روانگەی ئیسلام و پرسی ئاسایشی نیشتمانی

روانگەی ئیسلام و  پرسی ئاسایشی نیشتمانی

گەلی كورد بە حوكمی موسڵمانێتی و دۆخە كۆمەڵایەتی و مێژووییەكەی، هەمیشە دوو شت بە لایەوە گرنگ بووە و لێكی جیا نەكردۆتەوە: یەكەمیان: ئینتیما بۆ دین (ئایینی ئیسلام). دووەمیان: ئینتیما بۆ نەتەوە.
لەسەر ئەو دوو بنەما گرنگە كە تەواوكەری یەكترن، پرسی سەقامگیری و ئاسایشی نەتەوەیی پەرەی سەندووە، لەو نێوەدا ئیسلام وەك ئایین رۆڵی پێشەنگ و رابەری گێڕاوە، لە دابینكردنی ئەمن و ئارامیی وڵات و چارەسەركردنی زۆرێك لە كێشەكان.
ئەمن و ئاسایش بۆ هەر گەل و وڵاتێك، وێڕای ئەوەی نیعمەتی خوای گەورەیە، لە هەمان كات پێویستی و پرسێكی هەستیارە و سەرچاوەی ژیان و تێكڕای خۆشی و پێشكەوتن و گەشە كۆمەڵایەتییەكانە، خوای گەورە لە چەندین ئایەتی قوڕئانی پیرۆز باسی لەو نیعمەتە كردووە، یەكێ لە مەهام و كارو هەنگاوانەیی پێغەمبەرانیش فەراهەمكردنی ئارامیی كۆمەڵگە بووە، یەكەم دوعای پێغەمبەر ئیبراهیم (سەلامی خوای لەسەر بێ) بۆ دەستەبەربوونی ئاسایشی شارو وڵاتەكەی بووە، بە دەیەها فەرموودەی پێغەمبەرمان (درودی خوای لەسەر بێت) هەیە، باس لە گرنگیی ئەو پرسە دەكاو و، موسڵمانانی لێ هۆشیار دەكاتەوە.
ئیسلام وەك دوایین ئایین، سەرچاوەیەكی گرنگ و گەورەیە بۆ هێنانەدی ئەمن و ئارامی، ئەوەشی بە یەكێ لە ئامانجە بنەڕەتییەكانی شەریعەت ناساندووە، لەبەر ئەوە مەسەلەی ئەمن لە چوارچێوەی ئیسلامدا، هەڵقووڵاوی دەرەنجامی ئەو ئیمانەیە، كە لەسەر دەستی ئیماندار بۆ كۆمەڵگە بەرهەم دێت، پابەندیی دینداری و ئەكتیڤكردنی پتری رۆڵی مینبەر و گەڕانەوە بۆ پەیامی راستەقینەی ئیسلام و فیقهی ئیسلامی، بەو تێگەیشتە زانستی و لۆژیكییەی، كە گەورە زانایانی پێشوو چوارچێوەیان بۆ داڕشتووە، هۆكارێكی گرنگە بۆ پەرەسەندن و بەرەوپێشەوەبردنی پرسی ئەمن و ئاسایش لەهەر زەمان و زەمینێكدا.
ئیسلام پێشكەوتووە لە دانانی سیستەمی گونجاو بۆ هێنانەدی دۆخی ئەمنی، لەو سۆنگەوە پێویستە موسڵمانان رۆڵی دیاریان هەبێت لە پێناو بەرقەراركردنی ئاسایش بە هەموو جۆرەكانیەوە، بەو پێیەی ئەم ئەركە درێژەپێدەری رێبازی راستەقینەی پێغەمبەری ئیسلامە و لە بنەڕەتیشەوە چەمكی ئەمن لە ئیمانەوە هاتووە و، بە هەموو بەشەكانیەوە داخوازی و داوایەكی پێویست و رەوا و شەرعییە.
هەبوونی ئەمن و ئارامی لەناو هەر كیان و كۆمەڵگەیەك، بە قازانجی تێكڕای تاكەكان تەواو دەبێ، وڵاتیش لە هەموو روویەكەوە دەچێتە پێشەوە، تەنانەت لایەنی دینداری و بەجێگەیاندنی ئەركە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكانیش جوانتر ئەنجام دەدرێن.
ئیسلام لە مێژووی مرۆڤایەتی شۆڕشێك بوو، كە گۆڕانی بەسەر جیهان و واقعی میللەتاندا هێنا و، پەرەی بە ئەمن و ئاسایش دا، لەسەر بنەمای فكری و سیاسی و ئەخلاقی و رۆحی و كۆمەڵایەتی ئەم فكرەیەی دامەزراند و چەندین میكانیزمی بۆ دیاری كرد.
پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) وەك نێردراوێك لە لایەن خواوە بۆ مرۆڤایەتی، گرنگی زۆری داوە بە مەسەلەی (ئەمن) چ لە ژیانی ئاشتی و چ لە ژیانی جەنگ، لە دەقە پیرۆزەكانیشیەوە ئەمە دیارە، تەنانەت بەڕێوەبەری ئاسایشی بۆ شار دیاری كردووە، دوای ئەویش خەلیفە راشیدەكان بە هەمان شێوە بە پێی دەسەڵاتی خۆیان، كە حوكمی ئیسلامەتییە پەرەیان بە مەسەلەی ئەمنی قەومی داوە، چ لە رێی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و چ لە رێگەی تێكەڵاوییان لەگەڵ خەڵكەوە، ئیمامی