کوردستان لە ناوجەرگەی ململانێکاندا

کوردستان لە ناوجەرگەی ململانێکاندا
گۆڕانکاریی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا ڕوودەدەن و لە ئەنجامدا کاریگەریی خۆیان لەسەر سیستەمی سیاسی و ئابووریی ناوچەکە بۆ ساڵانێکی دوورو درێژ دادەڕێژن.
کاریگەریی و لێکەوتەکانی ئەو ڕاپەڕین وشۆڕشانەی لە بەهاری ٢٠١١ لە تونس دەستیانپێکرد و بە (بەهاری عەرەبی) ناسران و دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی وکۆمەڵایەتی لە میسر و سوریا و لیبیا و دواتر یەمەن و جەزائر و سودانیان هەژاند هێشتا بەردەوامە. دۆخی ناجێگیری عێراق و ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکە و ململانێی نێوان ئەم وڵاتە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و دۆخی تورکیا و ڕۆڵی حیزبوڵای لوبنانی لەناو خودی لوبنان و ڕۆڵی ئیسرائیل و ڕووسیا و ململانێی شیعە و سوننە دۆخێکی ئەوتۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا دروستکردووە کە لە مێژووی ناوچەکەدا وێنەی نییە. سیما و خەسڵەتەکانی ئەم ساتە، لە ڕووی گرنگییان و کاریگەرییان لەسەر داهاتووی وڵاتانی ناوچەکە و بگرە جیهانیش، ئەوەمان پێدەڵێن کە ئەو نەخشە سیاسییەی (مەرج نییە گۆڕینی سنوورەکان لە خۆبگرێت) دوای یەکلابوونەوەی ململانێکان دێتە ئاراوە زۆر جیاواز دەبێت لەوەی ئێستا هەیە. دەشێت، لە هەموو ڕوویەکەوە، وەک ساتێک یان وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ مامەڵەی لە تەکدا بکەین. وەک ئەحمەد داود ئۆغلۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا و سەرۆکی پێشووی ئاکپارتی لە کاردانەوەیدا بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکانی تورکیا لە ٣١ی ئازاردا، لە ڕۆژی ٢٢ی نیسان دا لە ئاکاونتی فەیسبووکی خۆی نوسیبووی: (ئەو قەیرانانەی لەم دواییانەدا لەسەر ئاستی نیشتمانی و هەرێمی و نێودەوڵەتی ڕوودەدەن، بریتین لە ژانی لەدایکبوون لە منداڵدانی مێژوودا).
بە واتایەکی دیكە، ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە وەرچەرخانێکی مێژووییدا یان وەک پرۆفێسۆر داود ئۆغلۆ دەڵێت بە ساتێکی مێژوویی گرنگدا تێدەپەڕێت. وەک هەموو وەرچەرخانێکی دیكەی مێژوویی کە ڕوویداوە، ئەمەشیان دەکرێت دەرفەتڕەخسێن بێت بۆ هەندێک و ماڵوێرانکەریش بێت بۆ هەندێکی دی. بێگومان خەمی داودۆغلۆ ئاییندەی تورکیایە و ڕۆڵ و شێوازی مامەڵەکردنی تورکیایە لە گەڵ ئەو دەرفەت و هەڕەشە و مەترسییانەی دۆخێکی وا بۆ تورکیای دەخوڵقێنێ. ئێمەش بەشێکین لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئەو ساتە مێژووییە چەندە گرنگە بۆ داهاتووی تورکیایەکی گەورەی خاوەن پێگە و دەسەڵات، کە ڕەنگە ئەو دەسەڵات و پێگەیە توانای ئەوەی پێببەخشێت کە چالاکانەتر وکاریگەرتر ئیدارەی ڕووداوەکانی ساتە مێژووییەکە بکات، ئەوا کارتێکردن و دەرهاویشتەی تەوژمی گۆڕانکارییەکانی سات یان وەرچەرخانە مێژووییەکە لەسەر ئێمە و بۆ ئێمە یەکجار کاریگەرتر دەبێت. پێویستە ئێمەش، بە تایبەتی ئەوانەی لە ناوەندی بڕیاری سیاسیدان، هەوڵبدەین شیکردنەوەی ورد و واقیعییانە و بابەتییانە، لەبەر ڕۆشنایی پێگە و هێزی خۆماندا، بۆ دۆخەکە بکەین و تاوتوێی هەڕەشە و دەرفەتەکان بکەین.
