بە ڕەش دەڵێن سپی!

بە ڕەش دەڵێن سپی!
(بەوانە بڵێ کە هەوڵدەدەن وێرانمان بکەن، جوانی ڕۆحی ئێمە نابەزێندرێ) "لیۆ تۆڵستۆی"
(کەسی گەش بین لەپەنجەرەوە سەیری دەرەوە دەکات جوانی هەڵهاتنی خۆر ئەبینێ، بەڵام رەشبین تەنها پیسی پەنجەرەکە ئەبینێ) " دیل کارنگی"
بیاندوێنە شەرحی خۆیانت بۆدەکەن، پەڕلەمانتارێک لە گروپی ئۆپۆزیسیۆن، لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەبارەی نەهج و میتۆدی کارکردنیانەوە وەک ئۆپۆزیسیۆن لە چوارساڵی داهاتوودا دەڵێت: (لە هەرێمی کوردستان بەخراپ دەڵێین خراپ، بەباشیش دەڵێین خراپ!) ئالێرەوە تێدەگەین لەگەڵ چی جۆرە عەقڵیەتێک و مینتاڵیتەیدێک دەرگیرین، لەگەڵ چۆن هێز و گروپێک ڕووبەڕوو دەبینەوە، بەڵێ (بەباشیش دەڵێین خراپ!) باشە جگە لە بەرژەوەندی تەسکی کەسی و حیزبی و عەقڵیەتی پاشکەووتەیی چی وادەکات (بەباشیش بڵێین خراپ!) جگە لە مەستیەکی شیتانە بە گەیشتنە دەسەڵات و خراپ تێگەیشتن لە ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن،وە ئەوەی پێدەوترێت (تەڕ و وشک پێکەوە سووتاندن) چیتر لە پشت ئەم تێگەیشتن و مامەڵەکردنەوەیە.
ئێمە دەزانین ئەرکی دەسەڵات و حیزبەکانی حکومڕان چیە، هەڵبەت حیزبە باڵادەستەکان کە ڕەگ وڕیشەیەکی قوڵیان لەم وڵاتەدا هەیە، لەڕێگەی جۆرەها ئۆرگان و ئامرازەوە لەمسی کۆمەڵگاو پێویستیەکانی قۆناغەکە و داخوازییەکانی خەڵک دەکەن، هەروەها بوونیشیان لە پرۆسەی حکومڕانیدا بۆ نزیکەی سێ دەیە ئەزموون و کارامەی زیاتری پێبەخشیوون، هەربۆیە باش لەوەدەگەن ئەرکی دەسەڵات چیە؟ ڕوانگە و ڕەهەندێکی جوان و گەشی حیزبە باڵادەستەکان ئەوەیە لە پاڵ ناساندنی باشی و دەستەکەوتەکاندا نکۆڵی لە خراپی و کەمووکوڕییەکان ناکەن( بەباش دەڵێن باش، بەخراپیش دەڵێن خراپ) خراپەکانمان وەک باش بۆ وێناناکەن.
ئایا هەر بەڕاستی ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن چیە لە پرۆسەی دیموکراسییدا؟! لەماوەی زیاتر لە دە ساڵی ڕابردوودا، بەشێک لە حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بانگەشەی ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆیان دەکەن، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن بوون بەکام تێگەیشتن و پاشخانی کولتوری ئۆپۆزیسیۆنبوونەوە؟! لە هەرێمی کوردستان یەکێک لەپەتاو درمە کوشندەکانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن، ئەو ڕق و قینلەدڵی و ڕۆحی تۆڵەسەندنەوە و شەڕنگێزییەیە کەلە سەرکردایەتی ئەو هێزانەدایە کە خۆیان ناودەنێن ئۆپۆزیسیۆن!ئەوان لە بنەڕەتدا بەشوێن چاکەی گشتی و هێنانەبوونی قۆناغێکی نوێ و پێشکەووتودانین! هەربۆیە (بەباشیش دەڵێین خراپ!) ئەمەش گەواهی ئەوەیە خوێندنەوە و هەڵوێستەکانیان تاسەر ئێسقان نوقمی ئایدلۆژیا و گیانی خۆپەرستییە، ئەگەرچی ئەوان خۆیان وەک تاقمێکی نوێخواز و مومتاز دەناسێنن! لە ڕاستیدا ئەوان کەونەخوازن، ئەستەنگ و کۆسپی بەردەم پێشکەووتنن.
ئەوەی ئەوان بیری لێدەکەنەوە و بەگەڕیدەخەن سیاسەتێکی مرۆڤدۆستانە و نیشتمانی نییە، ئەوان ڕێگایەکیان گرتۆتبەر لە پۆپۆلیزم و فاشیەتدا کۆتاییدێت.
Top