کێشەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان ...

کێشەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان ...
لە وەتەى (١٦) ى ئوکتوبەرە شومەکەوە ، پلانە دوژمنکارانەى شوڤینیستەکان کاراکراونەتەوە دژ بە خاک و مانەوەى گەلەکەمان لە زێدى باب و باپیرانماندا بەتایبەتى لە کەرکو کدا ، نەهامەتییەکان بەرووکى ئێمەیان گرتووە ، بۆیە لەم ڕوژانەدا ، رێزدار (نێچیرڤان بارزانى ) سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە چارەسەرکردنى کێشەى ناوچەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان بەپێی ماددەى ١٤٠ ى دەستورى عیراقى و چەند پرسیکى گرنگى دیکە ى پەیوەندیدار بە بوارى کارە فریاگوزەرەکان ، نامەیەکى ئاراستەى نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنى ئاسایشى نێونەتەوەیی کرد ، ،ئەو هەنگاوە زور شیاو و شایەستە بوو و وەلامى ئەرێنیشى لێکەوتەوە نەخاسمە لە ئاستى ماددەى (١٤٠) ەوە ، مەبەست لەو نامەیە ئەوەبوو تاکو چارەسەرى کێشەى ئەو بەشەى نیشتیمانەکەمان تەنها لە چوارچێوەى هەولەکانى هەرێمى کوردستان و عیراقدا قەتیسنەکرێتەوە ، بەڵکو بە (نێونەتەوەیی) بکرێت ، لە لایەکى دیکەوە پەیوەندى و جموجوڵى شاندەکانى حکومەت و پارلەمانى کوردستان لە گەڵ دام و دەزگاکانى حکومەتى بەغدا ، لە بارەى رێگریکردن و ڕاگرتنى پروسەى قێزەوەنى تەعریب و ڕاگواستنى سەر لە نوێی کوردانى کەرکوک و خانەقین و دەوروبەرەکەیان وەک دەرنجامێکى کەتنە نیشتیمانییەکەى (١٦) ى ئوکتوبەرى ساڵى ٢٠١٧ ، کارو چالاکى ئەرێنین ، بۆیە پێویستە لەمەو دوا کێشەکانى هەلواسراوو هەلمەتەکانى دژ بەگەلەکەمان لە هەموو ئاستەکاندا ببێتە ئەرکى فەرمى و پێشینەى حکومەت و پارلەمانى کوردستان نەک حزبەکان ، بەڵکو ئەرکى حزبەکان بریتیی دەبێت لە هاوکارى و پشتیوانیکردنى ئەو هەولانە .ئەوەى جێگاى داخە لە ئاستى ئەو هەمو پێشێلکارییە دەستوریانە دەرحەق بە مافە رەواکانى گەلەکەمان هەندێ لەو کەسانەى بە ناوى کوردەوە پلەو پایەیان وەرگرتووە لە بەغدا بێدەنگى دەنوێنن یان ڕووکەشانە و شەرمنانە هەندێ ووشەى بریقەدار دادەڕێژن . بۆیە پێویستە شان بەشانى بزاوتە فەرمییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان راست و ڕەوایە وەک پشتیوانییەکیش دەبێت بۆ ئەو بزاوتە ، کومەڵانى خەڵکى کوردستان لە نێو خۆى هەرێم و بەتایبەتیتر لە ناوچەکانى دەرەوەى هەرێم بە شێوازى (خوپێشاندان و مانگرتنى مەدەنییانە) ڕووبەڕووى پلانە چەپەڵەکانى داگیرکەران ببنەوە .
Top