گوڵان شۆڕشێكی هزری لەنێوان گەنجاندا خولقاند

گوڵان  شۆڕشێكی هزری  لەنێوان گەنجاندا خولقاند
كاتێك بە خامەیەكی كوردانە دەستم بە بڵاوكردنەوەی بابەتەكانم كرد، هەر زوو بڕیارم دا پێنووسەكەم بخەمە خزمەتی گوڤاری گوڵان، چونكە بۆ من گوڵان هەموو كات سەرچاوەیەكی گرنگی بەخشینی زانیاری و بابەتی گرنگ بووە، تەنانەت زۆرجار لە سەردەمە جیاوازەكانی ژیانم گۆڤاری گوڵانم وەك سەرچاوەیەكی ئەكادیمی بەكارهێناوە، لە هەموو قۆناغەكانی ژیانیشمدا تایبەتمەندیی خۆی هەبووە.
گوڵان لەنێو فەرهەنگی كوردەواریدا ناسنامەیەكی بۆ خۆی دروست كرد، چونكە لە رۆژگارە تایبەتمەندەكانی دوای راپەڕینی ئازار لە و ناوەڕاستی نەوەتەكانی سەدەی رابردوو لە ساتەوەختێكی زۆر هەستیاردا سەرەتایەكی نوێی لە ژیانی رۆژنامەنووسی و بڵاوكراوەكانی كتێبخانەی كوردەواریدا تۆمار كرد. لەو كاتەدا شۆڕشێكی هزریی خوڵقاند كە یەكەمجار بوو لەجیهانی رۆژنامەگەریدا رووبدات و رێڕەوی بۆ خوێنەر رووناك كردەوە، ئێستاش كاتێك گۆڤارەكە دەبینم ئەو ساتانەم دێتەوە یاد، كە بۆ ئێمەی قوتابیانی كچ بە هۆی دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكانەوە، چوونە نێو كتێبخانەكان تا راددەیەك مەحاڵ بوو، بەڵام خۆشەویستی و تامەزرۆییم هێز و توانای پێ دەبەخشیم هەتا هەفتانە ژمارەكانی گوڵان پەیدا بكەم و بە وردی چاودێریی هەموو بابەتەكانی بكەم .
گوڵان شۆڕشێكی هزری دروستكرد
هەفتەنامەی گوڵان ئەوكات گۆڕانكارییەكی بەرفراوانی لە جیهانی رۆژنامەگەریدا كرد، چونكە بابەتەكانی هەڵگری پەیامی گەنجان بوون، سەرەڕای هەمەڕەنگی و نوێگەری لە كارەكەیدا، لەنێو لاپەڕەكانیدا بابەتی فەلسەفی و كۆمەڵایەتیی زۆر نایاب بڵاو دەكرایەوە، كە سەرنجی هەموومانی بۆ خۆی راكێشابوو، چونكە بە راستی جیاواز بوو. ئێمەش سەرەڕای ئەوەی را و سەرنجی خۆمان لەسەر بابەتەكان دەخستەڕوو، لە هەمان كاتدا لە كاتی توێژینەوە و راپۆرتەكانماندا لە زانكۆ، سوودێكی زۆر باشمان لە وتار و بابەتەكانی گوڵان دەبینی، بگرە وەك سەرچاوەیەكی نایاب سوودمان لێ وەردەگرت. ئەوكات لاوان و قوتابیان لەنێو هۆڵەكانی خوێندنیشدا چاوەڕوان بووین ژمارەیەكی نوێی هەفتەنامەی گوڵانمان دەست بكەوێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگەیەوە زانیاریی دەرەكی بەدەست بهێنین. بۆیە دەتوانم بڵێم: هەفتانەی گوڵان لەو سەردەمەدا شۆڕشێكی هزری دروستكردبوو.
هەڵگری پەیامی ئەمڕۆ و سبەی
ئەمڕۆ گوڵان هەڵگری پەیامێكی زۆر پیرۆز و نایابە، بە بابەتە تایبەتمەندەكانی خزمەتی خوێنەری كورد دەكات، زۆرترین دیمانە و راپۆرتی نایابی لە بوارەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ناوخۆ و وەرزشی و تەندروستی لەنێو لاپەڕەكانیدا ئامادە كراوە، لە هەموو ژمارەكانی گوڵاندا پسپۆڕ و شارەزایانی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆ و سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە لەسەر ئاستی جیهان لێدوان بۆ گوڵان دەدەن، تەنانەت زۆر لەو سیاسەتمەدارانە تا ئێستا گوڵان وەك تاكە راگەیاندنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسن، دەكرێت بڵێم: گوڵان لە كێبڕكێی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت و حەیاتی لەندەنی دادەنرێت و پارسەنگێكی لەنێو فەرهەنگەكانی راگەیاندندا دروست كردووە. لە بەر ئەوەی زۆرجار لێكۆڵینەوەكانی وەها بەهێز دەبن، وەك توێژینەوەیەكی جیهانی دەكرێت سوودیان لێ وەربگیردرێت، بەتایبەتی ئەگەر هەر مرۆڤێك بیەوێت لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی جیهان تێبگات، دەتوانێت سوودێكی باش لە گوڤاری گوڵان وەربگرێت. دەكرێت بڵێین: لەنێو لاپەڕەكانی گوڤاری گوڵاندا سیاسەتی وڵاتە زلهێزەكان رەنگدانەوەی هەیە.