با سەرنجێک بدەیەنە تەنیا چەند پەرەگرافێکی سەرەتای وتارەکەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا و لە باری سەرنج و گۆشەنیگای ئەوەوە سەیرێکی دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناڤین بکەین. داودۆغلۆ دەڵێت:
(گرنگیی ساتێکی مێژوویی دیاریکراو خۆی لە تەوژمی ئەو ڕووداوانەدا بەرجەستە دەکات کە لەو ساتەدا ڕوودەدەن. لە داهاتوودا، جیاوازیی بنەڕەتی دەردەکەوێت لەنێوان ئەوانەی دەتوانن ئیدارەی ئەم تەوژمە بکەن لە ڕێگای تێگەیشتنیان لە گرنگیی ساتە مێژووییەکە و ئەوانەی ئەم تەوژمە پەلکێشیان دەکات و بە ئاقاری دیكەدا دەیانبات بەهۆی خۆدوورخستنەوەیان لە تێگەیشتنی گرنگیی ڕاستەقینەی ساتە مێژووییەکە.
ئەو وڵاتانەی دیدێک دادەڕێژن کە لەگەڵ سروشتی ساتە مێژووییەکەدا دەگونجێ، لە ڕێگای گرتنەبەری ڕێڕەوێکی تۆکمەوە کە ناکۆکییە نێوخۆییەکان وەلادەنێ، دەبنە خاوەن هێزێکی ئەوتۆ کە ئایندەیان بۆ دەیان ساڵ و بگرە بۆ سەدەکانی داهاتووش دادەڕێژێت، بەڵام ئەو وڵاتانەی وزەی خۆیان لە ناکۆکییە نێوخۆییە بەتاڵەکاندا بەفیڕۆ دەدەن، دەبنە نوێنەری لایەنان و تاقمانی نێگەتیڤی نێو کاروانی مێژوو.
ئەو قەیرانانەی لەم دواییانەدا کە لەسەر ئاستی نیشتمانی و هەرێمی و نێودەوڵەتی ڕوویانداوە بریتین لە ژانی لەدایکبوون لە منداڵدانی مێژوودا).
جەیمس ڕۆبینسۆن و دارۆن ئاسمۆگلۆ لە کتێبە شاکارەکەیاندا (بۆچی نەتەوەكان شکستدەهێنن)، پێداگریی لەسەر گرنگی ساتی مێژوویی یان وەرچەرخانی مێژوویی دەکەن لە ژیانی وڵات و نەتەوەداو ئاست و شێوازی سودوەرگرتن لە وەرچەرخانە مێژووییەکان دەگێڕنەوە بۆ سروشتی دەزگایانی سیاسیی نەتەوە و لایان وایە کە دەکرێت ئەو گۆڕانکاریی و ئاڵوگۆڕانەی ڕوودەدەن دەرفەتی کرانەوە و بەرەوپێشچوون و پەرەپێدان بۆ دەزگا سیاسی و ئابوورییەکان بڕەخسێنن، لە هەمان کاتدا، گەر ژیرانە لە سروشت و بەرژەوەندی و کاریگەریی ئەو هێزانەی ئەکتەری سەرەکی ساتە مێژووییەکەن نەگەین و کاریگەریی کورتخایەن و درێژخایەنی گۆڕانکارییەکان لەسەر پێگە و بەرژەوەندیی خۆمان هەڵنەسەنگێنین، ڕەنگە وەک باسمانکرد لەبری ئەوەی دەرفەتڕەخسێن بن ببنە هۆی ماڵوێرانی و کاری یەکجار نێگەتیڤ بکاتە سەر داهاتوومان. ڕۆبینسۆن و ئاسمۆگلۆ دەڵێن:
(وەرچەرخانی مێژوویی شمشێرێکی دوو سەرە، کە دەبێتە هۆی وەرچەرخانی خێرا لە ڕێڕەوی نەتەوەیەکدا. لە لایەکەوە، دەتوانێت ڕێگاخۆشکاری پچڕاندنی بازنەی دەزگا چەوسێنەرەکان و سەرهەڵدانی دەزگایانی زیاتر کراوە بێت، هەروەک لە ئینگلتەرەدا ڕوویدا. دەشتوانێت سەرهەڵدان و بوونی دەزگایانی چەوسێنەر چڕتر بکاتەوە، هەر وەک ئەو حاڵەتەی لە سەردەمی کۆیلایەتی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا ڕوویدا).
