وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی

وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی
ڕوانگە و ڕەهەندێکی زۆر گەشی ئەزموونی حکومڕانی کوردی و کوردستانی، گەشەو پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستانە، ئەوەی ئەمڕۆ بەریدەکەوین و لە زۆر بواردا هەستی پێدەکەین دروستبوونی ئیرادەیەکی تەندروستی کۆمەڵگەییە، ڕەووتی ڕووداوەکان بزاووتی گشتی کۆمەڵگا، گەشەی چین و توێژە جیاوازەکان تۆڕئاسا گەورەو وزەدارە، کرانەوە و هەوڵی ژیانێکی باشتر و شەرەفمەندانە خواستێکی بە کۆمەڵی خەڵکە، لە سەرجەم ناوچە و دەڤەرە جیاوازەکان ڕەنگی داوەتەوە، بە ئاستوو پلەی جیاواز، جا ئەم جیاوازی و پلەی گەشەکردنەش جێگای باس و گفتوگۆ و هێنانەبوونی ڕێگا چارەیە بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکانی ئاستی پێشکەوتن،ئەم پێشکەوتنە کۆمەڵایەتیە مژدەی وەرچەرخانی کۆمەڵگای کوردستانە، بە ئاراستەی کرانەوەی زیاتر و بازی گەورەتر بەرەو کۆمەڵگایەی هاوچەرخ و سەردەمیانە.
کۆمەڵگای کوردستان خواستی سەربەخۆیی و نوێگەری و تازەخوازییە، ئەمخواستەی لە زۆر بوار و کایەیی کۆمەڵایەتیدا بەرجەستەکردوە، مرۆڤی کورد عیشقی کەسی جوان و سیحراوی و بە هێز و بەتوانایە، چاومان لە وێنەی ئیجابی و بزوێن بۆ پێشکەوتن، بۆ ئەوەی بتوانین گوڕێکی باشتر بەڕەووتی مێژوو بدەین، ئەم ئارەزوو و خواستە خولقێنەری تۆڕێکی گەورەی وزەدارە بەرەو کۆمەڵگایەکی هاوچەرخ.
لە کوردستان دوو ئاراستە و دوو تەوژمی جیاواز و دژبەیەک هەستپێدەکرێت، تەوژمێک بە ئاراستەی وەرچەرخانی کۆمەڵگا و کرانەوە و بە گەردونی بوونی مرۆڤی کورد کاردەکات، خۆشبەختانە ئەم تەوژمە ئارەزوو و خواستی زۆرینەی خەڵکی لە پشتە. وە بەپێچەوانەشەوە تەوژمێک هەوڵی بەداخراوی هێشتنەوەی کۆمەڵگا دەدات، ڕەووت و ڕێبازگەلێک هەن دژی کرانەوەی کۆمەڵگا و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی دەوستنەوە، ئەوان بە ماسک و ڕووبەندی جیاوازەوە هەڵگری ئایدیا و فیکرێکن نامۆ بە ڕۆحی سەردەم و مەدەنیەت، ئەوەی لە بنی دێڕو پشتی ئاخافتنی ئەم هێزە دۆگما و نەریتخوازەوەیە شکست و بەرکەوتن و تێکشکانە، ئەوان نموونەی کارەکتەرێکی پاسیڤ و دواکەوتوون، بە هەستێکی ڕەخنەیی لاوازەوە لە شوێن خولقاندنی کۆمەڵگای مەرگدۆستین، تەوژمێکی بەدنیاز و کۆنەپارێز کەلە هەوڵی ڕاپێچکردنی کۆمەڵگان بەرەو ئەشکەوت، بەرەو مۆبیلیزەکردنی کولتوری بیابان، ئەوەی بە ئاشکرا هەستپێدەکرێت ڕەتکردنەوەی زۆرینەی خەڵکە بۆ ئەم پرۆژە دۆزەخئاساییە، شکستی گەورە و کەمەرشکێنی ئەم تەوژمەیە.
ماوەتەوە بڵێین: دوای زیاتر لە ٢٨ ساڵ حکومڕانی کوردی، خواست و داکاری بە کۆمەڵی خەڵک، کرانەوەی زیاتر و بازی گەورەییە بۆ پێشکەوتن و بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی سەردەمیانە و هاوچەرخ.
Top