چوارشەممەی رەش بەرەنگی سور.

چوارشەممەی رەش بەرەنگی سور.
ئەم چوارشەممە سەری ساڵی كوردانی ئێزیدیە، سێیەم چوارشەممەی مانگی نیسانی هەموو ساڵێك كوردانی ئێزیدی بەسەری ساڵی خۆیان دادەنێن، ئەوان دەڵێن لەرۆژی چوارشەممە زەوی دروستكراوە هەر لەو رۆژە خوا لەگەڵ فریشتەكانی كۆدەبێتەوە بۆ دابەشكردنی خێر و بەرەكەت بەسەر بەندەكانی. بۆ یادكردنەوە هەموو ساڵێك لەپەرستگەی لالەش جەژن دەكەن، بەڵام ئەم چوار شەممەیە جیاواز لە جەژنەكانی تر مەرگەساتی زیاتری لەخۆگرتوە بۆ پەیڕەوانی ئەم ئاینە، فرمێسك و خوێن تێكهەڵی یەكتر كراوە.
نزیكەی شەش ساڵ بەر لە ئێستا لەگەڵ هاتنی داعش بۆ شەنگال چەندین كچ و ژنی ئێزیدیان بە غەنیمە برد. پیاو، منداڵ پیر و پەككەوتە توشی كوژران و ئەشكەنجە بوون. بە هاتنی هێزێكی تیرۆرستی ناوچەیی بەناوی داعش ساختە لە هەڵگری دروشمی ئیسلام، پەیڕەوانی ئەم ئاینە پشكی گەورەیان بەركەوت لە قوربانی دان ئەمەش كۆمەڵكوژیەكی گەورە بوو. هەر لەسەرەتای ژیان و دەركەوتنیان وەك ئاینێكی زەمینی بەناوی ئێزیدی، لە ناكۆكی نێوان دەسەڵاتەكان توشی ئەشكەنجە هاتوون. ئەمەش وای كرد ببن بە ئایندارێكی خێر لی خۆ نەدیو.
ئێزیدیەكان باس لەوە دەكەن هەر لەسەرتای دەركەوتنیان تاكو ئێستا حەفتاو چوار"فرمان" نەهامەتیان بەسەر هاتووە، بەو هۆیەی هەر لە سەردەمی زوو ئاینی ئیسلام باڵادەست بوە لەو ناوچەیەدا، خەلیفە و والی عوسمانیەكان بە ئارەزوی خۆیان لە خێرو بێری ناوچەكانی ژێر قەڵەم ڕەویان خواردوە، هەندێك لە كەمینە ئاینەیەكانیشیان چەوساندۆتەوە.
ئێزیدیەكان وەك بەشێك لە میللەتی كورد پشكی شێریان بەركەوتوە، بەدرێژایی مێژوو لە ژێر شاڵاوی ئەنفال و چەوسانەوە بوون. نەهامەتیەكانیان لە سەدەی شازدە و هەژدەی زاینی بەڕونی باسی لێ كراوە. ئەو كاتەی والی موسڵً لە ژێر چەند ناوێكی جیا ئێزیدیەكانی دەكوشت و ژنەكانیان بە كۆیلە دەبردن بۆ خزمەتی دارو دەستەی خۆیان بەكار دەهێنا.
بەو كردەوانە دەیانەویست پێگەی خۆیان لای خەلیفەكان بەهێزبكەن بۆ مانەوە لە حكومكردنی ئەو ناوچانە و بەدەستهێنانی ناوبانگ. ئێزیدیەكان خۆیان بە كوردی رەسەن دادەنێن، بۆیە بەدوو هۆكار توشی نەهامەتی هاتوون، لەلایەك كوردن ئازارەكانی كوردستان ئەوانی گرتۆتەوە. لەلایەكیتر پەیڕەوی ئاینێكی جیا لە نێردراوەكانی ئاسمانن.
لەگەڵ هاتنی داعش بەناوی ئیسلام بۆ پارێزگای موسڵ و ناوچە كوردیەكان، دوایی هەڵكوتانە سەر شەنگال. دەستیان كرد بە كوشتن، سوكایەتی بە پیرۆزیەكان، بردنی كچ و ژنی ئێزیدی بۆ خزمەتكردنی خۆیان و بەزۆر دەست درێژی كردنە سەریان، مارەكردنی زۆرە ملێ‌ لە لایەن ئەمیر و چەكدارنی داعش بۆ تێربونی هەوەسی خۆیان، لەم شاڵاوە دژە مرۆیە زیاتر لە شەش هەزار كچ و ژنی ئێزیدی كەوتنە دەستی تیرۆرستان، تاكو ئێستا نزیكەی سێ‌ هەزار لەو بەزۆر براوانە گەڕاونەتەوە بۆ لای خێزانەكانیان ئەوانیش توشی چەندین سوكایەتی و حاڵەتی دەرونی بوون.
كوردانی ئێزیدی چاو لە بیابانن بەدوای گەڕانەوەی كەس و كاریان، بە سەدان خێزان لە بار بران، ئافرەت ئەتككران، چەندین دایك و باوكی بەساڵا چوو لە چاوەڕوانی سەریان نایەوە، بە هەزاران كوڕو كچی گەنج خەونەكانیان تاكو مردن پوكایەوە. تازیە باری ئێزیدیەكان و گەلی كورد وادەكات تارای رەش بكەنە سەر ئافرەتانی تازە بوك، لەم نیشتیمانە هەموومان خەمناك و تازیە بارین، رەش و سور ئاوێزان بەیەكترن بۆ هەتایی ئەم كۆست و ئەتكە لە هزر دەرناچێت، بۆ هەمیشە چوارشەممانی هەموو ساڵێك رەش پۆش دەبین خاكیش بەسور دەنەخشێنین.





Top