نەبیستی پارتی و پەرۆشی یەکێتی

نەبیستی پارتی و پەرۆشی یەکێتی
دوای چەندین کۆبوونەوە و گفتۆگۆ و را گۆڕینەوە، پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتن، بەڵام وا دیارە پەرۆشی یەکێتی بۆ کەرکوک، ببوورن بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک جارێکی تریش رێککەوتنەکە دەخاتە نێو گێژاوی سیاسی، ئەوەتا یەکێتی جارێکی تریش پۆستی پارێزگاری کەرکوکی هێناوەتەوە بەر باس و پێی وایە ئەو پۆستە نابێ چیتر لە دەستی عەرەبدا بێ و دەبێ بدرێتەوە کورد و لەناو کوردیشدا بۆ یەکێتی بێ، ئەوە لە کاتێکدایە یەکێتی لەگەڵ (راکان سەعید) رێککەوتووە تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەو پارێزگاری کەرکوک بێت، پارتیش لە سەر نەبیستی خۆی سوورە و داواکەی یەکێتی جێبەجێ ناکات.
لێرەوە داوا لە پارتی دەکەم واز لە سیاسەتی نەبیستی بێنێ و یەکێتی چی دەڵێ وا بکات، بەوەش یەکێتی ناچار دەبێ واز لە داواکاری وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ کورد و لەناو کوردیشدا بۆ یەکێتی بێنێ، چونکە لە بارودۆخێکی وادا کە کەرکوک لە رووی سیاسی و سەربازی داگیر کراوە عەرەب و تورکمان بەو داوایە رازی نابن، ئەوکات کورد گوتەنی: ئەوەی بن بەڕە دێتە سەر بەڕە.
گریمان عەرەب و تورکمان رازی بوون و پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ یەکێتێ گەڕایەوە، دەپرسم: لە دۆخیکی وادا کە کەرکوک لەژێر هەژموونی سەربازیدایە، پارێزگار جگە لە رۆبۆتێک بەدەست حەشدی شەعبی و سوپای عێراق چیتر دەبێ؟! ئەوکات یەکێتی ئەو بیانووەشی دەبڕێ و دەبێ ددان بەوەدا بنێ کە ئەوەی لە کەرکوک روودادات بەرهەمی ١٦ی ئۆکتۆبەرە و ئەوەی راکان سەعید لە پرۆسەی تەعریب و ئیهانە کردنی کورد لە کەرکوک دەیکات، حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە پارێزگارە کورد و یەکێتیەکەی دەکەن.
Top