پارتی، بارزانیی هێزو پێشەنگی كوردایەتیی بەرەو ئایندەیەكی پر ئومێد..

پارتی، بارزانیی هێزو پێشەنگی كوردایەتیی بەرەو ئایندەیەكی پر ئومێد..
مستەفا بارزانیی ، رێبەری نەتەوەیی كوردستان جێی ئومێدی هەموو گەلی كوردستان بووە، لە ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتی خۆیدا دژی سازشكردن لەسەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی گەلی كوردستان بووە، بۆیە بەردەوام دوژمنان لە هەولی دژایەتیكردن و لێدانی بارزانی نەمر دابوونە، زۆر جاریش بۆ دژایەتی كردنی بارزانی نەمر هەوڵیانداوە سوود لە كەسانی ناو شۆڕش و لایەنی ناوخۆیی وەربگرن، بۆیە ئەگەر سەیری مێژووی سیاسی كوردستان بكەین دەبینین زۆر جار خیانەت لە بارزانی نەمر كراوە، بارزانی نەمر لە تێكۆشانی خۆیدا زۆر جار رووبەڕووی خیانەتی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆتەوە، بەڵام بارزانی وەك هەمیشە دژی ئەو پیلانانە وەستاوەتەوە و، درێژەی بە شۆڕش و بەرخودان داوە. نەوەی گرنگە سوود لە كەلەپووری شۆڕشگێڕانەی بارزانی نەمر وەربگرین و بیكەینە سەرمەشقی خەباتمان، خاكەڕایی و ژیانی بارزانی نەمر وەك پێشمەرگەیەك زیاتر بارزانی نەمری لای خەڵك خۆشەویست كردبوو، ئەگەر سەرنج بدەینە فیلمە ئەرشیفییەكانی سەردەمی شۆڕشی ئەیلول، یا پێشمەرگە دێرینەكانی بدوێنین زۆر باش هەست بەوە دەكەین كە جلو بەرگ و خواردن و شوێنی حەوانەوەی و چەكی بارزانی نەمر جیاوازیەكی ئەوتۆی لەگەڵ پێشمەرگەكان نەبووه، لەگەڵ هەر پێشمەرگەیەكدا لەئەرك و مافدا خۆی بەیەكسانی زانیوە، بەردەوام رێزی بەرامبەرەكەی گرتووە و لەسەر هەق بەدەنگهاتووه ‌و لەخەمی چینی هەژار و چەوساوەدا بووە، هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی كە لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا خەڵك بارزانی ـ یان خۆشبووێت و بەسیمبولی خۆیانی بزانن و چونكە خەباتیی بارزانیی بۆ حزبێك نەبوو بەڵكو بۆ نەتەوەیەكی خاك داگیركراو بوو لە پێناو كۆكردنەوەیان لە ژێر چەترێك دا.. هەموو ئەوانەی لە رابردوو تا ئێستاش بە شان و باڵی عێراق هەڵدەدەن و خۆشیان بە كورد دەزانن تەنیا پرسیار لە خۆیان بكەن كە چ خێرو خۆشیمان جگە لە ماڵوێران و نەهامەتی لە دەسەڵاتدارانی بەغدا بە سوننە و شیعە و شاهانە و شیوعی بینی ؟!.. كامیان دانیان بوونی مافەرەواكانی كورد دا دانا .. دەوڵەتی دروستكراویی زڵهێزەكان كە ناوی عێراقە دا هەر لەدامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دا بێت، لەبەر ئەوەی هەموو ئەو ڕوداو و كارەساتە جەرگ برانەی بەسەر نەتەوەكەمان دا هات هۆكارەكەی كورد بوون بوو نەوك شتی تر، چونكە بەدیدی ئەوان كورد نەتەوەیەكی نامۆ و غەریبەن و ناشبێت بە ئازادی بژین، لەئێستا دا دەبێت سیاسیەكان باش لەوە تێبگەن تا لەگەڵ عێراق بمێنینەوە، دەبێت چاوەرێی دوبارە بوونەوەی ئەو روداو و كارەسات و مەرگەساتانە بكەن كە لەرابردوو بەسەرنەتەوەكەمان دا هات، هەر