ئەبوبەكری سدیق لە سەردەمی خەلافەتیدا فەرمانی دەركرد، عەبدوڵای كوڕی سەعید بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی خەڵك و ناوچەكە لە شەودا بەناو كوچە و كۆڵان و شاردا دەگەڕا، لە سەردەمی خەلافەتی ئیمامی عومەر (رەزای خوای لێ بێ) سەربازگە دروست كرا، تەنانەت هێز و سوپای لە خەڵكی مەدەنی جیا كردەوە، لە سەردەمی (ئەمەوییەكان)دا هێزی پۆلیس و پاراستن بۆ چاودێریكردنی كەسانی گومانلێكراو دیاریكرا، ناسنامەی باری كەسییان بۆ هاووڵاتیان دانا و سیستەمی چاودێریكردنی كەسانی گومانلێكراویان داهێنا، ئەمانە هەموو بۆ ئەوە بوون بتوانن سیستەمی ئیداری و سیاسی و كۆمەڵایەتی رێك بخەن و، كۆنتڕۆڵی ئەمن و ئاسایشی خەڵك و خاك و كۆمەڵگەی ئەوسا بكەن.
چونكە فەلسەفەی ئەمنی قەومی دەگەڕێتەوە سەر متمانەی تاك بە كیان و دەسەڵاتەوە، كاتێك ئەو متمانەیە هەبوو زۆر ئاسانە پەرە بە ئەمن بدرێ، بەڵام بەپێچەوانەوە مەسەلەكە دژوار دەبێ و، بنەما سەرەكییەكە تێك دەشكێت. پێویستە هەمووانیش ئەوە بزانین، كە هەبوونی ئەمن و ئاسایش لەناو هەر كیان و وڵاتێك، كاریگەری راستەوخۆ و هەمەلایەنە و یەكجار زۆر و باشی لە سەر رەوشی ژیان دەبێ، بە هۆیەوە مرۆڤ هەست بە ئۆقرەیی دەكا و كۆمەڵگەش لە زۆر رووەوە سوود و قازانجی پێ دەگات، لەوانە:
یەكەم: ژیان دەكەوێتە خۆشی و ئارامی و بە شێوەیەك تاكەكان هەست بە لەززەتی نیعمەتەكان دەكەن و خۆشی و رەفاهیەت بڵاو دەبێتەوە و، بە ئاسایی و دوور لە ترس و بیم گوزەرانی هاووڵاتیان بەڕێوەدەچێ.
دووەم: بواری شارستانیەت پێشكەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێ و زەمینەی كار و پرۆژە و هەنگاونان و بایەخدان بە سیستەمە كۆمەڵایەتییەكان پەرە دەستێنێ و بەرژەوەندییە گشتی و باڵاكان پارێزراو دەبن.
سێیەم: لە رووی ئابووری و گەشەی كۆمەڵایەتی و ئاوەدانی و پێشخستنی وڵات و دەستەبەركردنی پێداویستییەكانی ژیان، كۆمەڵگە دەكەوێتە بارێكی باش و رەوشێكی ئیجابییەوە.
چوراەم: سیستەمی خێزانی و جۆری پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان و بەهای رێز و تەبایی و برایەتی و پرۆسەی پەروەردە و خوێندن و پێكەوەژیان و هەلی كار و راییكردنی كاری رۆژانە و پلان و ئامانجە كەسی و تایبەتییەكان، دەكەونە یەك و زەمینەی باش و لەبارەیان بۆ دەڕەخسێ و پێشوەچوونی زۆر و بایەتییانە بەخۆیەوە دەبینن.
شەشەم: مافە گشتی و تایبەتییەكان پارێزراو دەبن و خەڵك بە ئاسانی دەتوانێ مومارەسەی مافە بنەڕەتی و سەرەتاییەكانی ژیانی خۆیان بكەن.
حەوتەم: دادپەروەری و سەقامگیری كۆمەڵایەتی و ئاشتی و زەمینەی حیواڕ و راوێژ و بیری میانڕەوی و هاوسەنگبی بڕیار و كارابوونی دادگا و ئارامی لە ناو وڵات بڵاو دەبێتەوە.
هەشتەم: زۆر بە ئاسانی مرۆڤ دەتوانێ دینداریی خۆی بكا و بە شێوەیەكی ئاسایی دروشمە ئایینییەكانی جێبەجێ بكات و بە ئاسانی بەشداری نوێژی بەكۆمەڵ و وتاری رۆژانی هەینی و تێكڕای مەراسیمە ئایینی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتییەكان بكات.
بۆیە هەمووان چ وەك (تاك) چ وەك (موسڵمان) لەمەڕ ئەو پرسە بەرپرسیارین، دەستەبەركردن و پاراستنی ئەمنییەت ئەركێكی ئیمانی و ئینسانیی گەورەیە، بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەركەش پێویستە هۆشیاری و دڵسۆزی پێویست لەناو تاكەكان بوونی هەبێ، نەخاسمە لەوەها قۆناغێك كە رووبەڕووبوونەوەی زۆرمان لە پێشە و هەڕەشەی گرووپی توندڕەو و تیرۆریستی لە دەورمانەوە نزیكە.

Top