عەلی باپیر و کابینەی نۆیەم

عەلی باپیر و کابینەی نۆیەم
هەر کەسێک ئاگای لە دوێنێی خۆی نەبێ ئەمڕۆ دەیکاتە گاڵتەجاڕ، یەکێک لەو کەسانەی کە بەردەوام ئاگای لە دوێنێی خۆی نییە عەلی باپیرە، بۆیە بە بەڕێ کردنی هەر رۆژێک خۆی دەکات بە گاڵتەجاڕی رۆژی داهاتوو, ئەوەتا هەر دوێنێ بوو وەک چاوەڕوانی بۆ سەلامێکی پارتی دەیگوت: ئەگەر پارتی سەلامێکی گەرممان لێ بکات، بە گەرمتر وەڵامی دەدەینەوە، دوای ئەوەی پارتی نائومیدی کرد و سەلامی گەرم و ساردی لێ نەکرد، ئەوەتا دوێنێی خۆی لەبیر کردووە و ئەمڕۆ دەڵێ: کابینەی نۆیەم بە شاستەی ئەوە نازانم کۆمەڵی ئیسلامی بەشداری تێدا بکات.
جا ئەگەر ئەم دنیایە ئەمڕۆ بێ و قیامەت و رۆژی حەشر بەیانی بێ، دڵنیام لەوەی دەبێتە گاڵتەجاڕی رۆژی قیامەتیش، چونکە بێئاگایە لەوەی ئەمڕۆ چی دەکات، ئەوەتا لە پێناو گەیشتن بە پلە و پۆست و بەرژەوەندی تایبەتی خەونی درۆیین هەڵدەبەستێ و بەناوی خوا و پێغەمبەری خوا لێدوان دەدات، جگە لەوەش بانگەشەی ئەوە دەکات کە قورئان و شەریعەتی ئیسلام یاسا و رێسا بن، لە هەمان کاتدا رەخنەی توند لە حزبە عەلمانیەکان دەگرێ کە سنووری ئازادی و دیموکراسیان بەرتەسک کردۆتەوە و داوای هەڵگرتنی ئەو سنوورانە و چەسپاندنی دیموکراتی دەکات.
هەم ئیسلامیەکان و هەم عەلمانی و دیموکراتەکانیش دەزانن کە زۆر بنەمای سەرەکی دیموکراتی لەگەڵ قورئان و شەریعەتی ئیسلامی یەک ناگرنەوە، کەواتە هەر حزبێک هەڵگری پاشگری ئیسلام بێ و داوای دیموکراتیش بکات، زۆر ئایەت و بەشێکی سەرەکی لە شەریعەتی ئیسلامیش رەت دەکاتەوە، لێرەوە دەگەینە ئەو راستییەی کە عەلی باپیر وەک مونافیقێکی ئیسلامی و دیموکراتخوازێکی ساختەچی ئەژمار دەکرێ، چونکە نە لەگەڵ ئیسلامەکە راستگۆیە و نە لەگەڵ دیموکراتیەکەش، کەواتە هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە عەلی باپیر لەو کەسانەیە کە بە کار و کردەوەکانی دوێنێی خۆی دەکاتە گاڵتە جاڕی ئەمڕۆ و دنیا و قیامەتیش وەک دوێنێ و ئەمڕۆ وان.
Top