ئەگەری پێکدادانی سەربازی لە نێوان ئەمریکا و ئێران، کورد لەو نێوانەدا
May 14, 2019
وتار و بیروڕا
کوردستان یەکێکە لەو ناوچە گەرم و نزیکەی کە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بێت تێکھەڵکێش و ھەندێکجاریش چەقی جوگرافیایی ململانێ و پێکدادانەکان بووە لە مێژوودا. بۆیە بۆچوونێکی باو ھەیە کە پێی وایە درووستبوونی ھەر جۆرە ھەستیارییەک کە لە رووی ئاسایش و سیاسی رووبدات لە ناوچەکە کورد لایەنێکی زیانبەرکەوتوو دەبێت تیایدا، چونکە کورد ھیچ گرەنتیەکی نێودەوڵەتی نیە کە لە چوارچێوەی کیانێکی سیاسی سەربەخۆی گرەنتیکراو دێتەدی کە پێی دەڵین دەوڵەت.
کوردەکان بە گشتی لە شوێنە ئەکادیمیەکان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و بازار و مەجلیسی کۆمەلایەتی ...ھتد باس باسی گرژی نێوان ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ئاخر ئەو میللەتە لە ھیچ سەردەمێکدا لە دڵەراوکێ و ترس وبیم دانەبراوە، ھەمیشە سوتەمەنی ململانێکانی نێوان دەوڵەتان بووە بە بێ ئەوەی بەشێکی سەرەکی ململانێکانیش بووبێت ! ھەر پەیوەست بە گرژیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران پرسیارێکی سادە دێتە پێش کە ئایا لە ئێران دەدرێت؟ ئەگەر لە ئێران بدرێت، تەنھا بۆ تەمێکردن و مەلکەچکردنی دەسەڵاتدارانی ئێرانە یان دەیروخێنن و دەسەلاتی سیاسی دەگۆرن ھاوشێوەی رژێمی پێشووی عێراق لە ٢٠٠٣ ؟ ئایا کوردانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ھەرێمی کوردستان لەو ئاڵۆزی و ململانێیە لە کوێی ھاوکێشەکە دان یان کوردەکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان بۆ وەھا پێشھاتێک ئامادە و سازن؟بێگومان ئەو پرسیارانەو دەیان پرسیاریتر لە ھزر و بیری زۆربەمان دێن و دەچن، ھەریەکەشمان بە ئەندازەی پەیپێبردنمان بە ھاوکێشەکان وەڵاممان ھەیە بۆ پرسیارەکان.
رووداوەکانی ساڵانی رابردوو ھەر لە سەرھەڵدانی رێکخراوی تیرۆرستی داعش و گۆرەپانی پاشاگەردانی و ئاڵۆزی سوریا و شۆرشەکانی بەھاری عەرەبی لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەکان بە تایبەتر چوونەدەرەوەی لە رێککەتننامەی ئەتۆمی ١+٥ ، ئەو دەرەنجامە بە دەستەوە ئەدەن کە رۆژھەڵاتی ناوەراست لە ناو ئەوھەموو ئاڵۆزی و پێکدادانە ئیتنی و مەزھەبیانە دەکوڵێت و ئەگەری تەقینەوەیەکی گەورە لە ئارادایە. لە دوایی بەھاری عەرەبی زۆرینەی دەوڵەتەکانی عەرەبی رۆژھەڵاتی ناوەراست لە ئەنجامی شۆرشی ناوخۆیی و پیلانی وڵاتانی زلھێز، نەخشەی سیاسی زۆرینەی دەوڵەتە عەرەبیەکان گۆرانی بەسەرداھات ئەوانەشی کە ئاڵۆزی و پێکدادانیی مەدەنی و سەربازیان لە ناو درووست نەبووە ئەو دەوڵەتانەن کە ئیرادەی سیاسیان تەسلیمی ئەمریکا کردووە بە نموونە سعودیە و ئیمارات و ئوردەن و کوێت و ئەوانی تر. ئێران تاکە دەوڵەتە لە ناوچەکە کە تاکوو ئێستاش بەرھەڵستکارە و گوێرایەڵی ئەمریکا نیە،کەواتا لێرەوە دەردەکەوێت کە دەبێت کۆتایی بەو ملھوری و ناگوێرایەڵی ئێران بھێندرێت بەرامبەر بە ئەمریکا و بەرژەوەندیەکانی لە رۆژھەڵاتی ناوەراست.