لە ماوەی تەنیا سی ساڵی ڕابوردودا، ئەم بەشەی کوردستانی ئێمە بە سێ ساتی مێژوویی گرنگدا تێپەڕیوە و تەوژمی ڕووداوەکانی ئەو ساتانە سنووری ئەم بەشەی کوردستانیشی تێپەڕاندووە و مۆرکیان لەسەر بونیادی سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی ئێستا و داهاتووش داناوە. هەر سێ ساتە مێژووییەکان جەنگ دروستیکردن، بە هەمان شێوەی بەشێکی زۆری ئەو ساتە مێژووییانەی لە کۆندا هاتوونەتە ئاراوە.
لە ساڵی ١٩٩١ دا، جەنگی ڕزگاریی کوەیت و ڕاپەڕین و ئاوارەبوونی خەڵکی باشووری کوردستان و بڕیاری ٦٨٨ ی ئەنجوومەنی ئاسایش، ساتێکی مێژوویی گرنگیان خوڵقاند، وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە مەگەر جەنگی یەکەمی جیهانی لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە و جەنگی دووەمی جیهانی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ساتە مێژووییانەیان بۆ گەلی کورد لەم بەشەی کوردستان دا خوڵقاندبێت. لە کاتێکدا نەتەوەی کورد تا ئێستاش تاڵاوی سوود وەرنەگرتنمان لەو دوو ساتە مێژووییە گرنگانە دەنۆشی کە هەردوو جەنگی جیهانی دروستیکردن، توانیمان تا ئاستێکی باش سوود لەو دەرفەتە وەربگرین کە لە ساڵی ١٩٩١ هاتەئاراوە، هەرچەندە دەکرا و دەبوایە زۆر باشتر ئەو دەرفەتەمان بۆ دامەزراندنی دەزگایانی سەردەمیانە و کراوە و بنیاتنانی سیستەمێکی باشتری حوکمڕانی بەکاربهێنایە. جەنگی ئازادی ساڵی ٢٠٠٣ کە بووەهۆی ڕووخانی ڕژێمی بەعس و نووسینەوەی دەستووری فیدراڵی و بە فەرمی ناساندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوود وەرگرتن بوو لەو دەرفەتە. جەنگی دژی داعش و بە نێودەوڵەتیکردنی ڕۆڵی پێشمەرگە و ڕیفراندۆم، دیسانەوە ساتێکی مێژوویی گرنگ بوو کە گەر ناتەبایی نێوخۆ نەبایە ڕەنگە دۆزی ڕەوای ئێمە قۆناخێکی تر بچوایەتە پێشەوە. هێشتا ئەو دۆخەی بە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی هاتە ئاراوە، لە شێواز و فۆرمێکی دیكەدا بەردەوامە. ناکۆکییەکانی ئەمەریکا و ئێران بەرە و قوڵبوونەوەی زیاتر ملدەنێن. ڕووسیا لە ڕێگەی سەرکەوتنی لە هێشتنەوەی ڕژێمی سووریا و پەلکێشانی زیاتری لە بواری کۆنترۆڵ و مۆنۆپۆڵی بازاڕی وزە، بە تایبەتی غازی سروشتی ڕۆڵی زیاتر و کاریگەرتر دەبێت لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا و چین وەک ڕکابەری سەرەکیی ئەمەریکا لە جیهاندا لە ئاییندەیەکی نزیکدا، لە ڕێگەی فراونکردنی پێگەی ئابووری و دواتریش سەربازی و سیاسی و لە ڕێگەی دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگای ئەم سەردەمە کە زیندووکردنەوەی ئامانج و ویست و خواستەکانی سەردەمی ڕێگای ئاوریشمە، دوای ئەوەی لە کیشوەری ئەفەریقادا ڕەگی بەهێزی داکوتاوە، لە هەوڵی بەردەوامدایە تا ڕۆژهەڵاتی ناڤین بکاتە بنکەیەکی بەهێزی دابینکاری وزە و کەرەسەی خاو و لە هەمانکاتیشدا بازاڕێکی گرنگی ئابووری بۆ وڵاتەکەی. هەر یەک لەم جەمسەر و لایەن و ناوەندە سیاسی و ئابووری و سەربازییە گەورە و زەبەلاحانە لە هەوڵی ئاڕاستەکردنی تەوژم و شەپۆلی زریانی گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی ئەم ساتە مێژووییەن بە ئاڕاستەی پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی وحزبی و شەخسییەکانی خۆیان.
