چارەنوسی کورد لە باکوور لەنێوان خەباتی شاخ و شار

چارەنوسی کورد لە باکوور  لەنێوان خەباتی شاخ و شار

دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی ،، عوسمانی و سەفەویی ،، خەباتی نەتەوەیی کورد دەستی پێکرد بۆ ئازادی و خۆ بەڕێوەبردن، زۆر جار توانیویانە کیان و دەستەڵاداریەکی هەرێمی بۆخۆیان بونیاد بنێن لێ هەموویان تەمەنیان کورت بوە بەهۆکاری جیاوازی نێوخۆی و هەرێمی و نێودەولەتی .
ئەو کاتەی وڵاتانی براوەی جەنگی یەکەمی جیهان میراتی جەنگیان لەنێوخۆیان دابەش کرد، تاکە زەرەرمەند کورد بو !
کاتێك باس لە هۆکارەکانی لاوازی و کورد و دابەشکردنی بەسەر چوار وڵات دەکرێت ڕای جیاواز هەیە
بەڵام ڕای هەرە قبولکراو ئەوەیە لاوازی کورد لەو سەردەم و نەبوونی کۆدەنگی و رابەرێك وایکرد خاکی کوردستان بکرێت بە مارەی بۆ رازی کردنی پاشماوەی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی.
کاتێك کورد بە ئاگا هاتەوە هەمووان خاوەن ماف و خاك و سەروەری بوون، ئیتر دەرەنگ بو، لەوێوە خەباتی چەکداری لە تەواوی پارچەکانی کوردستان دەستی پێکرد خەباتێك کە پێشتر دەکرا بە دیبڵۆماسیەت داوای هەمان داواکاری بکرایە دەستکەوتی زیاتر و زیانیشی کەمتر دەبو .
ئێستە کە سەد سال بەسەر دابەشکردنی خاکی کوردستان تێپەریوە جیهان گۆڕانکاری زۆری بەسەر داهاتووە کورد هێشتا خەریکی خەباتی چەکداری و داوای قسەکردن بە زوبانی کوردی دەکات
جگە لە ئەزموونی باشووری کوردستان کە توانیویەتی خۆی لەگەل باروودۆخەکە بگونجێنێت .
ئەگەر بۆ ڕابردوو ئەوە ڕاست بێت نا تەبای کورد هۆکاری هەموو نەهامەتیەکانی بووە، لە ئەمرۆش بەداخەوە بەشێکی زۆری پارتە کوردیەکان لە بەشەکانی تر و تەنانەت باشوریش هێندەی خزمەت بە ئەجێندای نەیاریان کردوە بۆ سەربەخۆیی خۆیان هەوڵیان بدایە ئێستە هەموو شتێك جیاواز دەبوو، لەکاتێکدا دەکرا ئەزموونی باشوور بۆ بەشەکانی تر سوودی لێ وەربگیرایە بە پێچەوانە هەمیشە بەربەستیان بۆی دروست کردووە.

لە باکوری کوردستان پارتی کرێکارانی کوردستان ،، پەکەکە ،،خۆی وەکو ڕابەر و خاوەن دۆزی کورد دەناسێنت لەکاتێکدا رابەرەکەی ماوەی بیست سالە لە زیندانە و بەشێکی لەشاخ خەریکی خەباتی چەکداریە و بەشێکی لە شار خەریکی کاری پەرلەمانیە !
پەکەکە خۆشی لەوە ڕاستیە تێگەیشتووە کە ناتوانێ لە قەندیل بانگی سەربەخۆیی خاکی باکوری کوردستان بدات بە پێچەوانە خزمەت بە هەژموونی تورکیا دەکات و زیان بە دۆزی کورد دەگەیەنێ و هەمیشە هۆکاری کێشە بوە بۆ هەرێمی کوردستان ـ عێراق.

ئەی کەوایە کورد لە تورکیا چی دەوێت ؟
لە دواین پەیامی ئۆجەلان داوای پارێزگاریکردن لە یەکێتی خاکی تورکیا و سوریا دەکات !
کەواتە ئۆجەلان تێگەیشتووە خەباتی قەندیل سوود بە دۆزی کورد ناکات و پێویستە بیر لە میکانیزمێکی جیاواز بکرێتەوە .

