121 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردی، بەرگریكار وپاراستنی مێژوو وشوناسی نەتەوەیی..
April 22, 2019
وتار و بیروڕا
سەرٍەتایی مێژووی رۆژنامەگەری كوردی زۆر دور نییە لەگەڵ مێژووی رۆژنامەگەری گەلانی دەوروبەرمان، توركەكان یەكەم رۆژنامەیان لە ساڵی 1832 دا بە ناوی (تەقویمو وەقائع) دەركردووە، فارسەكانیش مێژووی رۆژنامەگەریان لە ساڵی 1859 وە دەست پێدەكات، لە عێراقیشدا یەكەمین رۆژنامە لە ساڵی 1869 دا بە ناوی (زەوڕا ) لەلایەن والی تورك مەدحەت پاشا دەرچووە، بۆیە ئەگەر سەیری مێژووی رۆژنامەگەری كوردیو ئەو گەلانە بكەینو بەراوردێكی بارودۆخی گەلی كوردستان بكەین لەگەڵ ئەو میللەتانە، دەبینین گەلی كوردستان زۆر لە دوای ئەوانەوە نییە، ئەگەر بارودۆخە سیاسیەكەشی لە بەرچاو بگرین ئەوا زۆر لە پێشتریشە، چونكە ئەوان سەتان ساڵە خاوەن دەوڵەتن. رۆژنامەی كوردستان ئەگەرچی تەمەنیشی كورت بووەو ژمارەكانیشی كەم بوون، بەڵام كاریگەریە مێژوویو سیاسیەكەی زۆر لە تەمەنی خۆی و ژمارەكانی زیاتر بووە، چونكە دوای كۆتایی هاتنی بزاڤی چەكداری و شۆڕشەكانی هاتووە، لەوما دەرچوونی رۆژنامەی كوردستان، جۆرێكە لە دەست پێكردنەوەی خەبات بە شێوەیەكی سیاسی. دوای گرتنە دەسەڵات لە لایەن ئیتحادو تەرەقیو مەشروتییەی دەوڵەتی عوسمانیو كەمبوونەوەی دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم 1908، جۆرێك لە ئازادی كار كردن رەخسا بۆ كۆمەڵە كوردیەكان، زیاتریش هۆكارەكەی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەكەم بوو. كۆمەڵە كوردیەكان وەك هیڤیو تەعالی رۆژنامەیان دەركردن، دوای سەركەوتنی هاوپەیمانەكانیش لە جەنگ بەسەر بەرەی سوێندخۆرەكان، كە عوسمانییەكان بەشێك بوون لەو بەرەیە، هەروەها هاتنی ئینگلیز بۆ عێراق زەمینەیەكی باشتر رەخسا بۆ رۆژنامەگەری كوردی.
جگەلە رۆژنامەی (تێگەیشتنی راستی) كە ئینگلیزەكان بە كوردیان دەردەكرد، رۆژنامەی (پێشكەوتن) كە لە لایەن حاكمی سیاسی ئینگلیز مێجەرسۆن لە سلێمانی دەردەچوو، قۆناخێكی نوێ بوو لە رۆژنامەگەری كوردی، چونكە بۆ ماوەی چوار ساڵ لە سەریەك و بەردەوام دەردەچوو، دواتریش لە سەردەمی حوكمڕانیەتی مەلیك مەحمود قۆناغێكی باشتر بۆ رۆژنامەگەری كوردی رەخسا. لە دوای روخانی حوكمداریەتی مەلیك مەحمود، لە چلەكان و تا سەردەمی كودەتایی عەبدولكەریم قاسم لە بەغدا، (نزار)ی مامۆستا عەلائەدینی سوجادی رۆڵێَكی باشیان بینی، هەروەها رۆژنامەكانی ژین و ژیانەوەش رۆڵێكی بەرچاویان بینی لە گەشانەوەی وشیاری سیاسیو كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردستان. دوای سەكەوتنی شۆرشی ئەیلولی گەلی كوردستان لە ساڵی 1970 و دەركردنی بەیاننامەی 11 ئازار، سەردەمێكی نوێ و زۆر پێشكەوتوو بۆ رۆژنامەگەری كوردی چێ بوو، بۆ یەكەمجار كورد توانی ببێتە خاوەن رۆژنامەی رۆژانەی خۆی ئەویش رۆژنامەی (برایەتی) بوو لە ساڵی 1974، بەڵام بە هۆی دەست پێكردنەوەی شەڕ لە نێوان كورد و شۆڕش چیتر ئەو قۆناغە بەردەوام نەبوو، بەڵام رۆژنامەگەری كوردی نەوەستا و ئەمجارەش بە دیوێكی تردا بوو، ئەویش دەركردنی بوو لەلایەن حكومەتی عێراق، وەك رۆژنامەی (هاوكاری) و گۆڤاری (بەیانو كاروانو رۆشنبیری كورد)، ئەم جۆرە رۆژنامەیە هەرچەندە گوزارشتی لە حەزو داخوازیەكانی گەلی كوردستان نەدەكرد، بەڵام لەرووی زمانو رۆشنبیری و تەكنیكی رۆژنامەوانی زۆر گرنگ بووە، هەروەها تا رادەیەكی باشیش خزمەتی بە نووسەرانو رۆشنبیری كوردی كردووە.
