سیاسەت تەنها شتگەلی ناشرین و دزێو بەرهەمدەهێنێت؟!

سیاسەت تەنها شتگەلی ناشرین و دزێو بەرهەمدەهێنێت؟!
(درۆ و چەواشەکاری تاکتیکی فاشیست و تۆتالیتارەکانە) "هانا ئارێنت"
پێشتر لەم بارەیەوە چەندجارێکی تر سەرەنج و بۆ چوونەکانم خستۆتە ڕوو کە (ژینگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بواری بە فرەی داوە هەڵبەت ئەم ڕاستیە هێند زیندوو بەرجەستەیە بەڵگاندنی ناوێت، بە تایبەت فرەیی لە حیزبەیاتی و دروستبوونی ڕێکخراو و جوڵانەوەی سیاسیی بە باکگراوند و ئایدیایی جیاواز، ئەمەش گەوهەری دیموکراسیی و قبوڵکردنی جیاوازییە، ئەم ڕەهەندە گەشەی ژینگەی سیاسییمان دەهێنێت لێی ڕابمێنین و باشتر هەلاجی بکەین) بەڵام هەمیشە دوای قسەکردن لە فرەیی و ڕەنگاوڕەنگی هێز و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کوردستان، شتێک سەرەنجمان ڕادەکێشیت، بۆ ئەم فرەیی و ڕەنگاو ڕەنگیە نەبۆتە هۆی ئەوەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان شتگەلی باش لە خۆیان بهێننەدەرەوە، بۆ کێبڕکێی و ململانیەکان لەکایەیی باشتر و جوانتر پێشکەشکردندانیە؟ بۆچی بەخشین و فیداکاری سیمای حزبایەتی و کاری سیاسیی نیە؟ وێنەی کایەی سیاسیی و حزبایەتی لە کوردستان بۆ هێندە ناشرینە؟ یان دروسترحزب لە کوردستان بۆ ناشڕینکراوە؟! دڵنیام پرسیارەکانمان لەبارەی حزب و وەزیفە و ئەرک و ئامانجەکانی حزب زۆرن، هەریەک دەیان خەونمان بۆ ژیانی حیزبایەتی هەیە، هەر وەک ئەوەی دونیایەک ڕەخنە و گازەندەمان بەرامبەر حزب و مۆدێلەکانی حزب هەیە لە کوردستان.
ناشرینکردن و لێخستنی حزب و داماڵینی لە سیما هاوچەرخەکەی، زیاتر لە هۆکارێکی هەیە، بەشێک لە هۆکارەکانی ناشرینکردنی دەزگای (حزب) لە کوردستان بۆ سەرەتاکانی دروستبوونی حزب و ئامانجە پۆخڵەکانی دروستەکەرانی حیزب دەگەڕێتەوە، بەشێک لە حزبی کوردی ئاشکرا بەسیما و ڕەفتارەکانیەوە دەبینرێت، لە پێناو دۆزێکی ڕەواو بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی دروست نەبوون، ئەگەرچی لە بەیاننامە و دروشمەکانیاندا بەسەختی جەخت لە بوونی دۆزێکی ڕەواو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی دەکەنەوە، خۆیان وەک داکۆکیکار لە مافەکانی خەڵک دەناسێنن، بەڵام لە دەرئەنجامدا سەلمێنەری ئەو ڕستیەن کە حزبی دەستکەوتی کەسی و باند و تاقمێکن، ئەمەش هۆکارێکی جەوهەرییە لە لەکەرداربوونی حزبە لە کوردستان، ئەوە بۆیە خەڵک لە ئاستێکی فراواندا متمانەیان بەحزب و دروشمە بریسکەدارەکانی نەماوە، سەرباری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی و فرەیی حزبایەتی و بوونی بژاردەی جیاواز، خەڵک بە ڕێژەیەکی فراوان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی دەکرد، بەتایبەت لە هەڵبژاردنی (٣٠ ی ئەیلول بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەڕلەمانی کورستان)، بە تایبەتریش بایکۆت و بەشدارینەکردنیخەڵک لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵبجە و دەڤەری ڕاپەرین و گەرمیان!.
ئەگەر حزب دەزگا و ئامرازێکی هاوچەرخە بۆ خزمەتی خەڵک، مافی خۆمانە بپرسین دروستکردن و دامەزراندنی حزبەکان لە پێناوی چیدا؟! جیابوونەوە و ئینشیقاقەکان لە پێناو چیدا؟! یەکگرتنەوە و هاوپەیمانیەکان لە پێناوچیدا؟! سەر ئەنجام سیاسەت و حزبایەتی لە کوردستان وێنەیەکی بۆ کێشراوە، لە دید و ڕوانینی ڕێژەیەکی زۆری خەڵکدا، سیاسەت و حزبایەتی تەنها شتگەلی ناشرین و دزێو بەرهەمدەهێنێت؟!
پێشنیازدەکەم بۆ سەنتەر و ناوەندەکانی توێژینەوە لە کوردستان، هەوڵبدرێت کارێکی فراوان لەبارەی حزب و پارتە کوردستانیەکان بکرێت، لە پرۆژەیەکی جدیدا ڕووناکی بخرێتە سەر کەموکوڕی و خەوش و ناتەواویەکانی حزبی کوردی، جا بەکام ڕێگا و بەکام ئامراز ئەوە کاری ناوەندەکانی توێژینەوەیە، بەڵام ئەوەی وەک خەمێکی گشتی خۆی بەیاندەکات، بێزراوبوونی حزب و حزبایەتیە! لە کوردستان بەشێکی گەورە لە حزبەکان لەوە کەوتوون وەک ئۆرگانێکی مۆدێرن بناسرێن و مامەڵە بکرێن!
Top