وەک وتمان، ئێمەش بەشێکین لەم ناوچە گرنگ و ناسەقامگیرەی جیهان و ڕووداوەکانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کارمان تێدەکەن. لەبەر ئەوەی تەنیا نەتەوەی سەرەکی ژێردەستەین لەم ناوچەیەدا، دەبێت هەمیشە لە خەم و فیکر و هەوڵی ئەوەدا بین بە باشترین شێوە سوود لە دەرفەتی ساتە مێژووییەکە وەگرین و خۆمان بگەیەنینە ئاستی سیاسی سێ نەتەوەکەی دیكە کە عەرەب و تورک فارسن. لە هەمانکاتدا هەڕەشە و مەترسییەکانی سەرمان کەمبکەینەوە. ئایا لە ناوجەرگەی ئەم بورکانەدا ئێمە دەبێت چی بکەین؟
سەرۆک مسعود بارزانی لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا و لە میانەی باسکردنی دۆخی ئەمڕۆی ناوچەکە و ڕۆڵ و ئەرکی هەرێمی کوردستان بە گشتی و هی پارتی بەتایبەتی لە (ئیدارەدان)ی دۆخەکە وتی: (دەبێت هەوڵبدەین بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان لە گۆڕانکارییەکاندا بپارێزین و گەر نەمانتوانی هەوڵبدەین بە لایەنی کەمەوە خەڵکی کوردستان زەرەر نەکەن). ئەمە ئەو ئەرکە یان پەیامەیە کە دەبێت لەم قۆناخەدا جێبەجێبکرێت تا خزمەتی دیدێکی گشتگیرتر و درێژخایەنتر بکات کە (ئازادیی گەلی کوردستانە لە ڕێگەی دامەزراندنی دەوڵەتەوە). بە واتایەکی دیكە ئەوەی کاک مسعود دەخوازێت دانانی ستراتیژییە لە بوارە جیاوازەکانی ئیدارەدانی دۆخ یان ساتە مێژووییەکە. ستراتیژیش لە ڕێگەی پلانەکان و پلانەکانیش دەکرێت لە ڕێگەی لەبەرچاوگرتنی چەندین ئەگەر و سیناریۆ ( پلانی ئەی و بی و سی و هتد) جێبەجێبکرێن.
ئێمە هەموو کات پێویستمان بە بوونی دید و پەیام و ستراتیژ و پلان و پرۆژە هەیە لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێم و حزب و دەزگا جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان. زۆر پێویستە (وەک حزب) زۆرترین ژمارەی ئەندامان و لایەنگرانی حزب و (وەک حکومەت) زۆرترین ژمارەی دەزگا جیاوازەکان و گروپە بەرژەوەند جیاوازەکان و تاکەکانی کۆمەڵگا بەشداریی پێبکەین لە گەڵاڵەکردنی دید و پەیام و ستراتیژ و پلانەکاندا دەبێت زۆرترین ژمارە و فراوانترین کەرت و توێژەکان بکرێنە خاوەن ئەو ستراتیژ و پلان و پرۆژانە و وایان لێبکرێت بەشداریی کارا لە جێبەجێکردن و پاراستن و بەردەوامییان بدەن. یەکێک لەو کێشە و گرفتانەی حکومەت و کۆمەڵگای کوردستان دووچاری بوون، لاوازیی ئینتیمایە بۆ خاک و نەتەوە و بۆ دەزگا جیاوازەکانی دەوڵەت و ئەو یاسا و ڕێسایانەی کاروباری بەڕێوەبردن و پاراستنی هەرێم ڕێکدەخەن. خەریکە ئینتیما بۆ هۆز و حزب جێگەی ئەو ئینتیما فراوان و گشتگیرە دەگرێتەوە.