دوا قۆناغی رۆژنامەگەری كوردی دوای راپەڕینی ساڵی 1991 و پێش 28 ساڵ دەست پێدەكات، ئەم قۆناغە بە زێڕینترین سەردەم و قۆناغی رۆژنامەگەری كوردی دادەنرێت، لەبەر ئەوەی بۆیەكەم جار بەم شێوە ئازاد و سەربەخۆیە گەلی كوردستان لەسەر خاكی خۆیو بۆ ئەو ماوە دورودرێژە توانیویەتی پەرە بە رۆژنامەگەری خۆی بدات، هەروەها رۆژنامەگەری كوردی بە هەموو رەوتەكانی دەردەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا رۆژنامەگەری و كاری میدیایی نەیتوانیووە بێ لایەن بێ و زۆر جاریش سنووری ئازادییەكانی بەزاندووە و بۆتە هۆی شێواندنی ئارٍامی و سەقامگیری. هەموو ئەو دەستكەوتانەی كە لە رابردوودا بەدەستهاتوون بە هەوڵ و ماندووبونی ئەوانە بەرهەمهاتووە، كە خەباتیان لەو پێناوەدا كردووە و بڕوایان بە بەرجەستە بوونی ئازادی و دیموكراسی كۆمەڵگەیەكی بێ سانسۆر هەبووە، هەرگیزیش منەتیان بە سەر كەسدا نەكردووە و بە ماف و هەقی رەوای خەڵكی كوردستان و گەلان و پێكهاتەكانی دیكەی زانیوە، ئەوەشی كە بۆی نەكراوە دژواری بارودۆخەكە و نەیارانی ئەزمونی هەرێم و رێگەنەدان بووە، بەڵام هەرگیز نە كۆڵی داوە، نە بۆ تەواوی ئەو ئارمان و پرۆسیسەشی پاشەكشە دەكات تادەگاتە بەدیهێنانی هەموو ماف و ئازادییە كەسییەكانو تەواوی ئازادیی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئاینیەكانیش، كە خۆی لە مافی چارەی خۆنوسین و بەدیهێنانی ئاواتی لە مێژینەی هەموو گەلانی كوردستان بە دامەزراندنی كیان و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بەرقەرار و تەواو دەبێت.ب پێوستە میدیاو رۆژنامە كار راستی ، رەوشت بەرزی لە گەیاندنی پەیام و رووداوەكان بپارێزێت ،چونكە پێشەكەمان وەك چرایەكە بۆ رووناكردنەوە و گەیاندنی پەیامی روون بە هاووڵاتیان . بۆیە كاتێ باس لە ئیتیكی رۆژنامەوانی دەكرێت دەگوترێ: راستگۆی لە گەیاندن. لی نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت هەموو راستیەك بۆ گەیاندن ناشێن، هەموو راستیەكان خزمەت بە ئاكار و رەفتارمان ناكەن، لەو جێگەیەدا راستیەك هەبوو دركاندنی زیانی بە ئەخلاقی بەرز و باش گەیاند پێویستە میدیاكار خۆ لە نوسینەوەی ئەو هەواڵە، ئەو بابەتە ببوێرێت. وردتر و رونتر بڵێم: وەك چۆن هەموو تاقیگە زانستیەكان مادەیی باش بەرهەم ناهێنن، ژهریش دروست دەكەن بۆ قڕكردنی “مرۆڤ” ئاواش میدیایەك ئەو كارە دەكات. گەر ژارێكی دەرچوو لە دەستی نوخبە زانایەكەوە نوخبەیەك خەڵك بكوژێت، لی هەواڵێك، بەرنامەیەكی تیڤی، دەنگێك لە رادیۆیەك ەوە، “كرۆنیكا”یەك، گوتار و دەربرینێكی بێباكانەی هەڵپەرست و خۆپەرستێكی گومرا بە ملیۆنان هزر و هۆش و روح ژاراوی دەكەن.ئەمە بەرپرسیاریەكی مێژوویی و ره وشت بەرزی هەر میدیاكار و نوسەرێكە كە دەبێ هوشیار بێت و كاری بۆ بكات كە، رۆتیناتی كار و كۆكردنەوەی زانیاری لە پاش ئەم ئەركەوە دێت.
ۆیە پێوستە رۆژنامە نووس و میدیاكان بەو پەری بەرپرسیاریەتییەوە لەگەڵ دۆخە هەستیارەكان و پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان مامەڵە بكەن و هەمیشە هۆكار بن بۆ گەیاندنی پەیامی راستییی و هەروەها رەچاوكردنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و پاراستنی بەها ئەخەلاقی و مێژوو و كوردستانییەكان .