(سکۆلاریزم وبونیاتگەرایی ئایینی)
May 5, 2019
وتار و بیروڕا
سکۆلاریزم لازیمەی دیموکراسیە و لە بەرامبەرئەمەدا دیموکراسی و بونیاتگەرایی ئاینی ئەو دوو جەمسەرەن دژ بەیەکن کەهیچکات بەیەک ناگەن و هەرگیز سازش لەنێوانیاندا بەرقەرارنابێت٫ دیارە لێرەدا مەبەست لە بونیاتگەرایی ئاینی ٫مەبەستمان لە باوەڕو خواپەرستی نییە ٫بەڵکو ئەو هێزە سیاسیانەیە کەئاین وەک چەکێک بەکاردێنن لەپێناوی گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی کەئەمەش لەڕاستی دا هێزە ئیسلامیەکان ناگرێتەوە بەڵکو مەسیحی و جولەکەو هەرهێزێکی سیاسی یان ئاینی تر هەر ڕاستە . ڕیشەی کێشەی نێوان دیموکراسی و بونیاتگەرایی ئاینی سەدان ساڵەیە و لە بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوادا هەیەو تائەودەمەی هێشتا دەوڵەت و کڵێسا لەیەکتر جیانەکرابونەوەو دەسەڵاتی پیاوانی ئاینی بەسەردەوڵەتدا زاڵبوو ٫ دیموکراسی پەرەسەندن و پێشکەوتنی بەخۆیەوە نەبینی
بەڵام لەلایەکی تریشەوە هەرچەند هەندێک هێزی بونیاتگەرایی هەن لافی دیموکراسی لێدەدەن بەڵام دیموکراسی بونیادتگەرایی لە واقیعدا بونیان نییە .
مەگەر یەکێک لەو دوانەی باسی دەکەین ببنە قوربانی ئەویتریان هەرئەمەشە لەڕۆژئاوادا ڕوودەدات
کە بونیاتگەرایی بوەتە قوربانی دیموکراسی ٫ وە ئەوپارتانەی بە دیموکراسی ئاینێک ناودەبرێن تەنها بەرگێکی ئاینیان هەیە دەنا لەناوەڕۆکدا لەڕووی باوەڕهێنان بە سکۆلاریزمەوە هیچ جیاوازیکیان لەگەڵ پارتە سیاسیە سکۆلاریستەکانی تردا نیە ٫
بەڵام نابێت بیرمان بچێت کە چەسپاندنی دیموکراسی بەتەنها بەلایەنی دەسەڵات ناکرێت بەڵکو دەبێت سەرجەم لایەنەکانی تریش هەماهەنگ بن بۆ هەمان مەبەست بەجیاوازی بیروڕاشیانەوە چونکە لە ئێستادا هەندێک لایەن باس لە مافەکانیان دەکەن بەڵام لەبەامبەر ئەرکەکانیاندا بئ خەبەرن٫ بەتایبەت لەو وڵاتانەی تازە هەنگاو دەنێن بەرەو دیموکراسی هەروابەئاسانی کێشەکان چارەسەر نابن تا لێکدانەوە ئاینیەکان و هەندێک کلتوری باو نەگۆردرێت بۆ بیری سەردەمیانەی گونجاو لە کۆمەڵگەکەدا٫ بۆچونێکی (هیگڵ) هەیە کە پێی وایە تا ڕیفۆرمی ئاینی نەکرێت و دەستە ڕۆشنبیرییەکان و گۆڕینی جوملە شۆڕشگێڕییەکان گۆڕانکاریان تێدانەکرێت تازەگەریش ڕوونادات ٫کاتێک باس لە ڕیفۆرمی ئاینی و ڕەخنە دەکرێت مەبەست لە کتێب و فەرموودەو خوادا نیە بەڵکو ڕەخنەیە لە شێوازی لێکدانەوەو بیری چەق بەستنە و دواکەوتنە لە سەردەم بەمانایەکی تر ڕەخنەیە لە و بۆچونە سیاسیانەی کەلەژێر پەردەی ئایندا خۆیان شاردوەتەوە . هەرچەندە ئێستا بەڕووکەش جۆرێک لە گەشەکردنی بونیاتگەرایی لەزۆرناوچەی جیهان بەدی دەکرێت بەڵام کورت خایەنەو تەوژمێکی بەردەوام نیە٫
بۆیە پەیڕەوانی بونیاتگەرایی لەبەردەم دوو ڕێگەدان یان هەنگاونان لە پێناو گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە کەبەشێوازێک لە مامەڵەکردن لەگەڵ سەردەمدا گونجاوبێت بەواتایەکی تر پەنابردنە بەر ئەقڵگەرایی یانیش هەرگیز چاوەڕوانی سەرکەوتن نەبن ٫ چونکە ئەوەندەی ئاین بەدەست پەیڕەوانیەوە زیانی بەرکەوتووە هێندە بەدەست سیستمە سکۆلاریستەکانەوە زیانی پێنەگەیەنراوە ٫ چونکە دیموکراسی ئەرکیەتی ئازادی و ئاسانکاری بۆ خواپەرستی و هەموو ئاینێک بکات
ئەگەروانەبوو ئەوە هەر دیموکراسی نیە.
فاکتەرێکی تری گرنگی ئەم بوارە بریتی یە لە کاریگەری بەرنامەی پارتە سیاسیەکان کە ئێجگار کاریگەری تەواوی هەیە بەسەر گۆرینی هزری تاکەکانی کۆمەڵکە بەو هۆکارەی زۆربەی دانیشتوانی ئێمە دابەشبون بەسەر پارتەسیاسیەکاندا کەئەمەش وادەکات باوەڕیان بەو هزرو بیرکردنەوەبێت کە ئەوپارتەکاری لەسەردەکات واتە پارتەسیاسیەکان دەتوانن لەنێوان دیموکراسی و بونیاتگرایی ئاینی دا نزیکبونەوەو لێکدابڕانیش دروست بکەن ٫
خاڵێکی تر لەم مەسەلەیەدا دەبێت بوترێت ئەویش ئەوەیە کە زۆرینەوکەمینە هەربووەو دەبێت بەڵام خاڵی بەهێز ئەوەیە کاتێک زۆرینە سەردەکەوێت کەواتە ئازادی زیاتری بەدەست هێناوە و پێویسته کاربۆ ئارامی زیاتربکات لەبەرامبەرا کەمینە پێویستی بەو ئازادییەیە کە زۆرینە بەدەستی هێناوە واتە زۆرینە دەبێت فشارلەسەر کەمینەنەکات و بواری پێبدات سود لە باشیەکانی زۆرینەوەربگرێت و ماف و ئازادیەکانی پارێزراوبێت و لەبەرامبەرداکەمینەش ڕێز لە سەرکەوتنی زۆرینە بگرێت و پەیڕەوی ئەو دیموکراسیەبکات کە خەڵک بڕیاری لەسەرداوە بەمەش وێنەیەکی جوانی پەیوەندی نێوان سکۆلاریزم و بونیاتگەرایی و دیموکراسی نیشان دەدەین.