رەمەزان مانگی خێر و لێخۆشبوون لە موسڵمانان

رەمەزان  مانگی خێر و لێخۆشبوون لە موسڵمانان
سەرەتا بەناوی خۆم و سەرجەم زاناو مامۆستایانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە پیرۆزباییەكی گەرم لە موسڵمانان بەگشتی و گەلی كورد دەكەم بەبۆنەی مانگی پیرۆزی رەمەزانەوە، كە مانگی خێرو خۆشی و بەرەكەتە و لە مانگەكانی دیكە جیاوازییەكی گەورەی هەیە، لەم مانگەدا خودای گەورەو میهرەبان ئاشتی و خێرو خۆشی بۆ موسڵمانان دەهێنێت و لە هەموو شوێن و ناوچەیەكی سەر ئەم زەمینەدا ماڵەكان ئاوەدان دەبنەوەو خۆشی و خۆشەویستی بەسەر خێزان و موسڵماناندا دەڕژێنێت.
خودای گەورە ئەم مانگەی بۆ مرۆڤایەتی و ئوممەتی محەمەد (د.خ) كردووەتە خەڵات و بەخششێك و دەرفەتێكی گەورە تاوەكو لەم مانگەدا چەند ئامانجێك بەدی بێت كە گرنگترینیان ناسین و نزیكبوونەوەی زیاتری ئوممەتەكەیەتی لە خوای گەورە، بەڕادەیەك لەم مانگەدا خوای گەورە بەندەكانی دەخاتە ریزی فریشتەكانییەوە، خوای گەورە كە خاوەنی چەند بەندەیەكە یەكێك لەوانە فریشتەكانن كە هەمیشە پابەندو فەرمانداریی خوای گەورەو میهرەبانن، هەروەكو خوای گەورەو میهرەبان لەقورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: (لا يَعصونَ اللهَ ما أمَرَهُم ويَفعلونَ ما يُؤمَرونَ) واتا هەرچی خودا فەرمانیان پێ بكات هەر ئەوە دەكەن و لەوە زیاتر هیچی دی ناكەن، فریشتەكانیش نەخواردن دەخۆن و نەخواردنەوە دەخۆنەوەو هیچ ئارەزوویەك جێبەجێ ناكەن.
كاتێك بەندەكانی خوا لە خواردن و خواردنەوە دوور دەكەونەوەو بەسەر هەموو ئارەزووەكانی خۆیاندا زاڵ دەبن و خوداپەرستی دەكەن ئەوە بەندەكانی وەكو فریشتەكان لەخۆی نزیك دەكاتەوە، هەربۆیە لەم مانگەدا لە هەموو كات زیاتر ئومەتەكەی لە خوای گەورەو میهرەبان نزیك دەبێتەوە. یەكێك لە سوودەكانی دیكەی مانگی پیرۆزی رەمەزان یەكسانبوون و دادپەروەرییە لەنێوان هەموو خەڵكیدا لەناو كۆمەڵگەی موسڵماناندا بەدەوڵەمەندو هەژارو گەنج و بەتەمەن و بەتواناو بێ تواناوە، هەمووان پێكەوە برسی دەبن و هەست بەئازاری برسی بوون و تینوێتی دەكەن، دەوڵەمەندەكان لەم مانگەدا هەست بەبرسێتیی هەژارەكان دەكەن و بەتواناكان هەست بە بێ تواناكان دەكەن واتا لەم مانگەدا چین و توێژو كەسەكان لێكتر نزیك دەبنەوەو هەستی زیاتر بەئازارو پێداویستیەكانی یەكدی دەكەن و دەستی یارمەتی بۆ یەكدی درێژ دەكەن.