پرسیارە گرنگ و گەورەکە ئەوەیە: ئایا لەم ساتە مێژووییە گرنگەدا کە ناوچەکە لە ژانی لە دایکبوونێکی نوێدایە، پێویستە ئێمە چی بکەین بۆ ئەوەی بتوانین گۆڕانکارییەکان لە هەڕەشەوە بگۆڕین بۆ دەرفەت یان هەر هیچ نەبێت تەوژمی گۆڕانکارییەکان لاڕێمان نەکەن و تووشی هەڵدێرمان نەکەن.
بەر لەوەی بڕیار لەسەر ئامانج و ستراتیژ و پلانەکانمان بدەین دەربارەی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ڕووداو و گۆڕانکارییەکان، پێویستە لە خۆمانەوە دەستپێبکەین دواتر بەرەو دەرەوە بڕۆین. پێویستە خۆمان بناسین ئەویش بە زانینی هێز و لاوازییەکانمان و لە دەرەوەی خۆشمان سروشت و ئاستی دەرفەت و هەڕەشەکان بدەینە بەر تیشکی هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوە و توانا نێوخۆییەکانمان زیاد و لاوازییەکانمان کەمتر بکەین تا گەورەترین سوود لە دەرفەتەکان وەرگرین هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانمان کەمکەینەوە.
تەکنیکێکی زۆر باو و کارپێکراو لە بواری داڕشتنی ستراتیژ و پلانی کاری بیزنیز دا بریتییە لە (SWOT) کە کورتکراوەی (Strengths, Weaknesses, Opportunities, Threats)، بە کوردییەکەی دەبێتە (تواناکان، لاوازییەکان، دەرفەتەکان، هەڕەشەکان). توانا و لاوازییەکان زیاتر پەیوەندییان بە دۆخی نێوخۆوە هەیە و ئامادەی دەکەن بۆ ئەوەی هەڕەشە و مەترسییەکان کەمبکاتەوە و باشترین سوود لە دەرفەتە ڕەخساوەکان وەربگیرێ. لەم تەکنیکەی دانانی سیتراتیژدا، دەزگاکە یان لایەنەکە ، دەبێت لەگەڵ خۆیدا ڕاستگۆ بێت و زۆرترین ژمارەی ئەوانەی پێیان دەوترێت (stakeholders) یان بەرژەوەنداران بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن.
فاکتەرە نێوخۆییەکان
هێز یان توانا: بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت نەک تەنیا ڕووبەڕووی ئەو کۆسپ و تەحەدا و هەڕەشانە ببێتەوە کە ئەم دۆخەی پێیدا تێدەپەڕین و بە ساتی مێژوویی ناومان برد، بەڵکو بۆ ئەوەی بتوانێت ئیدارەیەکی چالاکی گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕەکان بە شێوەیەک بکات کە خەڵکی کوردستان تیایدا سوودمەند بن، دەبێت ئازایانە و زانستیانە و واقیعیانە ئاستی هێز و تواناکانمان بزانین. ئایا لە ڕووی سەربازی و ئابووری و سیاسی و پێگە و هەڵکەوتەی جیۆپۆلیتیکی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و کەرت و لایەنەکانی دیكەدا ئاست و ڕادەی هێزمان چۆنە. زۆرجار لە کەسانی سیاسی و چاودێران و میدیاکاران دەبیستین کە پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان وایکردوە دەوڵەتان گرنگی بە هەرێمی کوردستان بدەن. دەبێت ئەو کۆڵەکانە دیاریبکرێن کە ئەو پێگە بەهێزەیان ڕەخساندووە تا هەوڵبدەین پتەوتریان بکەین. ئەگەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کەرتی وزە، سامانی ئاو، کەرتی کشتوکاڵ یان تەنانەت کەلتووری پێکەوەژیانی سیاسی و ئاینی و نەتەوەیی خاڵی بەهێزی ئێمەن، دەبیت بە پێی ستراتیژی تایبەت بە هەر یەک لەو لایەن و کەرتانە، هەوڵی پێشخستن و بەهێزکردنیان بدەین.
