كەركووك لەنێوان گۆڕانكارییەكانی جیۆسیاسی و ئابووریدا

كەركووك لەنێوان گۆڕانكارییەكانی جیۆسیاسی و ئابووریدا
كێشەی كەركووك كێشەیەكی هەڵپەسێردراو نییە لەوەتەی ساڵی2005ەوە، بەڵكو كێشەی سەدەیەكە لەنێوان كوردو حكومەتە یەك لە دوای یەكەكەكانی عێراق، دیارە تاكە زەرەرمەندیش عەرەب و كورد و توركمان و كریستیانن لە كەركووك و سەرتاسەری عێراق، دوای ئەو هەموو قەیران و شەڕ و كێشەی سیاسی و ئابووری، پرسیارێكی گرنگ دێتەپێشەوە كە ئایا هیچ ئەگەرێك لەبەردەستدایە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە ئاڵۆزە؟ ئەگەر نەبێت هەردوو حكومەتی كوردستان و عێراق چۆن دەتوانن مامەڵە بكەن و بگەنە چارەسەرگەلێك كە بە دڵی هەردوو لا بێت؟ بە رای من پێویستە گەنگەشەكردنی بارودۆخی ناوخۆیی و دەرەكیی سیاسی و ئابووری لەبەر رۆشنایی دەرهاویشتەكان و تێگەیشتنی عەقڵییەتی بەرامبەر ئەنجام بدرێت، ئەوكاتە دەكرێ لە بارودۆخی ئێستا و ستراتیجیەتی كاركردن لە حكومەتی تازەی كوردستان بگەین.
یەكەم: گۆڕانكارییە سیاسییەكان:
پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز لە كوردستانی عێراق دەبێتە حكومەتێكی خاوەن كارامەیی و دامەزراوەیی، ئەمەش دەبێتەهۆی هێنانەكایەی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری لە هەرێمی كوردستاندا، پێموایە ئەمە دەبێتە بەرنامەی حكومەتی تازە لە هەرێمی كوردستان، لە ئەنجامدا ئەمە شێوازێكە بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ لە بەغدا، لەو كێشانەش دەركردنی یاسای نەوت و غازی فیدڕاڵ و كاراكردنی ماددەی (140)ی دەستووری عێراقییە بۆ چارەسەركردنی كێشەی هەڵپەسێردراوی كەركووك لەوەتەی ساڵی 2005ەوە تا ئێستا، هەروەها یەكلاكردنەوەی مووچەی هێزی پێشمەرگە هاوتای سوپای عێراق، هیوادارین هەماهەنگییەكی ئاستبەرز بێتەئاراوە لەنێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی عێراق دەربارەی بنەماكانی ماددەی (140)ی دەستووری عێراق و نهێنیی جێبەجێكردنی ماددەی ناوبراو، وێڕای هەماهەنگیی پتەو لەنێوان حكومەتی تازەی هەرێم و حكومەتی عادل عەبدولمەهدی كە دەبێتەهۆی چارەسەركردنی زۆربەی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند، كە ئەمە خزمەتی بەرژەوەندیی هەردوو گەل دەكات لە هەرێم و عێراق، هەروەها كاراكردنەوە و لێكنزیكبوونەوەی میدیای نێوان هەرێم و ناوەند دەبێتەهۆی كرانەویەك لە نێوانیان و ئاگاداربوونی گەلانی هەردوو لا لە كولتووری یەكدی و بەتینكردنی پەیوەندیی نێوان خەڵكی كەركووك و هەرێمی كوردستان، لەمیانی ئەو رۆڵەی كە میدیاكان دەیبینن، سەرباری چالاكییەكانی لاوان وەك تیپە وەرزشی و هونەری و رۆشنبیرییەكانی نێوان لاوانی كەركووك و هەرێم، هاوكات لێكگەیشتنی نێوان هەدوو حكومەت لە هەولێر و بەغدا زۆر كێشە و ناكۆكی چارەسەر دەكات كە دوای 15ی ئۆكتۆبەری 2017 لە كەركووك هاتوونەتەئاراوە..