خەڵكی كوردی موسڵمانیش لەم مانگەدا زیاتر دەستی كراوەیە بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی هەژارو لێقەوماوان لەم مانگەدا هەر لە سەرفترەو زەكاتەوە تاوەكو یارمەتیدانی كەسوكارو خەڵكی هەژار، چونكە لەم مانگەدا خێرو بێر چەند بارەیە، ئەوەتا فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) هەیە دەفەرمووێت: (یەك نوێژی فەرز لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا خێری 70 نوێژی فەرزی هەیە) بێگومان ئەمەش بۆ خێرو هاوكاریی هەژارو نەخۆش و لێقەوماوانیش هەروایە، یەك دیناری خێر لەبەرامبەر 700 دینارە، هەر لەم روانگەیەوەیە لەناو موسڵمانان بەگشتی و كوردی موسڵمانی كوردستانی باشوور زەكات و سەرفترەو خێر هەمووی دەخرێتە ئەم مانگەوە، ئەم خێرو یارمەتیدانانەش هۆكارێكە بەوەی موسڵمانان زیاتر لەگەڵ یەكتردا ئاشت ببنەوە و یەكتریان زیاتر خۆش بووێت و دڵسۆزی و ئاشنایەتی پەیدا دەبێت، بەمشێوەیە مانگی پیرۆزی رەمەزان چەندین سوودی لەناو موسڵماناندا هەیە لە هەمووشی گرنگتر خودای گەورەو میهرەبان ئەم مانگەی بۆ لێخۆشبوون داناوە هەر كەسێك لەناو ئومەتی پێغەمبەردا لە مانگەكانی دیكەدا گیرۆدەی گوناهێك بووبێت دەتوانێت لەم مانگەدا تۆبە بكات و خوای گەورە لێی خۆش بێت، چونكە فەرموودەیەكی پێغەمبەر (د.خ) هەیە باسی ئەوە دەكات خوای گەورە لەبەربانگ لە ژمارەیەكی زۆری موسڵمانان لەئاگری جەهەننەم لێیان خۆش دەبێت، لەمەش گرنگتر ئاخر 10 شەوەكەی مانگی پیرۆزی رەمەزان بە ئەندازەی هەموو مانگەكەی رەمەزانی پیرۆز لە ئومەتەكەی خۆش دەبێت، بەتایبەتی لەشەوی قەدردا خوای گەورە دەفەرمووێت (تنزل الملائكة والروح فيها بإذن ربهم من كل أمر)، هەروەها پێغەمبەر (د.خ) لە فەرموودەیەكیدا باسی شەوی قەدر دەكات و دەفەرمووێت: لە شەوی قەدر فریشتەكان لە حەزرەتی جوبرائیل دەپرسن خوای گەورە لەم مانگەدا لە كێ خۆش نابێت، یەكێك لەوانەی خوای گەورە لێی خۆش نابێت ئەوانەن كە دڵیان پڕ لە قین و رقە بەرامبەر خەڵك، یەكێكی تر ئەوانەن كە دوژمنایەتییان لەگەڵ خەڵكیدا هەیە، هەر بۆیە ئەوانەی دەیانەوێت خوای گەورە لەم مانگەدا لێیان خۆش بێت ئەوانەن دڵی خەڵكی ئازار نادەن و بەرامبەر خەڵك بەرەحم و بەزەیین و باوك و دایكی خۆی ئازار نەدات و هاوبەش بۆ خودای گەورەو میهرەبان دروست نەكات، بێگومان ئەمە هەموو گروپ و حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش دەگرێتەوە.
لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا ئەركی سەرشانی حزبەكانە لەگەڵ یەكدی تەباو برا بن و یەكڕیزیی نێوماڵی كورد بپارێزن، ئێستاش كە لە سەروبەندی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانین ئومێدەوارم و لەخوای گەورەو میهرەبان دەپاڕێینەوە كە یەكگرتوویی و یەكڕیزیی ئەم گەلە بپارێزیت و حزبەكانیش لەناوخۆیاندا هەروا یەكڕیز و تەبا بن و دەستیان لەناو دەستی یەكتردا بێت و حورمەتی یەكتر بگرن و بێڕێزی بەرامبەر یەكتر نەكەن و یەك هەڵوێست و یەك دەست بن، بۆ ئەوەی لەم مانگەدا وەكو باسم كرد ببێتە مانگی خێرو بەرەكەت و ئاشتی و خۆشی پێویستە موسڵمانان و حزبەكانی كوردستان و هەموو چین و توێژەكانی دیكە بەرامبەر یەكتر بەرەحم و بەزەیی بن و رێز لەیەكدی بگرن و لەیەكدی نزیك ببنەوە نەوەكو بەرق و قین لەیەكدی دوور بكەونەوەو یەكڕیزی و تەبایی نێوان موسڵمانان تێكبچێت.
گەلی كوردی موسڵمان سەردەمێكی زۆرە زوڵمی لێدەكرێت و ستەمی بەرامبەر دەكرێت، بۆ ئەوەی خوای گەورەو میهرەبان پشت و پەنای موسڵمانان بێت پێویستە ئێمەش لەناوخۆماندا یەك ڕیز و تەبا بین و یەكدیمان خۆش بووێت و حزبەكان برا بن و بەزووترین كات حكومەت پێكبهێنرێت بۆ خزمەتكردنی هاونشتمانیان و بنبڕكردنی گەندەڵی و ناپاكی و نادادپەروەری. هەر خۆی لەخۆیدا ئامانجی مانگی رەمەزانی پیرۆز ئەوەیە خەڵك بەهۆی مانگی پیرۆزی رەمەزان خۆشگوزەران بێت و دڵ و دەروونی ئاسوودە بێت و دەستی كراوە بێت بۆ هاوكاری و پاڵپشتیكردنی لێقەوماوان و هەژاران. هەر بۆیە داواكارم لەم مانگەدا هەموو كەسێك دوكاندارو كاسبكارو چین و توێژەكانی ناو كۆمەڵگەو حزبەكان و حكومەت و دەوڵەمەندو هەژار و هەر كەسەو لایەنێك بەپێی بەرپرسیارێتیی خۆی رێز لەمانگی پیرۆزی رەمەزان بگرن.
Top