بۆیە دەكرێت بڵێین باشترین بزارده بۆ دەربازبوون و دوبارەنەبوونەوەی ئەو روداو و كارەساتانە یەك گوتاری سەرجەم پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانە ئێستا ئەو كاتەیە كە كوردایەتیی جێی عێراقچێتی بگرێتەوە ، گشت تواناكان یەك بخرێت لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە گەورەكە و رزگاربوون لە داگیركاری.. پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ داكۆكی دەكات لە ئامانج و خەونەكانی میللەتی كورد، تا ئێستا بە چەندین هەوراز و نشێو و ڕێگای جیای خەباتكردنی تێپەڕاندووە، هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بەرهەمی پارتی بوون، كە ئەو دوو شۆڕشە بۆ گەلی كورد زۆر گرینگ و پێویست بوون، شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشێكی كاریگەر بوو و توانی حكوومەتی عێراق ناچار بە دانوستان بكات، كە ئەنجام حوكمی خۆبەڕێوەبەری بۆ كوردانی كوردستانی باشوور لێ كەوتەوە.سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی وای كرد كە وڵاتانی بەهێزی جیهان پشتیوانی بۆ كوردستان دەرببڕن، یارمەتیی مرۆیی و سەربازی پێشكەشی كوردستان دەكەن، لە پێناو خاكی كوردستاندا هێزی پێشمەرگە و خەڵكی بەئەمەكی كوردستان ئێستا لە بەرەكانی جەنگن. دروشمەكانی پارتی بەپێی قۆناغ و هەلومەرجی سیاسی بەرز كراونەتەوە، پارتی لە ڕووی نەتەوەییەوە گرەوی لە هەموو هێزە سیاسییەكانی دیكە بردووەتەوە، هەمیشە خەونی پارتی سەربەخۆیی بووە، ستراتیژی پارتی بە پێی قۆناغ هەنگاوی ناوە و دواقۆناغیشی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردییە، بۆیە من وا دەبینم جگە لە پارتی هیچ هێزێكی دیكە نیە ئەو قۆرساییە مێژوویە هەڵبگرێت.
دروشمەكانی پارتی بە پێی قۆناغ و هەلومەرجی سیاسیی گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، پارتی باوەڕی بە فرەیی ئایین و دیموكراسی هەیە، پارتی لە رووی نەتەوەییەوە گرەوی لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان بردووەتەوە، هەمیشە خەونی پارتی سەربەخۆیی بووە، هیوادارم پارتی و هەموو حزبەكانی دیكە، كوردستان لەم تەنگژەیەی كە ئێستا تێی كەوتووە، دەرباز بكەن و بەرەو ئامانجە باڵاكانی دیكە هەنگاو بنێین..كوردستان ئەو نیشتیمانەیە ، كە لە ماوەی سەدەی رابردوو و هەروەها لە پێناو پاراستنی مێژوو و شكۆ و گشت دەسكەوتەكان تا بە ئەمرٍۆ زەریاییەك خوێنی بەخشیووە و تا داری ئازادی گەشەبكات و گەلی كورد بە مافەرەوا زەوتكراوەكانی شاد بێ‌ . هەرێمی كوردستان نموونەیەكی جوانی حكومرانی گەلی كوردستان بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەكە و جیهان و بەكردەوەش سەڵمێنەری ئەو راستییە بووە كە سەرٍەرایی گشت كەم كورتییەكان و كۆسپەكانی بەردەمی سەركەوتووانە توانیوێتی ئاشتی خوازی و حكومرانی خۆی بسەڵمێنێت پێویستە هەردەم لە هەوڵی گەشەپێدانیدا بین، تاوەكو رۆژ بە رۆژ وابكرێت ببێتە