ئەگەر كامێرا ئەبووم .....
April 28, 2019
وتار و بیروڕا
رێم نەدەدا لەسەر سێكوچكەیەك بەندم بكەن لە بەردەم سیاسییەكاندا داچەمێمەوەو مەجلیس و كۆڕ و كۆبوونەوە پڕ لە مایكەكانیان، بۆگەنی ناوگەڵ و دەمیان، بگوازمەوە..
ئەگەر من كامێرا ئەبووم..
لە جیاتی سیاسییەكان، ئەوا خۆم ئاوێزانی جوانی سروشت ئەكردو توند خۆم لە باوەشی لاولاوێك گرێ دەدا و دادەچەمیمەوە بۆ بۆن و بەرامی گوڵ، ئەستێرەو تریفەی مانگە شەوم نە دەتۆراند، هەرگیز بەرپرسەكانم نەدەدواند..
ئەگەر من كامێرا ئەبووم..
خۆم سەرقاڵی تەلەفزیۆن و بەرنامە بێسەروبەرەكانی میدیاكان نەدەكرد، نە دەبووم بە وێنەكێشی ستۆدیۆو شوێنە گشتییەكان، باڵەخانەكان و ئۆفیسی بەرپرسان و كەژاوەی ئۆتۆمبێلەكانیانم بەلاوە گرنگ نەدەبوون.. هەمویانم توڕ تێ هەڵدەدا..
ئەگەر من كامێرا دەبووم..
هیچ كات سەرنجم نەدەخستە سەر دەزگێڕو عارەبانەچییەكانی شار، مەینەتیەكانی خۆمم ئاوێزانی مەینەتییەکانی هەژارەكانی شار نە دەكرد، نەدەبوومە میوانی كەمئەندام و پیرو پەككەوتەو پەراوێزخراوانی شار، سەرنجی پڕ لە حەسرەتی ئەوانم تۆمار نەدەكرد نە با بەرپرسە مافیاگەراكان بیكەن بە مەزەی پێكی شەوە سوورەكانیان..
ئەگەر من كامێر ئەبووم..
فیلمە بیانیەكانم نە دەگواستەوە تا عەسابەكانی وڵات فێری سیخوڕی و چەتەیی نەبن، هەرچی فیلمی پۆلیسی هەیە قەدەغەم دەكردن با هەرزە بەرپرسەكان فێری تەڵە فعلی قۆڕ نەبن..
ئەگەر من كامێر ئەبووم..
مەینەت و حەسرەتی گەنجانم نەدەخستە پێشچاو، نەدەچوومە بنج و بنەوانی خەم و ئازارەكانیان، نەدەبوومە باعسی هەڵوەرینی هەزاران خەونی ئەرخەوانیان.. ئاهـ و حەسرەتی ئەوانم بە تریفەی مانگە شەو دەسپارد..
ئەگەر من كامێرا ئەبووم..
خراپی رێگاوبان و شەقامەكانم نەدەگواستنەوە كە بە قەد داوێنی بۆگەنی بەرپرسەكان پڕە لە چاڵی مەرگ و كارەسات.. تیشكم نەدەخستە سەر مەینەتییەكانی هاتووچۆ، كە رۆژانە خەونی دەیان ئازیزان لەگەڵ خۆیاندا بە خاك دەسپێرن.. كراسی رەشم نەدەكردە میوانی دایكە خێر لە خۆ نەدیوەكانیان..
ئەگەر من كامێرا ئەبووم..
گەندەڵان و بە هەدەردانی سامانی وڵاتم بەلاوە گرنگ نە دەبوو، نەدەچوومە بنج و بناوانی گرێبەست و بزنسە تایبەتیەكانیان.. خۆم سەرقاڵ نە دەكرد بەو بەرپرسانەی كە لەسەر لاشەی نیشتمان مشەخۆری دەكەن و هەڵدەتۆقێن..
ئەگەر من كامێر ئەبووم..
بەلای سیستمی پەروەردە نەدەچووم، نەمدەویست بزانم لە فێرگەو خوێندنگەو پەیمانگاو زانكۆكان چی دەگوزەرێ! خۆم لە كاروباری كۆنترۆڵی دەرمان و خۆراك هەڵنەدەقورتاند، دوورە پەرێز لە گرفت و خەمی گۆمەڵگەو ئازارەكانیان رادەمام و نامەوێت ئەو ساتانە تۆمار بكەم كە چۆن وەك بارانی پاییزە هیوا ژەنگ گرتووەكانیان بە ساڵێكی تر دەسپێرێن.. هەرگیز ڕووم نەدەكردە شوێنە گەشتیارییەكان كە بە دووكەڵی نەوتی سوتاوو وێران بووەو كەس لێی ناپرسێتەوە، هیچ كات زبڵ و خاشاكی هاوینە هەوارەكانم نەدەهێنایە ناو سكرینی ماڵەكانتان و خەمێكی ترم نەدەخستە سەر ئاهی ساردتان..
ئەگەر من كامێرا دەبووم..
بە ویستی ئەم و بەدەستی ئەو، بە هەوەسی فڵان و بەزەوقی فیسار، سیخوڕیم بەسەر عاشق و شەیدایان نەدەکرد، نەدەچوومە ژووری خەوتن و ژێر بەتانی و ژیانی تایبەتیان، خۆم لەناو گڵۆپ و پەردەو سەقف و دیوارو سەعات مەڵاس نەدەدا، ئەو خانمانەم وێنە نەدەگرتن كە خۆیان ڕووت دەكەنەوەو لە دوای شەكەتی كار و گەڕانەوەی بۆ ماڵ چۆن جلەكانیان فڕێ دەدەن و گوێ لە كام گۆرانی و میوزیك دەگرن و شەوانە خەون بە باڵای كام عەشقەوە دەبینن و خۆیان بۆ باڵای كام لاو رووت دەکەنەوە..
ئەگەر من كامێرا ئەبووم..
نامەوێت لەوێ بم.. نا هەرگیز نامەوێت لەوێ بم و ئەو كاتەی حۆرییەكان خۆیان رووت دەكەنەوە تۆمار بکەم.. نامەوێ لەسەر ئەو كانیە لە سووچێكدا وەك سیخوڕێكی رەزا گران خۆم بە تەنافی پەردەی ژووری نووستن هەڵواسم یان لەناو تابلۆ ئاوس بووەكە خۆم بشارمەوەو ئەو ساتانە بۆ دزو مافیاكانی سیاسەت تۆمار بكەم كە شەنگەبێری بۆ شەوێكی رۆمانسی لەگەڵ خۆشەویستەكەی قژی قەد قەد دەكاو بن هەڵگر و بەری دەتاشێ و بە سابوونی خۆشەویستی، پیسی چاوی زەوقسزەكانی سیاسەت لەخۆی پاك دەكاتەوە..
نا نامەوێت لەوێ بم.. نامەوێت خۆم لە وێنەی رۆژی بوكێنیەكەی، حەرام زادانە مەڵاس بدەم كە دەڕوانێتە سەر سیسەمی خەونە ئەرخەوانییەكانی، نامەوێت ئەو دیمەنە رۆمانسییە ببینم و ڤیدیۆی ئەو بێریڤانە بگرم كە باوەش بە خۆشەویستەكەی دەكات.. نا.. هەرگیز نامەوێت ئەو ساتانە بچركێنم كە شەقەی ماچ عەرشی ڤینۆس دەهەژێنێت..