەوڵ و هیمەت و دووربینی جەنابیان بووە، بەڵێ هەر سیاسەت و دووربینی جەنابیان و پارتی دیموكراتی كوردستان بوو وای كرد، هەرێمی كوردستان بچێتە نێو نەخشەی وزەی جیهانییەوە، ئەوەتانێ ئێستا ڕۆژ دوای ڕۆژ، كۆمپانیا گەورەكانی وزە و ئاوەدانی ڕوو لە هەرێمەكەمان دەكەن، ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین لەم لایەنەوە بەرهەمی ئەو سیاسەتە ڕاست و درووست و بەرچاو ڕوونییەی بەڕێزیان بووە بۆ ئەمڕۆ و ئایندەی هەرێمی كوردستان.
ئێستا كە نێچیرڤان بارزانی، بە هەمان روحیەتی پێشمەرگانەی سەرۆك بارزانی، مەزنی بە پۆستەكە دەبەخشێ و پێگەی هەرێمی كوردستان دەگەڕێنێتەوە سەردەمی زێڕینی خۆی. نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی ئێستای كوردستان و جێگری پارتی دیموكراتی كوردستان و پالێوراو بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، ماوەی چەندین ساڵە ئەزموونی حومكڕانی هەیە و لە دووای راپەڕینەوە تا ئێستا یەكێك بووە لەو كەسانەی پۆستی باڵای لە كابینە یەك لە دوا یەكەكانی حكومەت هەبووە و بە درێژای مێژوو رۆڵی كارا و گرنگی هەبووە گۆڕەپانی سیاسی كوردستاندا. نێچیرڤان بارزانی لە سەختترین كاتیدا كە كوردستان دووچاری دوژمنكاری بەغدا و ئابلۆقەی ئابووری بووەوە، ئەو لە گەڵ ستافەكەیدا شانی دایەبەر و كۆڵی نەدا، بێگومان ئەو مكوڕی و جەختكردنەوە و مانەوە بەپێوە خۆی لەخۆیدا مانای كامڵبوونی سیاسی و دەوڵەمەندی ئەزموونی نێچیرڤان بارزانییە. بە دڵنیاییەوە لە ئەركی ئایندەشیدا وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو دەبێت و دەتوانێ كۆی ئەزموون و هەژموونی كەسایەتی خۆی بۆ سەركەوتنی ئەم ئەركە قورسە دێخیتە كار. سەركەوتنی ئابووری سەربەخۆ لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی كوردستان گەیشتە لوتكە، كە بەرهەمی ئەو سیاسەتە زیرەكانە بوو كە لە رێگایەوە نێچیرڤان بارزانی دەرگای بە سەر هەموو لایەكدا كردەوە، لە ناوخۆی كوردستان و لە سەر ئاستی ئیقلیمی و نیودەوڵەتیدا.لە رۆژەكانی دوای شازدەی ئۆكتۆبەر زۆر كەس و لایەن گلەیی ئەوەیان لە نێچیرڤان بارزانی دەكرد كە زیاد لە پێویست نەرمی بەرامبەر هەڕەشەكانی عەبادی دەنوێنێ، لە هەمان كاتدا زۆر ناوەندی جیهانی و كەسایەتی سیاسی و ئەكادیمی بە سەرسوڕمانەوە لێكدانەوەیان بۆ لێدوان و هەنگاوەكانی نێچیرڤان بارزانی دەكرد بەوەی لە هەڵسوكەوت و عەقڵی سیاسیەكی رۆژهەڵاتی ناچێ و مۆدێلێكی نوێیە لە سیاسەت كردن، چونكە بە سیاسەتی نەرم و هەنگاوی لۆژیكی توانی شكست بە پیلانی چەند لایەنە لە دژی هەرێمی كوردستان بێنێ كە دەستی ناوخۆیی و رێكەوتنی ئیقلیمی و بێدەنگی نێودەوڵەتی لە پشتەوە بوو. جێی ئاماژەیە، كە هەر لە دوای سەركەوتنی مەزنی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی پەڕلەمانی عێڕاق و كوردستان و كاندید كردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت، كۆمپانیا جیهانییەكان دەستیان بە وەبەرهێنان كردۆتەوە و كۆمپانیای دیكەش هاتوون و چاوەڕوان دەكرێ كۆمپانیا گەلێكی دیكەش ڕووبكەنە كوردستان، چونكە دڵنیان كە دەرفەتی كار و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دڵنیایی لە پشتەوەیە، دڵنیایی سیاسی و ئابوری و ئەمنی. ئەوجارەیان سیاسەتی دەرگای كراوە بە هەمان بەها و تێگەیشتن و كاركردن.