مانگی رەمەزان و چەند ستراتیژێك

مانگی رەمەزان و چەند ستراتیژێك
ئایینی ئیسلام هەر عیبادەتێكی بۆ موسڵمان دانابێ، لە ژێر سێبەری مەسڵەحەتدا جێبەجێی كردووە، چونكە خوای گەورە پەرستنێكی ناوێ بۆ ژماردن و هیلاككردنی مرۆڤ، بەڵكو بۆ پاككردنەوەی دڵ و دەروون و چاككردنی مرۆڤی موسڵمان لە ڕووی ڕەوشت و ڕۆڵی لە كۆمەڵگەدا. مانگی ڕەمەزان ئەو مانگەیە كە خوای گەورە لەسەر ئۆمەتی محەمەد (د.خ) فەرزی كردووە بۆ پاڵافتەكردنی دەروون و زیاتر نزیكبوونەوە لە خوای گەورە، چاككردنی ڕەوشتی مرۆڤیش گەورەترین ئامانجێتی.
ئێمە كە میللەتی كوردین هەر بە گەیشتنی ئایینی ئیسلام بۆ سەر خاكی پیرۆزمان ڕێزی تایبەتیی پەرستنە جۆراوجۆرەكانی ئایینی ئیسلامان گرتووە، بگرە لە خۆشەویستیمان بۆ ئەم ئایینە لە هەر كوچە و كۆڵانێك، لەهەر گوند و شارێك چەندین مزگەوت و شوێنی خواپەرستنمان دروست كردووە، كە ژمارەیان زیاتر لە(6000) مزگەوتە بەپێی ئاماری وزارەتی ئەوقاف.
مانگی ڕەمەزان و ڕۆژووگرتن لە كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بگرە ئەو موناجاتەی كە بە مەڕحەبا مەڕحەبای كورد ناسراوە لە جیهانی ئیسلامی، ڕەنگی خۆی داوەتەوە، ئایینە جیاوازەكانی دیكەش لە كوردستاندا وەك كریستیانێكان ڕێزی ئەم عیبادەتە دەگرن و بەتایبەتی لە شارەكانی كوردستان بەرفتار بۆ موسڵمانان دروست دەكەن و لە جەژندا سەردانی ماڵی موسڵمانان دەكەن بۆ پێشكەشكردنی پیرۆزبایی لێیان، ئەم نموونەی پێكەوەژیانە جوانترین شانازییە كە لە باپیرانی خۆمانەوە وەك میرات بۆمان ماوەتەوە و سەرجەممان بەرپرسین لە پاراستنی و دەبێت زیاتر هەوڵی چەسپاندنی بدرێت و گەورەترین كار ئەوەیە بە ستراتیژیی تایبەت كار بۆ ئەم مەبەستە بكرێت. پێوستە لە ئەنجومەنی وەزیران فەرمانگەیەكی تایبەت هەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف بە ناوی (فەرمانگەی پێكەوەژیان و ئاشتیی كۆمەڵایەتی) چەندین پرۆژە دابنرێت بۆ پەرەپێدان و گەشەكردن و چەسپاندنی بنەماكانی پێكەوەژیان و كەسانێك لەو فەرمانگایە دابنرێن كە لەگەڵ مامۆستای ئایینی و قەشەی كڵیسە بزانن چۆن پەرە بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن لەنێوانیان بدەن و زیادی بكەن، بڕوای تەواویان هەبێت بە بابەتەكە و پسپۆڕییان هەبێت و خاوەنی دیدوتێڕوانینی ئەرێنی بن، نەك كەسانێك بكرێنە بەرپرسی تەنیا بۆ رازیكردنیان بێت و بابەتەكە و فەرمانگەگەش كوردوتەنی مرداری بكەنەوە. چونكە بابەتێكی وا هەستیار پێوەستە سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران وەك بەهایەكی نیشتمانی هەژماری بكەن.
ئەو خێرانەی لە مانگی ڕەمەزان هەن جۆراوجۆرن، بەڵام دەگێڕنەوە كە پێغەمبەری ئیسلام(د.خ) لەم مانگەدا زۆرترین دەستی هاوكاری بۆ هەژاران درێژ دەكرد، بۆیە كاری هاوكاریكردن كارێكی كاریگەرە لە ژیانی موسڵماندا بەتایبەت لە مانگی ڕەمەزاندا .