نموونەیەكی حوكمڕانیی گەشە سەندو و بەرەو ئاراستەی سەربەخۆیی و تۆكمە بونی ببەین، لەم سۆنگەیەشەوە ئەوەی زۆر گرنگە وەكو ئەركێكی نەتەوەیی ئاراستەكردنی رای گشتییە رووەو خۆشەویستیی نیشتمان و گرنگی پێدانی خەڵك و خاكی كوردان و قەوارە سیاسییەكەی و ناساندنی ئەو ستەم و زوڵمەیە كە بە درێژایی مێژوو لە نەتەوەی كورد و خاكی كوردان كراوە، هاوكات پەروەردەكردنی تاك لە سەر گرنگیی مافی هاووڵاتی بوون و چەمكەكانی مافی مرۆڤ و نەتەوەكەمان .ئەگەر ئاوڕێكی وردبینانە لە \ 28 ساڵی رابردوومان بدەینەوە، دەبینین كە حوكمڕانیی خۆماڵی بە هۆكارەكانی حزبچێتی و خۆپەسەندی و بەرژەوەندیی تەسكی كەسی و حزبی و دەستی دەركی و خۆگرێدانی بەشێك لە لایەنەكان بە بەرژەوەندی ئەملاو ئەولاوە، یان بە هۆكاری كەم ئەزمونی و بێ ئەزمونیی حوكمڕانی خۆماڵی بۆ خۆی، نەیتوانیوە رای گشتی بە ئاراستەی خواستە رەواكانی نەتەوەیی تۆكمە بكات و بیبات، لە هەمان كاتیشدا لێدانی قەوارەی خۆماڵی باشوور بكاتە هێڵی سوور بۆ هەر لایەن و تاكێك لە ناوخۆدا، لێرەدا ئەم بابەتە هەرگیز نایەوێت ببێتە بەرگریكار لە گەندەڵكاران، جا ئەوانە لە هەر پلەو پۆستێكدا بن و هەر ناوو نیشانێكیان هەبێت، بەڵام ناشكرێت بەناوی لێدانی گەندەڵكاران و قۆرخكاران و بە ناوی ركابەریی سیاسی و ئۆپۆزسیونەوە، خودی حكومەتی هەرێم بكرێتە ئامانج، یان سیمبولە مێژوویی و نەتەوەییەكان بكرێنە ئامانج، لە كاتێكدا باش دەزانرێت ئەم حكومەتە خۆماڵییە بە نەیارانی سەر سەخت هەر چوارلای گیراوە و، هەردەمیش ئەو نەیارانە لە بۆسەدان بۆ سڕینەوەی ئاسەوارەكانی ئەم حكومەتە، بەڵام خۆ دەكرێت لە ناوخۆی هەرێمدا ركابەریی سیاسی و ململانێ هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت ئەو هۆكارە ببێتە لێدان و ناشیرینكردنی قەوارەكە و سیمبولەكانی بەرخۆدانی كوردایەتی، وەكو ئەوەی پێشتر لە بەغدا بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە روویان دا، دەبێت هەمووان باش ئەوە بزانن كە قەوارەی هەرێمی كوردستان تەنیا موڵكی دانیشتووانی ئەم هەرێمە و هێزە سیاسییەكانی نییە؛ بەڵكو موڵكی تێكڕا دانیشتووانی كوردستانە و یەكەم وێستگەی هەنگاونانە بەرەو سەربەخۆی خەڵك و خاكی كوردان، بۆیە هەر هەنگاوێكی هەڵەو هەر دەست بۆ بردن و دەست تێكەڵكردنێك لەگەڵ نەیارانی هەرێم بە مەبەست بێت، یان بێ مەبەست؛ نەمان و لاوازكردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی لێدەكەوێتەوە و ئەوەش دەچێتە خانەی خیانەتی گەورە و نیشتمانییەوە، لێرەوە ئەو هەلومەرجانەی ئێستا هاتوونەتەئاراوە، دەكرێت باشترین هەل بێت بۆ هێزگەلی دەسەڵات و ركابەریش تاوەكو ناوماڵی كوردان زۆر بە خێرایی یەكبخرێتەوە لە پێناوی پرسە ستراتیج و گرنگەكاندا. هەروەها لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان دەبێ‌ هەنگاوەكان خێرا بكرێن لە پێناو بونیاتننانی كوردستانێكی بەهێز كە ئاوات ،موڵكی هەموو كوردستانییەكە..
Top