رووداو و پێشهاتە چاوەروانكراوەكان دەخوازێ بەرژوەندییە باڵاكانی كوردستان كە خۆی لە هەر چی زووتر پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی كوردستان پێش هەر بەرژوەندییەكی تری حزبێك بكەوێ .ئەوەی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی روودەدات لەسەروبەندی پێكهاتنی كابینەی نۆیەم لە گفتوگۆودانوستانی نێوان هێزو پارت ولایەنە سیاسیەكان هەم ماف و هەمیش ئەركە بۆ ئەوەی هەرچی زووە بكەونە خۆ و قۆناغێكی تازەی بەڕێوەبردن پیادەبكەن. لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو، گەلی كورد و ئەزموونی حكومرانی هەرێمی كوردستان و كابینەی هەشتەمی هەرێمی كوردستان رووبەرووی چەندین كێشە یەك لەدوای یەك هاتەوە ،هاتنی لێشاوویی پەنابەران، شەرٍی تیرۆر ، قەیرانی دارایی ، گەمارۆدانی هەرێمی كوردستان و ئینجا هەوڵدان بۆ سرٍینەوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان ، بەدڵنییاییەوە ئەگەر سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانیی و سەرۆك وەزیرانی كوردستان نەبوایە ، دەربازبوون لەو هەموو پیلانگێری و قەیرانانە مەحاڵ بوو ، هەروەها لە پێناو پاراستنی هەرێمی كوردستان و گشت دەسكەوتەكانی زیاتر لە 1750 شەهید و 10 هەزار بریندارمان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا دۆزی كورد و بەرگری خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە لە خاك و نیشتمان و لەو پرنسیپانه كە باوەری پێیەتی، كە دیموكراسییەت و مافی تاك و هەموو بەها بەرزەكانی مروڤایەتییە، هەروەها بوونی هەرێمی كوردستان لە هێڵی پێشەوەی بەرگریی لە مرۆڤایەتی، بوونە جێگەی رێز و تەقدیری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ناوی پێشمەرگە بووە ناوێكی پیرۆز، بۆ ئێمە هەمیشە پیرۆز بووە، بەڵام جیهانیش بە ناوی پێشمەرگە ئاشنا بوو و هەروەها پایەی سیاسی و سەربازی خودی جەنابی سەرۆك بارزانیش، كە بێ وێنەیە لە جیهانی ئەمڕۆدا سەرۆكێك بچێت بە هەفتە و بە مانگ لە بەرەكانی جەنگ لەناو چادر و ئۆتۆمبێل بخەوێت و لەگەڵ پێشمەرگەكان بەرگری لە خاك و نیشتیمان و بەها مرۆییەكان بكات. ئەوە هەمووی وایكرد سۆز و رێز و پشتگیری خەڵك و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە زیاتر ببێت. سەرۆكی فەرەنسا لە ناخۆشترین ئانوساتدا لە مانگی ئەیلولی 2014 سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد. چەندین سەرۆك وەزیران و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و جێگرانی سەرۆك وەزیرانی وڵاتانی جیاجیا، ئەورووپا لە پلەی یەكەمدا و وڵاتانی دراوسێ سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد. بەداخەوە لەو كاتەدا هەموو ئەو وڵاتانەی سەردانی هەرێمی كوردستانیان دەكرد، تەنها بەغدا سەردانی هەرێمی كوردستانی نەدەكرد، كە دوژمنێكی هاوبەشمان هەبوو و خەڵكێكی زۆریش لە بەشەكانی دیكەی عێراق كە ئاوارە بوون و لەو ناوچانە دەهاتن كە حكوومەتی فیدرالی نەیتوانی بیانپارێزێت، بە ناچاری روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، كە حكوومەت وخەڵك دڵ ودەرگایانیان بۆ كردنەوە. لە باوەش گرتن وحەوانەوەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەش بوو بە خاڵێكی گرنگ بۆ پاڵپشتیكردنی مەعنەوی و مرۆیی لە هەرێمی كوردستان. هەروەها، كولتووری دێرینەی پێكەوەژیان لە نێوان پێكهاتە جیاجیاكان و رێزگرتن لە ئازادی دەربڕینی ئایینی لە كوردستان و پاراستنی پێكهاتە ئاینییەكان كە لە دەست هەڕەشەی داعش پەنایان هێنا بۆ هەرێم، جێگەی رێز بوو لە لایەن كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ناوبانگێكی ئەرێنی بۆ هەرێم دروستكرد. ئەو هەموو شتانە بە راستی جێگەی رێز و پێزانینی هەموو ئەو شاندە بیانییانەن كە دێنە هەرێمی كوردستان، لە ڤاتیكانەوە بگرە تا دەگاتە پاریس و