کورد لەبەردەم باهۆزی رووداوەکان
May 9, 2019
وتار و بیروڕا
ئەمەریکاش لەلای خۆیەوە و وەک وەڵامدانەوەی هەڕەشکانی ئێران، کەشتی فرۆکە هەڵگری (ئەبراهام لینکۆڵن)ی بەرەو ناوچەکە بەرێ خستووە و چوار موشەکی (B52)ی جێگیر کردووە و هێزی سەربازیشی زیاد کرووە، ئەو دوو هەڵوێستەی ئەمەریکا و ئێران رووداوگەلێکن بۆنی شەڕێکی خوێناویان لێدێ و ناوچکەیان خستۆتە بەردەم باهۆزی گۆڕانکارییەوە، کوردیش وەک گەلێکی ژێردەستە و ستەمدیدەی ناوچەکە دەکەوێتە بەردەم باهۆزی ئەو رووداو و گۆڕانکاریانە، ئەوەش جیا لەوە حزب و لایەنە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی نەتەوەیی، داوای وەڵامی ئەو پرسیارەشیان لێدەکات کە ئەو رووداو و پێشهاتانە چی دەخوازن؟
کورد ژێردەستەی چوار وڵاتی ئێران و عێراق و سوریا و تورکیایە، هەر یەکێک لە وڵاتانی عێراق و سوریا دوو وڵاتی پڕ فەوزای سیاسی و سەربازین و ئێران لێیان باڵادەستە، ئەمەریکاش ئەو باڵادەستیەی ئێران لەسەر بەرژەوەندیەکانی خۆی بە مەترسی دەزانێ و مایەی قبوڵ کردن نییە، بۆیە لە ئەگەری هەر رووداو و گۆڕانکارییەک کوردانی رۆژهەڵات و باشوور و رۆژئاوا دەکەونە ژێر هەژموونی ئەو رووداو و گۆڕانکاریانە.
تورکیاش حاڵی زۆر لە ئێران باشتر نییە، قەیرانی دارایی و دابەزینی دەنگەکانی (ئاکپارتی) لە تورکیا و بە تایبەتیش لە شارەکانی ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ و ئەزمیر، نامەی کراوەن بۆ ئەردۆغان و ئاکپارتی، دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردن لە ئەستەنبوڵ و هانا بردنی ئەردۆغان بۆ (ئیمرالی و ئۆجەلان) تەنگاوی وڵاتی تورکیا دەردەخەن.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەش کە رووداو و پێشهاتەکان چی لە کورد دەخوزان، دەڵێین: دەبێ حزب و لایەنەکان بەر لە هەموو شتێک دەستبەرداری گوتار و ئامانجی حزبی ببن و بە گوتار و ئامانجی نەتەوەییەوە بچنە ناو رووداو و پێشهاتەکان، حزبەکان بۆ کەمە دەستکەوتێکی کەسی و حزبی چیتر ئەم داگیرکار و ئەو داگیرکار لەسەر یەکتری نەکەنە کارت و هەڕەشە، وەک ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بۆ دەستکەوتێکی حزبی و لەناو حزبەکەشدا بۆ دەستکەوتێکی کەسی و بنەماڵەیی، سوپای پاسداران و حەشدی لەسەر خەونی لە مێژینەی کورد کە سەربەخۆیی کوردستان بوو کرانە کارت و هەڕەشە.
دەبێ لە هەر گۆڕانکارییەک لە ناوچەکە تایبەتمەندی سیاسی و سەبازی بەشەکانی کوردستان لەبەر چاو بگیرێ و حزبێکی ئەو پارچە دەستوەردان لە پارچەکانی تر نەکات، وەک ئەوەی ئێستا (پەکەکە) لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەستوەردان دەکات، لە باتی ئەو دەستوەردانە پێویستە هاوکاری و هەماهەنگی یەکتری بکەن.
گومان لەوەدا نییە ئەگەر کوردایەتی کردن و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکا ەکان نەکەینە خواست و ئامانجی داهاتوومان، ئەوا لە ئەگەری هەر گۆڕاکارییەک وەک رابردوو بەشمان چنینەوەی مەینەت و خوێن و کارەسات دەبێ و خۆمان تەمەنی ژێردەستەیی خۆمان درێژ دەکەنەوە، بە پێچەوانەشەوە بەو ئامانجە دەگەین کە ڕێ لە دووبارە بوونەوەى مەینەت و کارەساتە نەتەوەییەکانی رابردوومان دەگرین.