هیوادارین چارەسەرییەكانی عێراق بێ دەستێوەردانی دەرەكی بن، چونكە تاكە زەمانەتی چارەسەری كێشەی كەركووك دەستووری عێراقە بە ماددەی (140)، بەڵام كاركردن بە پڕۆژە دەرەكییەكان بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات، هاوكات هەر سەرپێچییەكی دەستووریش رەوشەكە سەختتر دەكات، هەروەها ناكرێ قوربانییەكانی هێزی پێشمەرگە لە چوار ساڵی رابردوودا لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی داعشی تیرۆریست لە كەركووك نادیدە بگرین، دیسان نابێت وتە بەناوبانگەكەی سەركردەی نەمر مەلا مستەفا بارزانی لەبیربكەین و دوای ئەویش كاك مسعود بارزانی كە (كەركووك دڵی كوردستانە)، ئەمەش خۆی لەخۆیدا بەڵگەی كاری جددی و بەردەوامی رێبازی خەباتی ئەو كەڵەپیاوانەیە كە مێژووی كۆن و نوێ بە رێزو شانازییەوە هەمیشە یادیان دەكاتەوە.
گۆڕانكارییە سیاسییەكانی نوێ لەمیانی فشاری ئەمریكا بۆ سەر ئێران و هاوپەیمانانی لە عێراق گوشاری سەر كەركووك هەڵدەگرێت، كە ئەمەش ئاسانكارییە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەركووك لە رێی گفتوگۆیەكی جددی و بنیاتنەرانە لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ چارەسەری كێشەی كەركووك بە رێگای یاسایی و دەستووری و دوور لە سەپاندنی چارەسەری ئامادەكراو.
یەكێك لە ئەولەوییاتی قۆناغەكە لە كەركووك بریتییە لە وەدەرنانی هێزەكان بە هەموو ناوەكانیانەوە و رادەستكردنی دۆسێی ئەمنیی كەركووك لە ناوخۆ بە پۆلیس و لە دەرەوەش بە هێزەكانی سوپا و هێزی پێشمەرگە، لەم حاڵەتەشدا خەڵكی كەركووك لە سەلامەتیی ژیانیان دڵنیا دەبن، هاوكات كاركردنی رۆڵی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك و كردنەوەی هەموو بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە ئەو حزبە بنكەیەكی فراوانی جەماوەریی هەیە و رێكخستنەكانیشی تەنیا بۆ كورد نییە، بەڵكو هەموو نەتەوەكانی دیكەی كەركووك دەگرێتەوە.
دووەم: گۆڕانكارییەكانی ئابووری:
سەپاندنی سزا ئابوورییەكان بەسەر ئێران و سفركردنی هەناردەی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە، دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی ئابووری لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكەی عێراق، ئەمەش بە واتای ئەوەی كە هەرێمی كوردستان توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی زیاد دەكات، هەروەها توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتیش لە كەركووك دەگاتە یەك ملیۆن بەرمیل، ئەمەش وایكرد كە بەڕێز مەولود چاوش ئۆغلوی وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی بەغدا و هەولێر بكات، لەپێناو زیادكردنی پشكی هەناردەی نەوت لە هەرێمی كوردستان بە بۆریی توركیادا بۆ بازاڕەكانی جیهان، هەروەها هەناردەی نەوتی كەركووك بە رێی بۆریی كوردستان بۆ توركیا، بەڵام ئەو هەموو شتانە پەیوەستە بە سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆ كە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیڕەوی دەكات و چوونە نێو جەمسەری ئەمریكاوە، نەك ئێران، بە پێچەوانەوە عێراق دەباتە نێو گێژاوی كاولكاری و كارەساتەوە، ئەمەش وا لە ئەمریكا دەكات ستراتیجیەتی خۆی لە عێراق بگۆڕێت.
لەبەر رۆشنایی ئەم گۆڕانكارییانەدا دەتوانین دەرفەتێك رەچاو بكەین بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ و بەتایبەتیش كێشەی كەركووك.
پێویستە هەوڵبدەین لەپێناو رەخساندنی زەمینەیەكی گونجاو بۆ پێكەوەژیانی نێوان هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق و گەلی كوردستان، هەروەها پەرەپێدانی ئابووری و هێنانەكایەی كەشوهەوایەكی لەبار بۆ بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، هاوكات بەهێزكردنی حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵ و دەركردنی هەموو میلیشیا و هێزە نانیشتمانییەكان لە كەركووك تا خەڵكەكە لە هێمنی و ئاسوودەییدا بژین، دیارە بێ ئەم رێكارانەش نە ئاسایش و نە سەقامگیری و نە بووژانەوەی ئابووری لە كەركووك دێنەئاراوە.

Top