لەندەن، رۆما و ستۆكهۆلم، بەرلین و واشنتون و مۆسكۆ و شوێنەكانی دیكە بە وڵاتانی دەوروبەریشەوە. بەدڵنییاییەوە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی داهاتوو تەواوكاری حكوومەتی ئێستا دەبێت، چونكە كاندیدی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كابینەی داهاتوو رێزدار مەسروور بارزانییە، لە هەمان ئەو پارتەی سەرۆكی حكوومەتی ئێستایە كە لە كابینەی هەشتەم حوكمڕانی دەكات. بۆیە سیاسەتی حكوومەت بەردەوامبوونە لەسەر هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی ئاسەواری ئەو قەیرانانەی كە هەبووە تا بژێوی خەڵك باشتر ببێت و خزمەتگوزارییەكان باشتر ببن و ئەو پرۆژانەی كە بە نیوەچڵی ماونەتەوە، هەوڵ بدرێت تەواو بكرێن بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان. سەبارەت بە پەرەپێدانی سیاسەتی ئابووری، بەهێزكردنی بناغەی سیاسەتی بازاری كراوە و كەرتی تایبەت، بەشێكن لە بەرنامەی سیاسیی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی و تەنانەت یەكیەتیش زۆر بە ئاشكرا باس لە بەرنامەكانی خۆیان كردووە. ئەوە دەبێتە بنەمایەك بۆ پێكهێنانی كارنامەی حكوومەتی داهاتوو. لەوانەیە بارودۆخی كابینەی داهاتوو لە كابینەی هەشت گونجاوتر و باشتر و ئارامتر بێت و ئەو قەیرانانەی كە كابینەی هەشتەم پێی تێپەڕی، كابینەی نۆیەم نەیبێت، بەڵام لە هەمان رێچكە دەبێت بۆ پەرەپێدانی ئابوورییەكی باشتر و خزمەتگوزاری لە گشت سێكتەرەكان و رەخساندنی هەڵی كار و هەروەها راكێشانی سەرمایەگوزاری،بەرەو پێشڤەبردنی دۆزی كورد لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی بەرەو كوردستانێكی بەهێز.پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك براوەی یەكەمی لیست و لایەنە سیاسیەكان ئەو ئەركەی لەئەستۆیە بۆ بەجێگەیاندن و تەواوكردنی ئەو پرۆسەیە، بێگومان بەهەماهەنگی سەرجەم حزب و لایەنەكانی دیكەی سیاسی جا چ بەشدار یا نابەشدار لە حكومەت.پرۆسەی هەڵبژاردن و هاوپەیمانێتی و حكومڕانیی بەیەكەوە گرێدراون و هەر قۆناغەو خولێكیش رەهەند و پێوەری خۆی گەرەكە واتە گۆڕینی هاوكێشەكە لەرووی هاوپەیمانێتیەوە كارێكی زۆر ئاساییە لە ژیانی سیاسی حزبیدا، چونكە پێداویستی و دەرهاویشتەی خۆی هەیەوئەو پرۆسەیەی پێی دەڵێین دیموكراسی-هەڵبژاردن سەنگی مەحەكن بۆ ئایندەسازیی هەر حزب ولایەنێك تا رۆڵی خۆی ببینێ و بزانێ ئیدی لەو قۆناغەدا لە چ چوارگۆشە و كام خانە یا چینی هەرەمەكەدایە.پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەن 45 كورسییە و و هێزی یەكەمی كوردستانە و هەموو كات پێشەنگ بووە لە قبوڵكردنی بەرپرسیاریەتی و هەروەها بە پێگەوسەنگ و رۆڵی خۆی بەوپەڕی بەرپرسیاریەتیەوە بەردەوامە لەو جموجووڵەو بەرنامەیەی بۆ بەئەنجام گەیاندنی پرۆسەكەو بەشداریكردنی كارای لایەنە سیاسیەكان لە حكومەتدا، بەڵام گقتگۆ بنەما و پێوەر و زەوینەسازیی خۆی هەیە، واتە لێكتێگەیشتن و هاوسەنگیی لە نێوان ماف و قەبارەی هەر حزبێك لە هەڵبژاردن و دەنگدان.بەرژەوەندی گشتی و ئەو هەلومەرجە هەستیارەی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان، یەكڕیزیی دەخوازێ، دەكرێ لەو رووەوە كارنامەیەكی هاوبەشی هەمەگشتگیر فۆرمەڵەبكرێ بۆ چارەسەركردنی كێشە هەنووكەییەكان و داڕشتنی بەرنامەوپلانی داهاتوو بۆ دەستكەوتی زیاتر ، بۆیە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە ماوەی رابردوو دا پشتوو درێژی زۆری نواند و سەبری زۆری كرد و هەر هێزێك بە قەبارەی خۆی رەنگە زیاتریش مافەكانی پێبەخشرا ، بۆیە ، ئیتر هیچ پاساوێك نەماوەتەوە بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و دەستبەكاربوونی حكومەتی نوێی كوردستان ، ئیتر كاتی ئەوە هاتووە، خزمەتگوزاری و بەرژوەندییە باڵاكانی گەلی كورد پێش هەموو بەرژوەندییەكی تر بكەوێ بەرەو كوردستانێكی بەهێز ..