پەیامی ئیمڕاڵی بەكام قازانج؟
May 12, 2019
وتار و بیروڕا
بەپێی سەردەم و شوێن دەبێت شێوازی خەبات بگۆڕێت بۆ گەیشتن بە ماف. ئەوەی لە باشوری كوردستان ساڵانی زوو شۆڕش بە چەك كرا بۆپێویستی ئەوسا بایەخی هەبوو لەم رێگەیەوە كۆمەڵێك ماف بۆ كوردستانی باشور بەدەستهات. كەچی ئێستا شێوازی خەبات گۆڕانی بەسەرداهاتوە، دەبێت لەچەك بكرێتە خەباتی فكر، مێزی گفتگۆ و سیاسەتی باوەڕ پێهێنان.
ئەمرۆ رۆژی خەباتی هێمن، باوەڕپێكردن و ئاشتیە. لەم رێگەیەوە گەیشتن بە ماف نزیك دەبێت، ئەوخەباتە چەكداریەی كورد دەیكات لە باكور و رۆژهەڵاتی كوردستان، بڕوای تاكی خۆم خەباتێكی پاشخان خاڵیە، تەنها خزمەت بەو وڵاتانە دەكات كە دژیان وەستاوین بۆ دەستكەوتنی ماف، لەبەرژەوەندی وڵاتانی سەردەستەی ئێمە دەشكێتەوە. خزمەتی دۆزی كورد ناكات لەم پارچانە.
دەبێتە هۆكاری بە فیڕۆدانی تاك لە رێگەی كوشتن و كەئەندام بوون، ئەم رێچكەی خەبات دەبێتەوە دەروازەی دورخستنی لاوان لە فكری نوێی سیاسی، داهێنان لە بواری جیا، دابڕان لە كۆمەڵگەی تەكنەلۆژی و دور بون لە بڕیارەكانی جیهانی تازە. ئەمەش بە سودی ئەم وڵاتانە دەشكێتەوە كە ئێمە بەرهەڵستیان دەكەین، ئەو هێزە حكوم بەدەستانەی كوردیان تێدا نیشتە جێیە ئەگەر بۆیان بلوێ، یارمەتی ئەو شۆڕشە چەكداریانە دەدەن بۆ ئەوەی سەرقاڵی شاخ بن لاوانی خۆیان پێشبخەن ئێمە دابڕێنن لە سەردەمی جیهانی زانست گەرایی.
شۆڕش بە و شێوازە پەرە ناستێنێت و ئەنجامی نابێت، چەك بخەیتە شان دژی وڵاتێك كەچی تێدا نەبیت، لە دورەوە گولە بتەقێنیت، ژیانی ناوچەیەكی ئارام بشێوێنیت. لێرەدا مەبەستمە پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پەكەكە بگشتێنم بەسەر سەردەمی شۆڕۆش و گۆڕینی لە چەكەوە بۆ گفتوگۆ، ئەم پەیامەی سەرۆكی پەكەكە پەیامێكی ئاشتی جێگەی رێزە.
بەڵام وای نابینم پەیامێكی هەمیشەیی بێت تەنها بۆ ماوەیەكی دیاری كراوە، رەنگە لە روانگەی خۆیەوە بە تێگەیشتن بۆ كێشەی كوردانی باكوری كوردستان سەرەتای چارەسەری كێشەبێت، من لایەكی تر دەخوینمەوە، بەوەی ئەم پەیامە بۆ حكومەتی توركیا راگەیێندراوێكی كاتیە بۆ ئەوان ئامانجدارە، لەسەرو بەندی دوبارە هەڵبژاردنەوەی شارەوانی ئەستەمبۆڵ.
بێگومان پێویستیان بە پەیامێكی لەو شێوە بوو بۆ بە هێزكردنی تانەكانیان لە دەرنەچونی كاندیدی ئاكپارتی لە هەڵبژاردنی سەرۆكی شارەوانی دەروازەی ئەوڕپا و ئاسیا، بە لەدەست دانی ئەم شارەوانیە كاریگەری بەهێزی دەبێت لەسست بونی حكومڕانی كردن. بۆیە هەوڵیان دا باوەڕ بە ئیمڕاڵی بهێنن پەیامی سازان بڵاو بكرێتەوە بۆ سەركەوتنی ئاكپارتی، بەوەی ئەم پەیامە سۆزی زیاتر لە سێ ملیۆن كوردی دانیشتوی ئەستەمبۆڵ رادەكێشێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی ئاكپارتی دەگەڕێتەوە بەوەی دوبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆكی شارەوانی خاڵی سازبونە.
رەنگە بەر لە دەركردنی پەیامی سازان، بەڵێنی چارەسەری كێشەی كوردانی باكورد درابێت، بەڵام ئەمە هیچ گەرمی و فەرمیاتێكی پێوە نابێت، زیاتر قایمكردنی پێگەی خۆیانە لە دەسەڵات بۆ ئەوەی چوار ساڵی تر بەو هۆیەبمێننەوە لە حكومڕانی، هەنگاو نان بۆ پێدانی داخوازی كورد خاو دەبن، ئیمڕاڵی چەكی خۆ بەهێزكردنە، ئەنجامێكی ئەوتۆی لێ ناكەوێتەوە مایەی شادی بێت بۆ كوردستانی باكور.