تارمایی جەنگ هەڕەشە لەرۆژهەلاتی ناوەراست دەكات

تارمایی جەنگ هەڕەشە لەرۆژهەلاتی ناوەراست دەكات

زنجیرەیەك وتار و ڕاپۆرتی شیكاریم لەپایزی 2016دا و لەكاتی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا لەڕۆژنامەی خەبات و گۆڤاری خازر بڵاوكردەوە، لەو زنجیرە نوسینەمدا شرۆڤەی ستراتیژی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بەجیهان و قۆناغی ئەوكاتی دوای هەلبژاردن و ئەگەرەكانی سەركەوتنی كۆمارییەكان دەكرد و ئەوەم دەخستەروو كەولاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەستراتیژێكی نوێ زۆر جیاوازتر روو لەڕوژهەڵاتی ناوەراست دەكات و گۆرانكاری زۆر تایبەتمەند دەخوڵقێنیت، لەئێستادا بەشێكی زۆر لەو ئاماژەو پرسانەی شرۆڤەمان دەكرد بەئاشكرا دركی پێدەكرێت و ئاسۆی ملانێیەكانی رۆژهەلاتی ناوەراست زیاتر دەركەوتوون، زۆربەی پرسە ئاماژەپێكراوەكان كاریگەرییەكانیان دركی پێدەكرێت.
ئەوەی ئێستا دیارە ستراتیژە نوێیەكەی سەرۆكێكی كۆمارییە و ڕەنگدانەوەی ستراتیژی سیاسەتی سەرۆكی نوێی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە لەڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، دەرئەنجامی ئەو سیاسەتەش بەریەك كەوتنی بەرژەوەندییەكان وایكردووە كە بەهێزبوونی ململانیەكانی نێوان ئەمریكاو ئێرانیش بگاتە لوتكە، تەنانەت زۆر لەچاودیرانی سیاسی پێیانوایە كە ئەم هەنگاوانەی هەردوولا مەترسی دروستبوونی جەنگێكی بەهیز وێنادەكەن.
هەڵكشان و داكشان
ئەگەر سەرنجێك لە ململانێ بەردەوامەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا بكەین بەدرێژای چل ساڵی رابردوو هەڵكشان وداكشانی بەخۆیەوە بینوە هەر لەدوای بارمەتكردنی تیمی دیپلۆماسی ئەمریكا لەئێران لەسالی 1979و هەتا ئێستا بەبەردەوامی ناكۆكی لەنیوانیادا بەردەوام بووە
لەسەردەمی ریگن لەسالانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو تادەگاتە بۆشی باوك ئەمركیەكان سەنگەرییان بەرامبەر بەئیرانیەكان گرتبوو بەلام دواتر لەسەردەمی بیل كلینتۆن دا بەكشاندنەوەی بەشێكی هیزەكانی ئەمریكا لەكەنداو دواتر ئەنجامدانی چەندین گۆرانكاری لەسیاسەتیكردن بەرامبەر بەرۆژهەلاتی ناوەراستدا كردنەوەی دەرگای گفگۆ بەشێوازی ناراستەوخۆ هیوربوونەوەیەك هاتەكایەوە بەلام كاتێك جۆرج دەبلیو بۆش بوو بەسەرۆك كۆمار هەر زوو چەندین بریاری زۆر گرنگی دەكرد و جارێكی تر ئەمریكا وێنەیەكی تری لە سیاسەتكردن بەرامبەر بەرۆژهەلاتی ناوەراست دەستپێكرد و سەرەتا دوو جەنگی گەورەی لە ئەفغانستان و عێراق ئەنجامدا و هەژمونی ئەمریكای بەسەر ناوچەكەدا سەپاندەوەو لەماوەی دەستەلاتیدا چەند جارێك پەیامی هەرەشە ئامێزی بۆ تاران دەنارد پێیرادەگەیاند كە پێویستە رەفتارەكانیان بگوڕن و زۆرجاریش ئاسۆی جەنگ دەردەكەوت، بەپێچەوانەوە ئۆباما وەك سەرۆكی سەردەمی دوای شەڕ، ستراتیژی ئیحتیواكردنی ئاشتی بوو لەماوەكانی سەرۆكایەتی ئۆبامادا ستراتیژی ئەمریكا جیاوازبوو ، تەنانەت زۆر لەچاودیرانی سیاسی بەسەردەمی باشەكشیی ئەمریكا لەرۆژهەلاتی ناوین وێنەی دەكەن، بەلام لەدوای هەلبژاردنی دۆنالد ترامپ قۆناغێكی نوێ بۆ ئەمریكیەكان لەجیهاندا هاتە كایەوە گرژییەكانی نێوان ئەمەریكاو ئێران چووە قۆناغێكی تایبەتمەندەوە.
