تۆ دەتەوێت پارتی بڕوخێنیت؟! دەبێت لە پارتی باشتر بەرهەم بهێنیت دەیهێنیت؟ نایهێنیت!
May 2, 2019
وتار و بیروڕا
ژینگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بواری بە فرەی داوە، بە تایبەت فرەیی لە حیزبەیاتی و دروستبوونی ڕێکخراو و جوڵانەوەی سیاسیی بە باکگراوند و ئایدیایی جیاواز، ئەمەش گەوهەری دیموکراسیی و قبوڵکردنی جیاوازییە، ئەم ڕەهەندە گەشەی ژینگەی سیاسییمان دەهێنێت لێی ڕابمێنین و باشتر هەلاجی بکەین، لەوەی کێ خاوەنی ئەم ڕەهەند و ڕوانگە ئیجابییەیە، کێ خالق و بەدیهێنەریەتی، لەوەی لەم ڕۆژهەڵاتی مەرگ و خوێنەدا کە نغرۆی ئایدۆلۆژیا و ئاین و مەزهەبگەرییە، ڕۆژهەڵاتێک بەم هەموو نائارامی و کوشتارەوە، لێ هەرێمێکیی کوردستانی ئارام دەڕسکێت و دەتوانێت بۆ سێ دەیە بەردەوامبێت، بە خوێندنەوەی مێژوو و ڕەووتی ڕووداوەکان، بە شیکاریی هەڵوێستی خەڵک و حیزبەکان و نرخاندنی جوڵەی سەرکردە سیاسییەکان، دەگەینە ئەو ڕاستیەیی لە ئاستی گشتییدا کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکە گۆڕنکاری و نوێبوونەوە قبوڵدەکات، ئامادەیە دەست و پەنجە لەگەڵ دیاردە و چەمک و داهێنراوە نوێکان نەرم بکات، لەسەر ئاستی هەڵوێست و رەوتاری حیزبەکانیش ئەوا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەری هەیە لە بوونیاتنانی حکومڕانیەک کە تیادا ڕەنگ و ئایدیا جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان پێکەوە هەڵبکەن، پارتی وەک گەورە هێزی کوردستان، پێکهاتن و تەوافق و سازانی نیشتمانی کردۆتە ئامرازی تێپەڕاندنی قۆناغەکە، بەرەوو قوناغێک کیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بگاتە کەناری ئارام.
ئەوەی پاڵنەر و مۆتیڤیپشت ئەم نووسینەیە، ئەو هێرشە چەواشەکاریە چڕوپڕە نالۆژیکی و ناعەقڵانیەیە، کە چەن گروپ و تاقم و باندێک، بە ئیستیغلالکردنی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیالمیدیا دەیکەن بۆ چەواشەکردنی ڕایگشتی و بەلاڕیدابردنی ڕاستیەکان،
ئیرھابی فیکری لە ڕێگەی کتێبی بەرگ ئەستورە وە، سەرلێشواندنی خەڵک لە ڕێگەی وردە نوخبەو رۆشنبیریی ھەل پەرست و خۆپەرستەوە، لە ڕێگای میدیایی بەناو ئەھلی و بێلایەن و سەربەخۆوە، بە بەکارھێنانی تۆڕێکی فراوان لە کادرۆکەی دەمھەراشی قیڕە قیڕکەرەوە، لێوانڕێژن لە شەھوەتی خۆپەرستی و خۆسەپاندن،بەوەی هۆکاری دواکەوتنی ژیان و خزمەتگوزارییە گشتیەکان لە پارێزگای سلێمانی بەخەنە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرکەوتنی ئیداریی لە پارێزگای هەولێر و دهۆک و دەڤەری بادینان بۆتە جێگای قسە و باسی خەڵک، وە لە ئێستادا خەڵک و جەماوەر پێزانینیان هەیە بۆ ئاوەدانی و ئارامی و خۆشبژێویی خەڵک لە پارێزگای هەولێر و دهۆک و دەڤەری بادینان، بۆ کەمکردنەوە لەو بایەخە گەورەییەی خەڵک و ڕوونبوونەوەی ڕایگشتی، شەپۆلێکی گەورەی چەواشەکاری دەستی پێکردوە، لەوەی پارتی ڕێگرە لە خزمەتکردنی خەڵکی پارێزگای سلێمانی و هەڵبجە و دەڤەری ڕاپەرین و گەرمیان، ئەو گروپ و تاقمانە بێباکانە هەوڵی چەواشەکردنی ڕایگشتی دەدەن، ئەمە لە کاتێکدا ڕۆژانە لە سلێمانی و هەڵبجە و دەڤەری ڕاپەڕین و گەرمیان خەڵک لەسەر ئاستی گشتی و جەماوەرێکی فراوان، لە شوێنە گشتییەکاندا گفتوگۆی سەرکەوتنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن لە پارێزگای هەولێر و دهۆک و دەڤەری بادینان، ڕۆڵی تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنن، لە بەدیهێنانی ئاوەدانی و ئارامی.
تاوانبارکردنی پارتی ھیچ دەرئەنجام و لێکەوتەیەکی باشی بۆ ئاوەدانی سلێمانی بەدوادا نایەت، چۆنکە ئەسڵی کێشەکە و ڕیشەکانی وێرانکردنی سلێمانی حیزب و ھێزیتر خولقاندویانە، ئەو ھێزانە بەرۆکی سلێمانی بەر نادەن، کار بۆ ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانیشیان ناکەن،
ڕۆژانە دەیانکادرۆکەی حیزبی و کەناڵی میدیایی، بەخەڵکی شارەکە دەڵێن پارتی ڕێگرە لە ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی، ئەی بۆ پارتی ناتوانێت ڕێگە بگرێت لە خۆشگوزەرانی ئاغاکانی ئەوان، ئاغاکانیان نیشتەجێی شارەھاوچەرخ و ڤێلاو کۆشکە قەشەنگەکانن،ژیاناین بە هەموو پێویستیەکانیەوە مەیسەرە! ئەوە خەڵکی بەشمەینەتە باجی سیاسەتی چەوتی حیزبە باڵادەستەکانی دەڤەرەکە دەدات..
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەشبڵێین: خەڵک لەسەر ئاستی گشتی بە هیواو گەشبینیەوە دەڕوانێتە پرۆسەی سیاسیی، خەڵک چاوەڕوانی هەنگاوەگەورە و گرنگەکانی چالاککردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی نۆ و نوێی حکومەت و بەجێگەیاندنی بەڵێنی کوردستانێکی بەهێزن، لە ئێستادا خەڵک و ڕایگشتی باشتر لەو ڕاستیە دەگەن کە پارتی لە کوێبێت، ئاوەدانی و ئارامی لەوێیە.