نەوەی نوێ‌ لە جوڵانەوەی جەماوەری بۆچەواشە و دۆگما بون.

نەوەی نوێ‌ لە جوڵانەوەی جەماوەری بۆچەواشە و دۆگما بون.
لە دایك بون و سەر هەڵدانی حزب ئەوەندە بایەخدار نیە، بەقەد بنچینە و هۆكار و ئامانجی دروست بوون. ئەگەر بە دیقەت سەرنج بدەین، بۆمان روونە كۆمەڵێك حزب لە ژێردروشمی جیا دروست بوون هەر یەكەیان بە ئامانجێك كاریان كرد. ئەوانەی مەبەستدارن، دیدێكی ڕون و ئامانجی گەورەیان نیە، لەچەشنی گوڵن بە هاتنی تینێكی گەرم بەرەو هەڵوەرین دەڕۆن.
بەشێكی تر ئەو حزبانەن بەهزرێكی فراوان بۆ ئامانجی گەورە هاتوون، پڕۆگرام و پەیڕەویان روونە بێ‌ سڵەمینەوە خەمی سەربەخۆیی، خۆشژیان و ئازادی و بەرگری لە بەهای مرۆیی نەتەوەیان كردۆتە نیشان. ئەوانە وەك كێو بەرز و بەهێزن بەرگەی ساردی گەرمی دەگرن، لەبەردەم ناحەز و چاو چنۆكان قەڵای پۆڵا و دوژمن شكێنن، بونەتە چەتری حەوانەوە.
بێ‌ هەژمارحزبە هەلپەرستەكان دەبینین، بەڵام ئەوەی مەبەستمە وەك نمونە بیخەمە بەر دید، نەوەی نوێ‌ ئەو جوڵانەوەیەی لەم دوایە بە ناوی گەنج لە ژێر بارێك دروشمی ئەڵماسی بە قسە خەمخۆری خەڵك، هەوێنی چاكسازی، پەنای خەڵكی خاوەن تونا و شكێنەری بەربەستەكان خۆی دەرخست. بەو ناوەی ببنە گەورەترین هێزی جەماوەری كوردستان.
خەریكە تازە یەكەم بەهاری تەمەنی دەستپێدەكات، كەچی پەلە قاژە كەوتە نێوان كاربەدەستانی ئەو حزبە. چونكە لە بنەڕەتدا بە كۆمەڵێك مەرامی كەسی لە ژێر پەردەی خەمخۆری هاتن بە خەڵكیان گوت ئێمەین فریشتە بۆ هەڵگری خەمی ئێوە، بەڵام هەڵقوڵاوی زامێكی قوڵی حەز لە پارە و خۆ دەرخستن و ناو بانگ بوون، لە ئێستاوە خەریكە دەپوكێنەوە.
لە بنەڕەت كۆمەڵێك خۆ دەرخەر یەكیان گرت بەناوی خەڵك قسەیان لەسەر گشت جومگەكانی ئەو هەرێمەكرد. ئێستا بەربونەتە گیانی یەكتر و جادوی جوڵانەوەی نەوەی نوێیان ئاشكرا كرد، ئەوانەی لەو جوڵانەوەیەدا دەسەڵاتەكانیان كۆت و بەند كراوە، داوای بەشێك لەپارەی پەرلەمانتاریان لێ‌ دەكرێت وەك پشكی حزب ئامادە نین گوێ‌ ڕایەڵ بن.
لە لایەكی تر خۆیان بە دامەزرێنەری نەوەی نوێ‌ دەزانن كەچی خەریكە لە جومگەكانی بڕیار دور دەخرێنەوە نائاگا دەكرێن لە بڕیاردان و گوزەرانی جوڵانەوەكە و گڵۆپەكەیان درزی تێكەوت، سەرۆكی نەوەی نوێ‌ بۆ مەرامی خۆی دەستیكرد بە دامەزراندنی ئەم جوڵانەوەیە، تاكو بتوانێت خۆی بە ناوبانگ بكات، نزیك بێت لەسەرچاوەكانی داهات و پارە و پڕۆژەكانی بەرەو پێشەوە ببات، ویستی لەسەر پشتی ئەوانی تر سەركەوێت و بگات بەئامانجەكانی، ئەوانەی دەوریشی خەریكی فیكە و چەپڵە لێدانبن بۆی، خۆشی وەك عەسای بەختی ئەندامانی جوڵانەوەكە سەیربكرێت. لە ناویان وەك كارەكتەرێكی بەهێزی سیاسی دەربكەوێت. زۆری نەبرد ئەو كەسانەی بە شان و باڵیان هەڵئەدا لێی هەڵگەڕانەوە، تەنانەت خودی شاسوار عبدالواحید هێلكەی پیس دەرچوو.
بە پێی بەرنامەی خۆی ویستویەتی ئەم بەناو هێزە جەماوەریە بەرەو جوڵانەوەیكی پۆلیسی ببات خۆشی تێدا بكاتە بزنسێكی لەبن نەهاتوو، دەسەڵاتەكانی بەسەر كەس و كاری دابەش كردوە و دەروازە گرنگەكانی داوەتە خزمە یەكەمەكانی خۆی، باندێكی تۆقێنەری دروستكردوە بۆ ترساندنی ئەو كەسانەی هەڵوێستەكانی شاسواریان قبوڵ نیە دەنگی ناكۆكن.
لەپاڵ ئەوەدا دەستی بردۆتە زەوتكردنی مافەكانی تاك و بەرتەسك كردنەوەی ئازادی ئەندامانی، بە هەڕشەكردن بەوەی لە رێگەی باندێكی خۆی بە شێوەی نهێنی ڤیدیۆكراون لە هەر ئەگەرێكی دژە ڕا، گرتەكانیان بڵاو دەكاتەوە. بۆمبی فێل و چاوبەستنی خەڵكی زوو تەقیەوە، ئەمەش وای كرد جادوەكانی نەوەی نوێ‌ بەتاڵ ببنەوە، لە جوڵانەوەیەكی جەماوەری ببێتە هێزێكی چەواشە و تینوی ناوبانگ و دۆگمابوو.



Top