لاوازییەکان: لە کاتێکدا گەل و حکومەت و کۆمەڵگای ئێمە خاوەن چەندین لایەن و ناوەندی هێز و توانان، لە هەمانکاتدا وەک هەموو حکومەت و کۆمەڵگایەکی دی، خاڵ و لایەنی لاوازیشمان هەیە. لە چوارچێوەی ئەو شیکردنەوانەی باسمانکردن پێویستە شیکردنەوەی ورد بۆ لایەنە لاوازەکانیش بکرێت و بە پێی ستراتیژی بڕیار لەسەردراو پلان و پرۆژەی پێویست بۆ نەهێشتنی لاوازییەکان دابنرێت. بۆ نموونە: ئەگەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکێک لە سەرچاوەکانی هێز یان توانان، ئایا لاوازییەکانی ئەم هێزە چین. بێگومان وەلای حزبیی بەشێک لەم هێزە خاڵی لاوازە. ڕەنگە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنەکان چەندین خاڵی لاوازی دیكەیش دیاریبکەن. لە بواری کشتوکاڵدا، سەرەڕای لایەنە بەهێزەکانی بوونی زەوی بە پیت و سامانی ئاوی باش، بۆچی بەرهەمە نێوخۆییەکانمان لە کێبڕکێی بەرهەمە دەرەکییەکاندا سەرکەوتوو نەبوون. بوونی نەوت و غاز، سامانێکی سروشتی یەکجار گرنگە، واتا سەرچاوەی توانا و هێزە، بەڵام دەشکرێت ببێتە مایەی لاواز بوونی ئابووری و کەمبوونەوەی بەرهەمداریی و دواکەوتنی پیشەسازی و کشتوکاڵ و بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییەی بە نەخۆشیی هۆڵەندی ناسراوە. ناکۆکی و ناتەبایی هەمیشە خاڵی لاوازمان بووە و زۆرجار کۆسپ بووە لە ڕێگای سوودوەرگرتن لەو دەرفەتانەی کە ساتە مێژووییەکان دروستیانکردوون. گفتوگۆی جدی و دانانی ستراتیژ و چوارچێوەی پێویست بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان و وەک داودۆغلۆ دەڵێت، خولانەوە بە دەوری ململانێ نێوخۆییە بەتاڵەکاندا، بنەمانی سەرەکی بەرگەگرتنی هەڕەشە و مەترسییەکان و سوودوەرگرتنە لە دەرفەتەکان.
فاکتەرە دەرەکییەکان
دەرفەتەکان: وەک باسکرا، وەرچەرخانی مێژوویی دەرفەت دروستدەکەن و هەڕەشەو مەترسیش لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن. لە شیکردنەوەو هەڵسەنگاندنەکاندا تا دەکرێت دەبێت دەستنیشانی ئەو دەرفەتانە بکرێت کە هاتوون یان دێنە ئاراوە و شێوازو پێداویستییەکانی سوودلێوەرگرتنیان دیاری بکرێت لەبەر ڕۆشنایی ئەو هێز و توانا و لاوازییانەی حکومەت و کۆمەڵگای ئێمە هەیانە، بۆ نموونە، ئایا ئەم دۆخەی لە ناوچەکەماندا دروست بووە لە ئەنجامی ململانێی نێوان جەمسەر و لایەنە جیاوازەکان هیچ هەل و دەرفەتێکی لەبار بۆ گەلی کوردستان لەم بەشەدا دەڕەخسێنن؟ گەر وایە دەبێت دیاریبکرێن. دیاریکراوتر ئابڵوقەی ئابووریی سەر ئێران و لەوەش خراپتر ڕوودانی جەنگ چۆن و بە چ شێوەیەک کاریگەری لەسەر ئێمە دەبێت.
هەڕەشەکان: بەشێکی گرنگی شیکردنەوەی دۆخەکە و هەڵسەنگاندنی کارلێککردنی جەمسەرە جیاوازەکان و کاریگەرییان لەسەر ئێمە دەبێت بریتی بێت لە خوێندنەوەیەکی ڕیالیستیانەی هەڕەشەکان. دیسانەوە وەک نموونە باسی سیناریۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەین لە عێراق و کوردستان. تەنانەت ئەگەر لاوازیش بێت، پێویستە بە وردی شیکردنەوەی بۆ بکرێت پلانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسی و هەڕەشانە دابنرێت کە ڕەنگە کشانەوەی ئەو هێزانە دروستی بکەن. بابەت و کێشە و ململانێ و سیناریۆ زۆرن کە ڕەنگە لە قۆناخێک لە قۆناخەکاندا ببنە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی و پێویستە بە پێی تواناکان ئامادەکاری بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانیان بکرێت.



* بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی
پارتی دیموكراتی كوردستان
Top