ئەو چەمک و زاراوانەی بوونی خۆیان لە دەرکەوتنی بارزانی نەمردا دۆزیەوە

ئەو چەمک و زاراوانەی بوونی خۆیان لە دەرکەوتنی بارزانی نەمردا دۆزیەوە
کوردستانی بوون:ــ بەر لە دەرکەوتنی بارزانی نەمر شۆڕشگێڕانی کورد لە سووچێکەوە لە کوردستانی بوونیان دەڕوانی و ئەو ڕوانینەش بە تاوان دەزانرا، دەرکەوتنی بارزانی نەمر ئەو ڕوانینەی گۆڕی و وای لە کوردپەروەر و شۆڕشگێڕانی کرد، کوردانە و لە هەر چوار سووچەکەوە بۆ کوردستانی بوون بڕوانن.
کوردایەتی:ــ بەر لە دەرکەوتنی بارزانی نەمر کوردایەتی لە هەناوی خێڵ و عەشیرەت و سیاسەتی ناوچەگەراییدا دەگوشرا، لەو لاشەوە داگیرکارانی کوردستان کوردبوون و کوردایەتیان بە تاوان دەزانی، بە دەرکەوتنی بارزانی نەمر شکۆ و سەروەری بۆ کوردبوون و کوردایەتی گەڕایەوە، ئەو گەڕانەوەیەش وای لە تاکی کورد کرد شانازی بە تاوانی کوردبوون و کوردایەتی کردنی خۆیەوە بکەن.
بڕوا بە خۆبوون:ــ بەر لە دەرکەوتنی بارزانی نەمر داگیرکارانی کوردستان بە هێز و زەبروزەنگ و پیلانگێڕی، ئیرادەی نەتەوەیی و بڕوا بە خۆبوونی تاکی کوردیان تێک شکاندبوو، بارزانی نەمر بە خۆڕاگری لەبەردەم زەبروزەنگ و وەڵامدانەوەی پیلانگێڕیەکان ئیرادەی نەتەوەیی و بڕوا بە خۆبوونی بۆ تاکی کورد گێڕایەوە.
ئازایەتی:ــ بەر لە دەرکەوتنی بارزانی نەمر ئازایەتی شانازی بە بوونی خۆیەوە دەکرد و پێی وابوو هەموو ئازاکان لە بوونی ئەودا کۆ دەبنەوە، بەڵام کاتێ بارزانی نەمر دەرکەوت، ئازایەتی لەوە گەیشت کە لە ئەویش ئازاتر هەیە و خۆی بەشێکە لەو ئازایەتیەی کە لە بارزانی نەمردا بەرجەستە بووە.
دادپەروەری:ــ هەموو ئەوانەی لە خۆشی و ناخۆشیدا لە بارزانی نەمر نزیک بوون و لەگەڵی ژیاون، شاهیدی ئەوە دەدەن کە خۆی جیا نەکردۆتەوە و لە شەڕ و تەنگانەداشدا لەو شوێنە بووە کە زۆرترین مەترسی لێبووە، بۆیە ئێستاش دەبینین دادپەروەری ئاخ بۆ دەرکەوتن و سەردەمی بارزانی نەمر هەڵدەکێشێ.
شۆڕشگێڕی:ــ کاتێک بارزانی نەمر رابەرایەتی شۆڕشی گرتە دەست، سەربەخۆیی بووە خواستی ژێردەستان و خۆنەویستی و گیان بەخشینیش لای سەربەخۆخوازان بووە ئەرک و ماف، لێرەوە شۆڕشگێڕی کەوتە نەفرەت باران کردنی ئەو کەس و لایەنانەی کە سەربەخۆیی ناکەنە دوا ئامانج و خۆ نەویستانە بەگژ زوڵم و ستەم و ژێردەستیدا ناچنەوە.
سەنگەر:ــ بەر لە دەرکەوتنی بارزانی نەمر، سەنگەرەکان فرە رەنگ و فرە ئاواز بوون، بەڵام کاتێ ئەو دەرکەوت هەموو سەنگەرەکان بوونە سەنگەری (کوردستان یان نەمان)و بە ئاوازی نەمری (ئەی رەقیب)یان بۆ بنیاتنانی داهاتوو دەچڕی.
دیموکراسی:ــ ئەوکاتە هەڕەشە لەسەر دیموکراسی نامێنێ کە شوێنی هەموو جیاوازیە سیاسی و دینی و مەزهەبیەکانی تێدا ببێتەوە، بە واتایەکی تر پێکەوەژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لای جیاوازیەکان ببێتە مەبدەئی کار پێکراو، جا ئەگەر ئەوە بنەمای دیموکراسی بێت، ئایا لە دوای بارزانی نەمر دیموکراسی لە کوردستان هەست بە هەتیو بوونی خۆی ناکات؟!
هەستانەوە:ــ بەر دەرکەوتنی بارزانی نەمر کەوتن بڕیستی لە هەستانەوە بڕی بوو، ئەو کەوتن کوردی دەدایە دەست ئەو کەوتن، بەڵام بە دەرکەوتنی بارزانی نەمر هەستانەوە هێزی هەستانەوەی سرووشتی خۆی وەرگرتەوە و کەوتن بۆ هەمیشە کەوت.
شەونخونی:ــ بەر لە دەرکەوتنی بارزانی نەمر شەونخونی پێی وابوو لە شەوانی ئەنگوستە چاو و لێزمە باران و پێتەڵووکەی کڕێوە و بەفردا، ئارامی بەسەر توولە رێگاکاندا دەکشێ و پێیەکان بێ هەست و بێدەنگ دەبن، بەڵام بارزانی نەمر ئەو بۆچوونەی شەونخونی کردە خەیاڵ و لە شەوە ئەنگوستە چاوەکاندا توولە ڕێگاکانی کردنە شاڕێی شۆڕشگێڕان و سەربەخۆخوازانی کوردستانی داگیرکراو.
Top