لەسەر شەهادە منیش قسەم هەیە

لەسەر شەهادە منیش قسەم هەیە
شێخ سەعیدی پیران شەهادەی نەبوو، لە پێناو بەدەسهێنانی مافەکانی کوردیش رابەرایەتی ئۆڕشی کرد و بە سەربەزیش چووە ژێر پەتی سێدارە.
شێخ عەبدولسەلامی بارزانی شەهادەی نەبوو، ئەویش رابەرایەتی شۆڕشی کرد و لەو پێناوەشدا لە سێدارە درا.
شێخ مەحمودی نەمر بێ شەهادە بوو، بەردە قارەمانی کردە زانکۆ و بڕوانامەی کوردپەروەری وەرگرت.
سمکۆی شکاک ئەویش شەهادەی نەبوو، لە پێناو مافەکانی کورد لەسەر مێزی گفتوگۆ تیرۆر کرا.
پێشەوا قازی، بە بێ شەهادە کۆماری بۆ کوردان درووست کرد و خۆشی لە چوارچرا بڕوانامەی سەربەرزی و ئازایەتی وەرگرت.
بارزانی نەمر بە بێ شەهادە سنوورە دەستکردەکانی نێوان پارچەکانی کوردستان کردنە پێخوستی شۆڕشگێڕی، زنجیرە شۆڕشەکانی یەکەم و دووەمی بارزان و شۆڕشی ئەیلول و هەستانەوەی گوڵانی کردنە قۆناغەکانی خوێندن، رێڕەوە مێژووییەکەی رووباری (ئاراس)یشی کردە زانکۆی کوردایەتی و بڕوانامەی پاراستنی ئاڵای کوردستانی وەک شکۆی نەتەوە وەرگرت.
ئەوانە هەڵوێست و رەوشتی بەرزی کوردایەتی و خۆ نەویستی بێ شەهادەکانی کورد بوون، لە بەرامبەریشدا خاوەن شەهادەکان دووکوچکەی جاشایەتی و خیانەتیان داهێنا, لە هاتنی داعش و پەلامارەکانی بۆ سەر کوردستانیش، بێ شەهادەکان بەرگریان لە کوردستان دەکرد و خاوەن شەهادەکانیش وەک جۆرێک لە پشتیوانی داعش، خەڵکیان هاندەدا بۆ هەڵکوتانە سەر و بەردەفرکێ و سوتاندن و بایکۆت و بەڵێنی ئەوەشیان پێ دەدان لە بەغداوە مووچەیان بۆ بێنن، لەوەش خراپتر ئەوە خاوەن شەهادەکان بوون هاواری (عەبادی عەبادی)یان بە مێرمنداڵانی کورد دەکرد و حەسرەتیان بۆ سەردەمی سەددام و ئەنفال و کیمیاباران پێ دەخواستن، سەربەرزی بۆ ئەو بێ شەهادانەی بەرگری لە کوردبوون و کوردایەتی دەکەن، مردنیش بۆ ئەو خاوەن شەهادانەی گەڕانەوە بۆ بەغدا دەکەنە وانەی چارەسەری کێشەی کورد و نەوەکانی داهاتووی پێ لە کوردایەتی نائومێد دەکەن.
Top