ڕۆژێكیان ئیبراهیم كوڕی ئەدهەم كە یەكێكە لە پیاوچاكان لەگەڵ كۆمەڵێ لە برادەرانی خۆی دادەنیشێت، برادەرێكیان بەتەنیشتیاندا تێدەپەڕێت، سڵاویان لێ ناكات، برادەرەكانی بە ئیبراهیم كوڕی ئەدهەم دەڵێن: سەیری ئەم برادەرەمان بكە، چۆن دەعیەو فیزی پەیدا كردووە. ئیبراهیم كوڕی ئەدهەم دەكەوێتە دوای برادەرەكەی دەڵێت: برام چییە بۆ سڵاوت لێمان نەكرد؟ كابرا وتی: قوربان لە حاڵێكدام، چاوم كەس نابینێت، خێزانم وامنداڵی بووە، هیچ شتێكم نییە لە ماڵەوە كە بیخوات، وادەگەڕێم بۆ شیرینییەك، یان لوقمەیەكی نان بیبەمەوە بۆی. ئیبراهیم كوڕی ئەدهەم گەڕایەوە بۆلای برادەرەكانی وتی: برادەران ئێمە زۆر بەهەڵەدا چووبووین بەرامبەر ئەو هاوڕێیەمان، یەكەمیان: ئاگاداری ئەو هاوڕێیەمان نەبووین كە ئەمڕۆ بە باروودۆخێكی ناڕەحەتدا تێدەپەڕێت، دووەمیان باری ئابووریی ئەو زۆر خراپەو ئێمە ئاگادار نین. بۆیە هاوڕێكانی كۆمەڵێ هاوكارییان كۆكردەوە ئیبراهیم كوڕی ئەدهەم كۆمەڵێك خۆراك و شیرینی بۆ ماڵی برادەرەكەی برد، كە گەیاندیە دەستی خێزانی برادەرەكەی بە پەرۆشەوە وەری گرت و وتی: خوایە ئەم ڕۆژە بۆ ئیبراهیم كوڕی ئەدهەم لەبیر نەكەی.
لە كوردستان خاوەنی كۆمەڵێك نازدارین كە رۆڵەی ئەنفال و خانەوادی شەهیدە سەربەرزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانن، باوەشی كوردستان ئاوارەی عێراقی و ئێرانی و سووری و چەندین وڵاتی تر لە خۆ دەگرێت، پێوستە بابەتی هاوكاری بە ستراتیژ كاری لە سەر بكرێت، ناكرێت كۆمەڵێك لایەن كە بە شەرعی نازانم، لە كەناڵی بینراو بان بیستراوەوە بانگەواز بۆ كۆكردنەوەی زەكات و سەرفیترەی ڕەمەزان بكەن، بۆ بەرژەوەندیی حزبی، یان رێكخراوەیەیی، لە هیچ وڵاتێك ئەم كارە رێگەپێدراو نییە .
دەبێت دەزگایەكی تۆكمە و سەردمیانە دابمەزرێت بۆ كۆكردنەوەی زەكات و داهاتی سەدەقە لە موسڵمانان و بگەیەندرێتە دەستی كەسانی كەمدەرامەت، نەك بدرێتە كەسانێك تیفتیفەی خۆیانی پێ بكەن و ریكلامی سابون و شامپۆ لە كەناڵەكەیان بەڕێ بكەن و دواتر بە روخساری ئیماندارییەوە فریشتەئاسا و بە قەترەی چاو فرمێسك لە چاویان بهێننە درەوە. بە ناوی خوا و ئایینەوە سەدان هەزار دیناریان لە دەوڵەمەندەكان سەندووە، ماڵی وایش هەیە نانی ئێوارەی نییە.
دەبێت لە كوردستان موسڵمانان فێری ئادابی خێركردن بكرێن و چاكەكانیان بە ستراتیژیی حزبی لە باخەڵیان دەرنەهێندرێت، ئەمە كاری دەزگای داهاتی زەكات وسەدەقاتە .

Top