ئەوەی تا ئێستەش روون نیە ئەرێ ئامانجی پەکەکە چیە ؟
ئەگەر گریمان پەکەکە ئامانجی سەربەخۆی و دروستکردنی کیانێک بێت لەنێو تورکیا ئاماژەکان پێچەوانەی ئەم ئاراستەی دەبینرێن!

ئەگەر كورد لە توركیا ئەو راستییە ببینن كە بڕیارێك لە تەوقیتی هەڵەدا یارمەتیدەر بوو لەوەی پرۆژەی نەیارەكانی كورد سەربگرێت، یارمەتیدەر دەبێت لەوەی بۆ داهاتوو سیاسەتێكی دروستتر بگرنەبەر. خۆ تازە زەمەن ناگەڕێتەوە تا نەهێڵن رووداوەكان بەو ئاقارەدا بچن، بەڵام بە سیاسەتی دروست دەتوانن هەڵەكان راست بكەنەوە، یان لانیكەم رێ‌ لە دووبارەبوونەوەیان بگرن. خۆ ئەگەر ئەو راستییە تاڵە نەبینن و كەڵكی لێ‌ وەرنەگرن، لەسەر رۆیشتن بە رێگای هەڵەدا بەردەوام دەبن، ئەوەش خواستی تورك دێنێتەدی و رێگاكانی زیاتر چەوسانەوەی كورد زۆرتر دەكات.
ئێستا كورد لە توركیا لەبەردەم توركیایەكی بەهێزتردایە لە جاران، سەرەتاكانی سەردەمی تاریكی بەدەركەوتوون. بەڵام هەموو دەرگاكانیش دانەخراون و بواری گەمە و مناوەرەكردن بۆ كورد هێشتا بەشی ئەوەی پێوە ماوە كێشەی كورد بە گەرموگوڕی لە توركیا بهێڵێتەوە.
لەبەرئەوەی سەرباری ئەو هەموو زوڵم و رێكارانەی بەرانبەر بە كورد گیراونەتە بەر لە بچووككردنەوە و بێ‌ رۆڵكردنیان لە پرۆسەی سیاسی، هەدەپە بە بەهێزی مایەوە و دەمیرتاش لە زیندانەوە ئیرادەی ململانێكردنی ئەردۆگانی هەبوو. ئەمەش ئەگەر لەلایەكەوە ململانێ‌ و گوشارەكانیان لەسەر توندتر بكات، لە هەمان كاتدا وزە و توانایە بۆ كورد لە گۆڕەپانەكەدا خۆی بەپێوە رابگرێت.
بۆیە سەرباری هەموو ئەو چاوەڕوانیانەی وەك مەترسی بۆ كورد دەبینرێن، ئەگەر كورد بە دروستی سیاسەت بكات، دەرفەتی هەستانەوەش لە بەردەمیدا كراوەیە.

لێرەدا هەڵوێستی پەكەكە گرنگە چی دەكات، ئایا وەك قۆناغێكی تاكتیكیش بێت لێدەگەڕێت كێشەی كورد لە شاخەوە بگوازرێتەوە بۆ شار كە ئەمە یەكێك لە دەرفەتە كاتییەكانی ئەم قۆناغەی ئێستای توركیایە بەتایبەت دوای ئەوەی ئەو ستراتیجەی پەكەكە شكستی خوارد كە دوای كۆتایی پرۆسەی ئاشتی گرتیەبەر لە پەلكێشكردنی توركیا بۆ قووڵایی رۆژئاوا و باشووری كوردستان، ئەو ستراتیجە بەلاوازكردنی هێزی كورد و بەهێزبوون و زاڵبوونی هەژموونی توركیا كۆتایی هات. ئێستا پەكەكە توانای سەربازی لاواز بووە، ئەگەر توانای هەڵگەڕانەوەی دۆخەكەی هەیە لە زووترین كاتدا خۆی رێكبخاتەوە و شەڕ بگوازێتەوە قووڵایی توركیا، ئەگەرنا پێویستە بەشێوەی كاتیش بێ‌ كۆتایی خەباتی چەكداری رابگەیەنێت و بۆ ماوەیەك كێشەی كورد تەحویل بكات بۆ خەباتی مەدەنی.
Top