ئاماژەكانی جەنگ
یەكەم هەنگاو لەستراتیژی نوێ بەرامبەر ئێران لەلایەن دۆنالد ترامپ دەستی پێكرا سەرەتاش بەكشانەوەی ولاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەرێكەوتنامەی پینج كۆیەك دەستی پێكرد و دواتر سەپاندنی سزا ئابوورییەكان بەسەر ئێران و دواتریش لەڕۆژی 8-4-2019 ترامپ، بەفەرمی سوپای پاسدارانی وەكوو "ڕێكخراوێكی تیرۆریستی" ناساند و پاشانیش ڕەوانەكردنی كەشتیی فڕۆكەهەڵگری ئابراهام لینكۆڵن و فڕۆكەی بۆمهاوێژی بی ٥٢ی ئەمریكا بۆ كەنداو راگەیاند، وەك دەشزانرێت كەشتیی فڕۆكەهەڵگری ئابراهام لینكۆڵن تەنیا لەكاتی جەنگدا جوڵەی پێدەكرێت، سەردانی لەناكاوی پۆمپیۆ بۆ بەغدا و دواتر كەمكردنەوەی ئاستی دیپلۆماسی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەروونی ئەم هەنگاوانە ئاماژەیەكی روونە بۆ جەنگێكی بەهیز لەناوچەكەدا.
پیكدادانی ناراستەوخۆ
لەبەرامبەر هەنگاوەكانی ئەمریكا ئێرانیش هەرەشەی داخستنی گەروی هورمز و هەڵپەساردنی پابەندبوونی ئێران بە ڕێككەوتنی ئەتۆمی راگەیاند، ئەم دوو هەنگاوە ئێران دەیەوێت وەك چەكێك بەرامبەر بەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەكاری بهێنیت بەڵام ئێرانیەكان بەكارتێكی لەدەستچوو هەرەشە لەجیهان دەكەن.
لەلایەكی ترەوە ئەگەر بەم هەنگاوانەی هەردوولا پێكدادانی سەربازی لەنێوان ئێران و ئەمریكادا رووبدات ، ئەوە تەنیا لە چوارچێوەی جەنگێكی سنوورداردا نامێنێتەوە بەڵكوو بۆ جەنگێكی گشتگیر و سەرتاسەری لە دژی ئێران لە ناوچەكەدا دەگۆڕێت، لیرەدا ئەوەی روودەدات تەنیا ئامادەكاری هەردوولایە بۆ ترساندنی یەكتر و بەكارهێنانی جەنگێكی دەروونی بێگومان روودانی جەنگ یان روونەدانی ئامانجە سەرەكیەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەرامبەر بەئێران پێویستی بەچەند سەرنجێك هەیە كە بەكورتی ئێستا شرۆڤەی دەكەین .
مەرجەكانی ئەمریكا
زۆر لەچاودیران پێیانوایە ئامرازی سەربازی ئەمجارەی ئەمریكیەكان لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، روونتر بلێن ئەم هەنگاوانەی ئەمریكیەكان بۆ ناچاركردنی ئێرانە بۆ قبوڵكردنی بۆ مەرجەكانی ئەمریكا، رەنگە ئەم مەرجانەی ئەمریكا زیاتر لەرووی لۆژیكیەوە خۆی لەچەند خالێك كورت بكاتەوە لەوانە پێویستە ئێران تەواوی ڕەهەندە سەربازییەكانی و سیستەمی ناوەكی خۆی ئاشكرا بكات و پـیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت و ڕێگە بەپشكنینی لەناكاوی پشكێنەران بدات و سنوورێك بۆ بڵاوكردنەوەی مووشەكی بالیستی بەرنامەی موشەكەی دابنێت، دەستبەرداری حزبوڵڵا و بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی و حوسیـیەكانی یەمەن و حەشدی شەعبی بێت و پاشەكشە بەهەموو هێزەكانی خۆی وهێزەكانی ژێر فەرمانی لەسووریا بكات، لەبواری كەرتی وزەدا وەك هاوبەشێكی ئەمریكا بێت، مامەڵە بازرگانیەكانی لەگەل ئەمریكا برەوپێكات و پشت لەچین و رووسیا بكات.
