یەكێتی و رێککەوتن و دیسان پەشیمان بوونەوە

یەكێتی و رێککەوتن و دیسان پەشیمان بوونەوە
دەنگۆی ئەوە هەیە یەکێتی لە رێککەوتنەکەی نێوان خۆی و پارتی پەشیمان بووبێتەوە، جا ئەگەر ئەو دەنگۆیە راست بێ، ئەوە دووەمین جارە یەکێتی بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و بە بەر چاوی میدیاکان و بەدەم چەپڵە رێزانەوە رێککەوتن لەگەڵ پارتی واژۆ دەکا و دوای چەند کاتژمێرێکی کەم پەشیمان دەبێتەوە، رێککەوتن و پەشیمان بوونەوە و دیسان رێککەوتن و دیسان پەشمان بوونەوە لای یەکێتی ئاساییە و دەبێ خەڵک و پارتی و لایەنەکانی تریش بە ئاسایی وەربگرن، چونکە رێککەوتنی یەکێتی دەبێ بە چەندین فیلتەردا ببرێ و هەموو فیلتەرەکانیش لە فیلتەری بەرژەوەندی خۆیانی بدەن، جا ئەگەر لە یەکێک لەو فیلتەرانە گیر بوو، ئەوا هەرچی رستراوە دەبێتەوە بە خوری.
بەڵام ئەوەی نابێ ئەو پەشیمان بوونەوانە بە ئاسایی وەربگرێ، خودی کاک کۆسرەت رەسوڵی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی و لە ئێستادا کەسی یەکەمی ئەو حزبەیە، چونکە هەردوو رێککەوتنەکە بە واژۆی ئەو و دوای کۆبوونەوەى مەکتەبی سیاسی و بڕیاردان لەسەر رێککەوتنەکە کراون، بۆیە ئەو پەشیمان بوونەوانە بەر لەوەی پەیام بن بۆ پارتی، لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ خەبات و ماندوو بوونی کاک کۆسرەت، پەیامی سووکایەتی کردنە بە کاک کۆسرەت رەسوڵ و دەیانەوێ بەو پەیامە پێی بڵێن: هیچ بڕیارێک لای تۆ و مەکتەبی سیاسی نییە، بڕیار لای ئێمەی ماڵی برایم ئەحمەد و مام جەلالە و دەبێ ئێمە بڕیار لەسەر جێبەجێ کردنی بڕیاری مەکتەبی سیاسی و تۆی بەناو جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی بدەن.
Top