سەرنجی ئەمڕۆ

سەرنجی ئەمڕۆ
ئەمڕۆ ٢٠ی نیسان لە بەغدا کۆبوونەوەى پەرلەمانی وڵاتانی دراوسێی عێراق بەڕێوە چوو، ئەوەی لەو کۆبوونەوەیەدا زۆر سەرنج راکێش بوو، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتانی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا بە کلتووری جەهالەت و ئەقڵی شمشێر باسیان لە مرۆڤبوون و ئازادی و پێکەوە ژیانی گەلان دەکرد، لە کاتیکدا خۆیان مرۆڤی کورد دەکوژن, وڵاتی کوردان داگیر دەکەن و ئازادی لێ زەوت دەکەن, تا ئەو شوێنەش لەگەڵ کورد بڕوایان بە پێکەوە ژیان هەیە کە کورد دەستەمۆی کلتووری جەهاڵەتی ئەوان بێ و بە ئەقڵی شمشێری ئەوانیش رازی بێ و لە ئاستی شمشێربازییان ملکەچ و کڕنووشبەر بێ.
لەوەش سەرنج راکێشتر هەر چواریان لەسەر ئەوە کۆک و هاوڕابوون کە ئیسرائیل داگیرکارە و بەرزاییەکانی جۆلان خاکی عەرەبن و قودس پایتەختی فەلەستینە، لە کاتێکدا هەر چواریان داگیرکاری نیشتیمانی کوردانن و ئەگەر کوردیش پێیان بڵێ: ئیوە داگیرکارن و ئێمەش وەک نەتەوەیەکی جیا لە ئێوە ئازادی و سەربەخۆییمان دەوێ، دەمان کافرێنن و بە ئیسرائیلی دووەم ناومان دەبەن.
هەر چواریان ئیسرائیل بە داگیرکاری قودس و جۆلانی عەرەبی ناو دەبەن و بانگەشەی ئازادیخوازی دەکەن، لە کاتێکدا خۆیان سەدان قودسی کورد و بەرزایی کوردستانیان داگیر کردووە، لەوەشدا خۆیان هەر بە ئازادیخواز دەزانن و خەباتی رەوای کوردیش بۆ ئازاد کردنی قودسەکانی خۆی و جۆلانەکانی کوردستان بە هەڵگەڕانەوە لە دین ناو دەبەن و بۆ لەناو بردنی کورد فتوای ئەنفال و چڵە زەیتون دەدەن.
گلەیی لە کلتووری جەهالەت و ئەقڵی شمشێربازی ئەوان ناکرێ و دەیانەوێ بەو کلتوورە و بەو شمشێربازیە خزمەتی عرووبە و ترووکە و فرووسەی خۆیان بکەن، بەڵام ئەوەی مایەی شۆک بوونە لە کوردستان دەستە و گرووپی وا دەرکەوتوون پشتگری کلتووری جەهالەت و ئەقڵی شمشێربازی ئەوان دەکەن و وەک ئەوانیش قودس و جۆلان بە داگیرکراو دەزانن و خەباتی رەوای کوردیش بۆ ئازاد کردنی قودس و جۆلانەکانی خۆی بە دەرچوون لە بازنەی برایەتی دینی دەزانن.
Top