وەك باسمانكرد ئەم مەرجانە مەرجی پێشوەختەی ئەمریكیەكانن بۆ گفتگۆ لەگەل ئێران، لەلایەكی تریشەوە جێبەجیكردنیان مەحال نیە، بەلام جێبەجیكردنی ئەم هەنگاوانە بۆ ئێرانیەكان دەبێتە هۆی لەدەستدانی پێگەی سیاسی لەرۆژهەلاتی ناوەراستدا، لەلایەكی ترەوە زۆر لە چاودیرانی سیاسی پێیانوایە كەمەرجەكانی ئەمریكا ئەستەمە ئێرانیەكان قبولی بكەن.
تارمای جەنگ لەئاسۆی رۆژهەلاتی ناوەراستدا ون نابێت
ئەمركیەكان هەمیشە بەوە ناسراون كەجەنگ بۆ ئاشتی دەكەن، واتا جەنگەكانیان بۆ ئەوەیە ئاشتی بەرهەم بێت و مەترسی كەم بكەنەوە لەسەر بەرژەوەندییەكانیان هەركاتێك ئێرانیەكان بەبێ جەنگ داخوازییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی جێبەجی بكات، ئەمریكا پەنا ناباتە بەر هێزی سەربازی بەتایبەتی هەرەشەكانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل و سعودیەو ئیمارات كە ستراتیژی تیرین هاوپەیمانی ئەمریكان لەرۆژهەلاتدا خالێكی سەرەكی ناكۆكیەكانە، بۆیە ناكرێت وا بەئاسانی مەترسی روودانی جەنگ برەوێتەوە، بۆیە ناكرێت بلین كە جەنگ روونادات، بەتایبەتی تا ئێستا ئێران ئامادە نەبووە هیزەكانی لەسووریا بكشێنیتەوە، بەردەوامیشە لەهاوكاریكردنی بزوتنەوەی حەماس و جیهادی فەلەستینی و حزبولای لوبنانی كە ئەمەش خالی سەرەكی ناكۆكی نیوان ئەمریكاو ئیرانەو ئەستەمیشە ئیران وەهازوو ئەم خالەیان جێبەجی بكات، بۆیە تارمای جەنگ لەئاسۆی رۆژهەلاتی ناوەراستدا ون نابێت و بەردەوام دەبێت.
جەنگ بە چ پێوەرێك دەبێت
بەپێی دواین توێژینەوە سیاسیەكان لەسەر ئاستی جیهان ئەستەمە جەنگەكە روونەدات، چونكە ئەمریكا هەموو هەولێك دەدات بۆ گەراندنەوەی هێزو شكۆی بۆ رۆژهەلاتی ناوەراست ، بەلام ئەوەی گرنگە ئایە لەچ ئاستیكدا دەبێت زۆربەی چاودیران پێیانوایە ئەگەرێكی بەهیزە ئەمریكا بەهاوكاری هەریەك لەسعودیە و ئیسرائیل و ئیمارات گورزە ئاسمانیەكانی لەئێران بوەشێنیت و پێدەچێت لەچەند رۆژی داهاتوودا ئەم هێرشانە دەست پێبكات، تارادەیەكیش گورزەكان ئامانجداربن و دیاریكراون، واتا ئامانجی ئەمركیەكان گۆرینی رژێمی ئیران نیە تەنیا سنوورداركردنی دەستەڵاتەكەیەتی، ئەگەرێكی زۆرە لەدەستپێكدا ئەمریكا چەند گوزرێكی ئاسمانی لەویزگە ئەتۆمیەكانی بۆشەهر و ارانك و بنكە سەرەكیەكانی سوپای پاسداران بوەشێنیت، ئەگەر ئێرانیەكان دەست بەگفتگۆ نەكەن ئەوكات ئەگەرێكی زۆر هەیە هێرشەئاسمانیەكان بەردەوامبن ناوچە ئابووری و دامەزراوە پیشەسازییەكانیش بكەنە ئامانج و دواتریش ناوچە هەستیارەكانی وەك كەرتی گەشتیاری و دامەزراوە حكومیەكان بكرێتە ئامانج.
ئەنجام
ئەگەر بەشێوەیەكی لۆژیكی لەرەوشەكە بروانین جەنگ هەر روودەدات، بەلام ئەگەرێكی زۆرە ئەمریكا تەنیا ویزگە ئەتۆمی و دامەزراوە سەربازییەكان بكاتە ئامانج لەقۆناغی دووەمدا گفتگۆ لەگەل ئێرانیەكاندا بكات.






* ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق








Top