لە ئێستادا کە سعودیە و ئیمارات قەرەبووی کورتھێنانی بەرھەمی نەوت دەکەنەوە کە بەھۆیی قەدەغەکردنی فرۆشتنی نەوتی ئێران درووستبووە لە بازاری کڕین و فرۆشتنی نەوت، ئەوە خاڵێکی جەوھەرییە بە نسبەت ئەمریکا کە لەو رێگەیەوە ھەم ئاسایشی وزەی خۆی دابینکردووە ھەمیش ئێران ناچاردەکات مەلکەچ بێت یان لە کاردانەوەی ئەو ھەنگاوە و جەنگی دەروونی ئەمریکا بە ھۆیی ھێنانی کەشتی گەورەی بنکۆڵن بۆ نزیک کەناراوەکانی فارس، ئێران دەستدرێژی بکاتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا یان ھاوپەیمانێکی ئەمریکا لە ناوچەکە، بە مانایەکی تر ئەمریکا لە بەھانەیەک دەگەرێت کە بیانوو بداتە دەست کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا رەوایەتی بدەن بە ھێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ، واتا ئەگەری روودانی جەنگ کارا و ئەکتیڤە.
بۆچوونێک ھەیە کە پێی وایە ئەگەری روودانی پێکدادانی سەربازی لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەم نزیکانە پێشبینی کراو نیە، بە ھۆیی سەرقاڵی ئەمریکا بە بارودۆخی سوریا و شەری تیرۆر و کێشەی کۆریای باکور لە لایەک و زۆری خەرجی شەڕ لە گەڵ ئێران لە لایەکیتر، چونکە ئێران رووبەرێکی گەورەی ھەیە و بە بەراوورد بە دەوڵەتەکانی تری ناوچەکە ھێزە سەربازیەکەی رێکخراوترە، بە لایەنی کەم ئێران لە رێگەی ھاوپەیمانەکانی وەکوو چین و روسیا دەتوانێت باشتر لە سوریا و بەشارئەسد و عێراق و ێدام حسین خۆی رابگرێت بەرامبەر بە گوشارەکانی ئەمریکا.
بەڵام لە حاڵێکدا ئەگەر جەنگەکە روویدا، کورد لە کوێی ھاوکێشەکەدا دەبێت؟
کوردەکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان و پارتەسیاسیەکانی رۆژھەڵات ھەرچەندە لە ھەستیاری بارودۆخەکە تێدەگەن و ھەندێکجاریش بەشێک لە ئارگیومێنتی تیۆرییان راگەیاندووە، بەڵام لە چاوەروانی خەڵکی کوردستان نین. پارتە سیاسیەکانی رۆژھەڵات لە نێوخۆیاندا پەرتەوازەن و ھەریەکەیان دەیەوێت ئەوەی تریان تەریکبکات و لە رۆڵی کەمبکاتەوە، پارتە سیاسیەکان بەو حاڵەیانەوە ناتوانن وەڵامدەرەوەی پێداویستیەکانی باروودۆخ و قۆناغەکە بن. پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ش کە لە کۆتاییەکانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو رێککەوتننامەیەکی ستراتیجیان ھەیە لە گەڵ ئێراندا، ھەموو ئاماژەکانیش چ لە سوریا و چ لە ناوچە سنوریەکانی ھەرێمی کوردستانیش ئەوە رووندەکەنەوە کە رێککەوتننامەکە گشتگیر و فراوانە، بۆیە گریمانەیەکی بەھێز ھەیە لە ئەگەری روودانی پشێوی و ئاڵۆزی لە ئێران ئەوا پەکەکە ھاوشێوەی سوریا دەچێتە ناو شارەکوردیەکانی رۆژھەڵات و تەواوی خاکی کوردان کۆنترۆڵ دەکات کە رەنگە بە ھەماھەنگی بێت لە گەڵ ئێران، بەڵام بە سەرەنجدان بە دۆخی سەربازی پارتەکانی رۆژھەڵات رەنگە ئەوە ئاسان نەبێت بۆ (پەکەکە)چونکە پارتە سیاسیەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان خاوەنی ھێزی چەکدارن و مومکین نیە قبول بکەن پەکەکە رۆژھەڵاتی کوردستان کۆنترۆڵ بکات، سەرەنجام لە وەھا بارودۆخیکدا ئەگەری روودانی شەڕی ناوخۆ ئەگەرێکی بەھێزدەبێت. بۆیە پێویستە پارتە کوردیەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە ئێستاوە ستراتیجێکی ھاوبەش و گشتگیر دابنێن بۆ ھەردوو ئەگەری روودانی جەنگ یان لە حاڵی ناچارکردنی ئێران بۆ سەرمێزی گفتوگۆ و مەلکەچکردنی بە خواستەکانی رۆژئاوا، لە ھەردوو حاڵەتەکەدا دەبێت کورد ستراتیجی گشتگیر و یەکگرتووی ھەبێت.
ھەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرینگە لە ناوچەکە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، کە ٢٦ ساڵە وەک کیانێکی سەربەخۆ حوکمی خۆیی دەکات لە چوارچێوەی عێراق، لە پێش ئازادی عێراق لە رێگەی خۆبەرێوەبەری لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمی و لە دوای نوسینەوەی دەستوری ساڵی (٢٠٠٥)ی عێراقیش لە رێگەی مومارەسەکردنی فیدراڵیزم لە سیستەمی نوێی فیدراڵی لە عێراق، بە ھەموو کەموکورتیەکانیەوە کوردستان توانیویەتی خۆی بەرێوەببات و جۆرێک لە جێگیری سیاسی و پرۆسەیەکی دێموکراسی ھەیە، لە رێگەی درووستکردنی پەیوەندیە دپلۆماسیەکانی بەستراوەتەوە بە دەوڵەتانی جیھان و ناوەندە نێودەوڵەتیەکان، بۆ دراوسێکانیشی فاکتەرێکی گرینگی دابینکردنی ئاسایش بووە.
ئەمرۆ دەبینین لە دوایی گشتپرسی ئەیلولی ٢٠١٧ و رووداوە شوومەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر کوردستان بەرەو قۆناغێکی نوێ ھەنگاودەنێت کە رەنگە ھەر گۆرانکاریەکی نەوعی لە ناوچەکە دۆزی کورد بباتە قۆناغێکی تر ، کە ئەگەر کورد بە ستراتیجیەتێکی گشتگیر و یەکگرتوو خۆی ئامادەبکات بۆ ئەو قۆناغە دوورنیە ئەوجارە کورد بە ئاواتی لە مێژینەی خۆیی بگات کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە. لە ئێستادا کوردستان لەبەردەم پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتدایە، کاندید بوونی کاسایەتیەکی بەھێزی وەک بەرێز مسروور بارزانی بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی داھاتووی کوردستان لە لایەن پاتی دێموکراتی کوردستان و رێککەوتنی پارتی لە گەڵ ھەریەکە لە یەکێتی و گۆران بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ دەکرێت ئەو تێگەیشتن و ھەماھەنگیە گرینگە بێت کە وەک پێداویستیەکی گرینگی قۆناغی داھاتووی کوردستان و ناوچەکە ھاتبێتە کایەوە، مروونەتی بارزانی و نەرمینواندنی پارتی ئەو گریمانەیە بەھێزتر دەکەن.
بۆیە پێویستە کوردەکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان بە ھەماھەنگی لە گەڵ ھەرێمی کوردستان ستراتیجیەتێکی ھاوبەش دابرێژن بۆ روودانی ھەر ئەگەرێک لەو ئەگەرانەی دەشێ بێنەکایەوە، تاکوو دۆزی کورد زیاتر بچێتە پێشەوە و بە ھۆیەوە کورد لە خواستی کۆن و نوێی نزیکتر ببێتەوە کە بریتیە لە رزگاربوونی خاکی کوردان لە ژێردەستەی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ یان بە لایەنی کەم ئازادبوونی رۆژھەڵاتی کوردستان ھاوشێوەیباشوری کوردستان .