لە باشوورەوە نامەیەک بۆ رۆژهەلات
May 1, 2019
وتار و بیروڕا
ئایا دەزانن ئامانەتێکی پێشەوا قازی لای بارزانی نەمرە و لە چاوەڕوانی ئەوەدایە بۆی بەرنەوە مەهاباد و لە سپێدەیەکی زوودا لە چوارچرا، چرای تۆڵەی پێ داگیرسێنن؟ بەڵام ئێستا ماوتانە و لە ئاستی چاوەڕوانی ئەو چاوەڕوانیە نەتەوەییەی پێشەوا قازیدا نین
ئایا دەزانن ئەگەر کەسێک بە تەنیا هەڵپەڕێ پێی دەڵێن شێت بووە؟ بەڵام ئەگەر چەند کەسێک دەستی یەکتری بگرن و بە یەکەوە هەڵپەڕن دەڵێن: ئەوانە شایی جوان دەزانن، بۆیە ئەگەر ئێوەش وەک حزب و تاک بە تاک بە دەوری گۆڕی شەهداندا بێن و بچن، ئەوا شەهیدەکان پێتان دەڵێن شێت بوون، بەڵام ئەگەر دەستی یەکتری بگرن و بە دەوری گۆڕی شەهیداندا بێن و بچن، پێتان دەڵێن: ئای ئەوانە رەشبەڵکی کوردایەتیان چەند جوان دەزانن و چەند جوان هەڵدەپەڕن.
ئایا دەزانن ئەگەر بە ئامانجی حزبییەوە بگەڕێنەوە رۆژهەڵاتی قازی؟ ئەوا (هەژار) موکریانی پێتان دەڵێ: هەڵۆی بەرزەفڕ بوون و لە بەرزاییەکانی مەهاباد بۆتان دەگەڕام، کەچی نەمزانی وەک داڵە کەرخۆرە لە دۆڵەکان سەرکز کەوتوون.
ئایا دەزنن ئەگەر وا بە پەرتەوازەیی بچنە ناو رووداوە چاوەڕوان کراوەکان (هێمن)ی شاعیر پێتان دەڵێ: هاتوون ببنە میوانمان، کەوتنە هەواری خاڵی.