وەك ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاتێك لە بەغدا دەگەڕێمەوە، یەكەم كارم خوێندنەوەی تەواوی ژمارەكانی گۆڤاری گوڵانە و شرۆڤەی لە زهنی خۆمدا بۆ دەكەم، لەبەر ئەوەی ناتوانم دەستبەرداری ئەم گۆڤارە ئازیزە بم، كە هەر لە دەستپێكەوە تا ئێستا بابەتە سیاسییەكانی دەرگایەكی واڵایە بۆ تێگەیشتنی سیاسەتی نێودەوڵەتی و جیهانی كە خۆی لەخۆیدا گرنگیی زۆری بۆ خوێنەر هەیە، بەتایبەتی راپۆرتە سیاسییە نێودەوڵەتییەكانی كە باشترین دەرگایە بۆ شارەزابوون لە هەڵویستی زلهێزەكان و شرۆڤەكردن بۆ هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان. دەتوانم بڵێم دۆسیەی سیاسیی گوڵان هێندە زانیاری تێدایە، زۆر لە راپۆرتەكانی شەرقولئەوسەت و جەزیرە دەوڵەمەندتر و پڕزانیاریترە.
دواتر گوزەرێك بەنێو لاپەڕەكانی راپۆرتەكانی ناوخۆدا دەكەم، گشت شاروشارۆچكەیەكی كوردستان لەنێو فایلی ناوخۆدا باسكراوە لە رێگەی هاووڵاتیان و لایەنی پەیوەندیدار شرۆڤە بۆ كێشەكان كراوە، پاشان دۆسیەی كۆمەڵایەتی، ئەو دۆسیەیەی كە سەرجەم بابەتە كۆمەڵایەتی و گرفتەكانی كۆمەڵگەی بۆ خوێنەر شرۆڤە كردووە، بە راپۆرتە نایابەكانی خزمەتی كۆمەڵگە دەكات، بە شێوازێكی پڕۆفیشناڵانە لە رێگەی پەیامنێرەكانیانەوە لە هەموو پارچەیەكی كوردستانەوە لێكدانەوە بۆ كێشە كۆمەڵایەتییەكان دەكەن و چارەسەریشی لە رێگەی پسپۆڕ و توێژەری كۆمەڵایەتییەوە دەخەنەڕوو. لەلایەكی دیكەوە پێویستە ئەوەمان لەیاد نەچێت، دۆسیەی كۆمەڵایەتیی گوڵان بە درێژایی ساڵانی رابردوو زۆرترین گوشاری بۆ چەسپاندنی مافەكانی ئافرەتان و گرنگیدان بە تواناكان و بەشداریی ئافرەتان لە پرسە سیاسییەكاندا دروست كردووە، بۆ ئێمەی ئافرەت زۆر گرنگە بە بەردەوامی بەدواداچوون بۆ بابەتەكان بكەین. هەروەها دۆسیەی وەرزشی و دۆسیەی تەندروستی و سەرجەم فایلەكانی دیكەی بەبابەتی دەوڵەمەندن و خزمەتی خوێنەر دەكەن. بۆیە بە راستی گوڵان چۆن لە رابردوودا پێشەنگ بووە، ئەمڕۆش پێشەنگی نوێبوونەوەیە لە جیهانی رۆژنامەگەریدا.
لە كۆتاییدا پێویستە بڵێم: ناتوانم بە نووسینێكی وەها كورت لێكدانەوە بۆ گۆڤارێكی وەها نایاب بكەم، بۆیە بە پێویستی دەزانم لە ساڵیادی دەرچوونی ئەم گۆڤارەدا چەند هەنگاوێك بنرێت، لەوانە: گۆڤاری گوڵان بكرێتە دەزگایەكی ئەكادیمیی بەرفراوان بۆ ئامادەكردنی توێژینەوەی سیاسی و كۆمەڵایەتی، لەلایەكی دیكەوە دەكرێت لە چوارچیوەی گۆڤارەكەدا پاشكۆی تایبەت لە شێوازی نامیلەكەدا دیاری بكرێت، هەرجارەو تایبەت بێت بە تەوەرێكی رۆژ، كە باسی بابەتە هەنووكەییەكان بكات.

Top