پارتی هەوێنی چارەسەر.

پارتی هەوێنی چارەسەر.
ناوی كەركوك بهێندرێت ناكرێت باسی 16ئۆكتبەر و گروپی خیانەتكار نەكرێت، بۆ هەموومان رونە رادەستكردنی كەركوك بە حەشدی شەعبی لە بەرژەوەندی چەند كەسێك بوو، بێ‌ گوێ‌ دانە لێكەوتەكانی. ئەمەش وای كرد خەڵكی كورد لە پارێزگای كەركوك بكەوێتە بەر شاڵاوی تەعریب، چەوسانەوە و زوڵم لێ‌ كردن. چارەسەركردنیشی بۆتە هەنگاوێكی ئەستەم.
ئەوەی لە 16 ئۆكتۆبەر رووی دا بەرامبەر بە كەركوك، كارەساتێكی ناخ هەژێنی گەورە بوو بەرامبەر تەواوی میللەتی كورد كرا، ئەمەش وای كرد خەونەكانی كوردستانیان نەبێتە راستی، ئەوەی رووی دا بە فیتی دوژمنانی ئازادی و سەربەخۆیی كورد بوو، بە هاودەستی چەند هەل پەرستێك، چاوچنۆك و نا حاڵی لە سیاسەت رویدا، لە پێناوی بەرژەوەندی كەسی.
بێگومان دژایەتی كردنی میللەتی خۆت ریسوایی ئەنجامەكەیەتی، ئەوەی بەرامبەر كەركوك كراوە تاكو ئێستاش رۆژ بە رۆژ نەهامەتی بە دوای خۆی دەهێنێت. سوتانی دووزخورماتو تێكدانی خانوەكان، تەعریب كردن، روخانی خانوی كورد لە كەركوك، بەم دوایەش داگیركردنی خانوی كورد لە گوندی پەلكانە ئەمانە نەهامەتی گەورەن بەسەر كورد هاتوون لە ئەنجامی چاو چنۆكی.
ئەم نەهامەتیانە بەس نەبوون شەوی 30/5/2019 شەش تەقینەوەی بەدوای یەك لە كەركوك رویاندا, ئەمەش بۆتە هۆی ترس و دڵە راوكێ‌ بۆ هاووڵاتیانی ئەم شارە، لە لایەكی ترەوە گەنمی جوتیارانی كورد دەسوتێنرێت بێ‌ ئەوەی بتوانن بەرگری لە خۆیان و بەروبومەكەیان بكەن گیانی جوتیاران كراوەتە نیشان كەركوك كراوەتە شاری بێ‌ حاكم هەریەكەو بە ئارەزوی خۆی حكوم دەگێڕێت.
كەچی ئەوانەی كەركوكیان فرۆشت ئێستا خۆیان بێ‌ دەنگ كردوە لە بەرامبەر ئەو هەموو نەهامەتیانەی بەرامبەر كورد دەكرێت لەم شارە، چاویان بڕیوەتە پارتی بۆ ئەوەی بە دەنگ شارەكەوە بچێت، چونكە دەزانن خۆیان ناتوانن ئەم كیشە چارەسەر بكەن كورد دەڵێت ( نەزان بەرد دەخاتە گۆم بە سەد زانا دەر نایەت) ئەوەی لە كەركوك دەگوزەرێت هەمان رەوشە.
ئەوەی روونە حزبە كوردیەكان و وڵاتانی ناوچەكەش دەزانن لە كوردستان هیچ پرسێك بەبێ‌ پارتی چارە ناكرێت، بۆیە دەبێت پارتی وەك خاوەنی كەیسەكە هەوڵبدات ئەم كارە نەفامیە بخاتەوە سەر رێگە راستەكەی خۆی, لە پێناو دورخستنەوەی نەهامەتی لەسەر خەڵكی ئەم پارێزگایە، شۆڕشەكانی كوردستان كەركوكی لێ‌ بەدەر نەبوە بۆیە دەبێت چارەی ئەم دۆخە بكرێت.
یەكێتی باش دەزانێت پارتی بۆ پرسە نیشتیمانیەكان قسەی گروپی 16 ئۆكتۆبەر وەرناگرێت، بۆیە ئەگەر بیانەوێت پارێزگارێكی كورد لە كەركوك دابندرێت و كادری یەكێتی بێت، دەبێ‌ رازی بن بەوەی پارتی كێ‌ بە شیاو دەزانێت بۆ ئەم پۆستە، چونكە پارتی جارێكی تر رێگە نادات هیچ گروپ و كەسێك بە تەنها باڵادەست بێت.
لە بەرژەوەندی خۆیان سەودا بە گەلی كورد و گەلانی تری دانیشتوی ئەم شارە بكەن، گەڕانەوەی پارتی دیمۆكراتی كوردستان بۆ شاری كەركوك بە چارەسەرێكی ڕیشەیە بۆ ئەوەی جارێكی تر كورد ژێر پێ‌ نەكرێت، ئەوەش بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە دانانی پارێزگارێكی كوردی نیشتیمان پەروەر و پاراستنی سەروەری كەركوك بە گشت نەتەو و ئاینەكانەوە.
پارتی دەیەوێت سەرو ماڵی هاووڵاتیانی ئەم شارە بپارێزرێت و دوربن لە مەترسی و چەوسانەوە، یەكێتی و حكوەتی عێراقیش لەوە تیگەیشتون بە گەڕانەوەی پارتی و گفتۆگۆ لە گەڵیدا ئاریشەكان دێنە چارسەر كردن، چونكە ئەوانیش دەزانن پارتی حزبێكی خەمخۆری هاووڵاتایانە، رازی بوون بە مەرجەكانی پارتی بۆ كەركوك خزمەت بە دۆخی شارەكە و گشت لایەنەكان دەكات، ئەوە دەزانن تەنها پارتی هەوێنی چارەسەری كێشەی كەركوكە.



Top