ڕۆژی ژینگەی کوردستان
April 18, 2019
وتار و بیروڕا
پرسی پاک ڕاگرتنی ژینگە و و هۆشیاری ژینگەپارێزی، پرسێکی جیهانییە تۆ بڵێ: (خەمێکی جیهانیە)، تێکچوون و ژاکانی ژینگە و بەردەوام پیسبوونی ژینگە، بە تەواوی پێکهاتەکانیەوە، لە وشکانی و ئاو هەوا بۆتە خەمێکی گەورە، خەمی مرۆڤایەتی، ئەمرۆ دەوڵەتانی پێشکەوتوو جۆرەها ڕێگا و میکانیزم دەگرنەبەر بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگە و پەرپێدان بە کولتوری ژینگە پارێزیی.
ڕاگەیاندنی هەڵمەتی هەفتەی هۆشیاری ژینگەپارێزی کوردستان، گرنگیپێدان و بایەخی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە ڕێکخراوە ناحکومیەکان بەم پرسە جێگای قسە و باس و گفتوگۆ وپشتیوانیکردنە، کاتێک ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری ڕاگەیانی هەڵمەتەکە بوو، بۆخۆی هەر بەشداربوونەکەی نیشانەی جدیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لەوتارەکەیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووی لە کۆمەڵگای کوردی و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، لەوەی پاراستنی ژینگەی کوردستان و پەرەپێدان بە هۆشیاری ژینگەی پێویستی بە هەموومان هەیە، لەلایەک ئەرکێکی بەکۆمەڵی خەڵکە، هەرکەس ولە شوێنی خۆی و لەدەورووبەری ژینگە پاک ڕابگرێت، وە بەشێکیشی لە ئەستۆی حکومەت و دامەزراوە مەدەنیەکانە، بە ڕێکخراوە ناحکومیەکانەوە تا دەگاتە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر گرنگی و بایەخی پەروەردە لە هۆشیاری ژینگەی و پەروەردەی نەوەیکی نوێ لە هەستکردن بە گرنگی ژینگە و پاراستنی.
لێرەوە گرنگە تەواوی هاووڵاتیانی کوردستان، بەسەرجەم چینوتوێژە جیاوازەکانەوە، لە تەواوی ناوچە و گوند و شار و شارۆچکەکانەوە بە ئەرکی ئەخلاقی خۆمان هەستین لە پاراستنی ژینگەی جوانی کوردستان، وە هەوڵبدەین ژینگەی کوردستان سەوزتر بکەین، ئەرکی ڕۆشنبیران و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوە مەدەنیەکانە هاوکاربن لەسەرخستنی هەڵمەتی هۆشیاریی ژینگە پارێزی کوردستان دا، پێویستە ئەم پرسە گرنگی و بایەخی زیاتری پێبدرێت، تۆ بڵێ:(گورزێک لە ڕووناکی بخرێتە سەر و تەواوی هاووڵاتیان لە مەترسییەکانی تێکچوونی ژینگە هۆشیار بکرێنەوە). بەشێک لە شارەزایان و چاودێرانی ژینگە و خەمخۆرانی، هۆکارێکی سەرەکی لە پیس بوونی ژینگەی کوردستان، دەگێڕنەوە بۆ کەمی هۆشیاری خەڵک بەرامبەر گرنگی و بایەخی ژینگە، وە مامەڵەی نادروستی بەشێکی هاوڵاتیان لە لەگەڵ ژینگەی کوردستان، بەتایبەت لە نەپاراستن و ڕێزنەگرتنی شووێنە گشتیەکان، یان دروستر ئەوەی شوێنە گشتیەکان بەهی خۆمان نەزانین و ڕێز لەو رووبەرە گشتییانە نەگرین، لێرەوە بایەخی هەڵمەتێکی هۆشیاری ژینگەپارێزی باشتر درک دەکەین، لەوەی پێویستە ئاستی هۆشیاری هاووڵاتیان بەگشتی بەرز بکرێتەوە، لە مەترسیەکانی تێکچوونی ژینگە و درەهاویشتە خراپەکانی تێکچوون و ژاکانی ژینگە.
ژینگەی جوان و قەشەنگی کوردستان دەهێنێت هەموومان بیپارێزین، وەک ئەوەی ئەو ئامێزێکی شایستەیە و هەموومان دەپارێزێت، بە کۆمەڵ بەرگریی لێبکەین، سەبارەت بە شوێنە گشتییەکانیش، پێویستمان بە هۆشیاریەکی باڵا هەیە، تائەوەی شوێنە گشتییەکان و ڕووبەری گشتی بە هی هەمووان بزانین و هەموومان بیپارێزین.
لە کاتێکدا بەشێکی گەورەی ژینگەی جیهان تێکچووە و بەرەو تێكچوونی زیاتریش دەچێت، جێگاو هەڵکەوتە و سروشتی قەشەنگ و ئاوهەوای سازگاری کوردستان، یەکێکە لە ناوچە گرنگ و بەپیتەکان، لە بوونی خاکی بەپیت و ئاوی سازگار و سامانی سروشتی هەمەچەشن، تاڕادەیەکیش پارێزراو، لە پێناو پاراستنیدا دەهێنێت ئاستی هۆشیاریمان بەرزبکەینەوە و ڕێگا و ئامراز و ئالیەتی پێشکەوتووی بۆ بخەینەگەر، تا ئەوەی ژینگەی کوردستان بە خاوێنی و پارێزراوی بمێنێتەوە.