رێزلێنان لە ئەدیب و رۆشنبیر و هونەرمەندان

رێزلێنان لە ئەدیب و  رۆشنبیر و هونەرمەندان
مرۆڤ لە ژیاندا لە كار و كۆششدایە و ئومێدی زۆرە لەو كۆششەیدا بە ئامانج بگات و بەرهەمی باشی هەبێ، لەوەش خۆشتر ئەوەیە كە بزانێت بەرهەمەكەی جێی خۆی گرتووە و لە ئاست ماندووبوونیشدا بۆ رۆڵەكانی نەتەوەكەی، پێزانین و ئەمەكداری هەیە. لەسەر ئەو بنەمایە، رێزلێنان لە هەر كەسایەتییەك كە هونەری بێ، یان نووسەر و ئەدیب، رۆشنبیر بێ، یان داهێنەر لە هەر بوارێكی ژیاندا، لە بەرامبەر بە كار و ماندووبوونیدا هێزێكی گەورەی مەعنەوی پێدەبەخشێ و دوای هەموو شەكەتی و ماندووبوونی ئەو رێگا دوورەی ساڵەهای ساڵە گرتوویەتەبەر، دەحەسێتەوە و ئاسوودە و دڵخۆش دەبێ.
لەناو كورددا تازە خەریكە ئەو كولتوورە دادەمەزرێ، كە تا كەسی داهێنەر و بەخششكار لە ژیاندایە، رێزی لێ بگیرێ و دڵی خۆش بكرێ، ئەمەش دەستپێكێكی باشە بۆ هەموو ئەوانەی رێبواری رێی خزمەت و داهێنانن و لەسەر كارەكەیان سوورتر و پشتقایمتریان دەكا.
لەم چەند رۆژەی رابردوودا دوو رێزلێنان بۆ دوو كەسایەتیی گەورەی گەلەكەمان كرا، كە تەواوی تەمەنی خۆیان، لە ساردی و گەرمی، لە خۆشی و ناخۆشی، لە ترس و ئاشتیدا لە رێی تێگەیاندن و پێگەیاندنی رۆڵەكانی گەلەكەیان بردە سەر، ئەوانیش نووسەر و مێژوونووس (كەلیمەڵا تەوەحودی) لە لایەن ئەكادیمیای كوردی، هەروەها شانۆكار و هونەرمەندی گەورە مامۆستا (ئەحمەد سالار) لەلایەن دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو.
باشیی ئەم كولتوورە لەوەدایە، كە كەسی رەنجدەر هەست دەكا و دڵنیا دەبێتەوە كە رەنجی بەخۆڕا نەچووە، هەست دەكات كە بەرهەمی رەنجی گەیشتووەتە ئەوانەی پێویستیان پێیەتی، هەستیش دەكات كە دوای خۆی كاروانەكەی بەردەوام دەبێ و ئەوەی ئەو چاندوویەتی، درەختێكی بەردارە و نەوە دوای نەوە لێی دەخۆن، ئەمەش بەسە بۆ كەسێك كە لە ژیانیدا بۆ ئامانجێك تێكۆشابێ، هاوكات دڵگەرمی و پشتوانییەكیشە بۆ ئەوانەی ئێستا لەسەر راستەڕێی ئەو رێگایەدان و بە دڵسۆزی و پاكی و خۆنەویستییەوە خەریكی خزمەتكردنی گەلەكەیانن، لە هەر بوارێكدا بێ. ئەمە وا دەكا، ئێمەمانان ئەگەر ئەو خزمەتەمان بە نسیب بووە و كارێكمان كردووە، هەست بكەین دواڕۆژ نرخ و بەها بۆ ئەو ماندووبوون و شەونخوونییە دادەنرێ.
سەرەنجامی هەموو كارێكی باشیش باشەیە و بۆ هەموو باشەیەكیش پاداشت هەیە، چ لەم دونیایەدا بێ و چ لەو دونیا.
بۆیە زۆر گرنگە حكوومەت و دەزگا و دامەزراوە تایبەت و گشتییەكان، پەرە بەم كولتوورە بدەن و رێز لە هەموو ئەو كەسایەتییانە بگرن كە داهێنان و دەستڕەنجێكی سوودبەخشیان هەیە، بۆ ئەوەی كولتوورەكە بۆ ناو دەماری یەكە بە یەكەی تاكەكان شۆڕ ببێتەوە و هەر كەسە و لای خۆیەوە هەوڵ و كۆشش بكات بۆ جوانكردنی ژیان و خزمەتكردنی مرۆڤایەتی. ئێمەی كوردیش لە خەڵكی دیكە زیاتر پێوستمان بە خزمەت و كەسانی خزمەتكار و داهێنەر هەیە.


Top