ئەنفال و هەڵەبجە و جینۆساید

ئەنفال و هەڵەبجە و جینۆساید
ئەنفال ئەو کردە ناپەسند و نامرۆڤانە بوو کە بە هۆیەوە سەد و هاشتا و دوو هەزار لە ژن و پیاو, لە گەورە و بچوک، لە کوڕ و کچی چاو لەدووی داهاتوویەکی پڕ لە خۆزگە بە زیندووی ژێر گڵ خران و تەرمی بەشێکیشیان کرانە خۆراکی سەگە رەشەکەی نوگرە سەلمان، بەڵام تا ئێستاش ئەو پرسە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی وەک پرسێکی ئاسایی وەرگراوە و وەک جینۆساید و کۆمەڵکوژی نەتەوەیەکی ژێردەستە نەناسێنراوە, لێردە ناچارین بپرسین بۆچی؟
دیارە بۆ هەر تاوانێک ئەنجامدەر و هۆکاری پشت روودانی تاوانەکە وەک یەک تاوانبارن، بە پێی ددان پێدانانی مام جەلایش لە پلینۆیمی ساڵی ٢٠١٠ نەوشیروان مستەفا بە بردنی پاسدار بۆ هەڵەبجە هۆکار بووە کە ئەو شارە کیمیاباران بکرێ و ببێتە شاری پێنج هەزار شەهید، نەوشیروانیش لە نامیلەکەی (لە هاوخەباتیەوە بۆ تەخوین) بەرگری لە خۆی دەکاو شەریکە هۆکار بۆ خۆی پەیدا دەکات.
بۆ روودانی ئەنفال و زیندە بە چاڵ کردنی سەد و هەشتا و دوو هەزار ژن و پیاو و گەورە و بچووکیش، دووبارە نەوشیروان مستەفا بە بردنی پاسدار بۆ کەرکوک هۆکار بووە بۆ روودانی کارەساتی ئەنفال, لەوەشدا بە تەنیا نییە و هەر لەو نامیلکەیەدا وەک بەرگری کردن لەو هۆکاریەی خۆی دەڵێ: بە پێی رێککەوتنی ئێمە و قەرارگای رەمەزانی سوپای پاسداران دەبووایە بە پێی رێنمایی ئەو قەرارگایە دژی رژێمی بەعس بجەنگین، پێدەچێ ئەو هۆکار بوونەی ئەوان لە روودانی ئەو تاوانانە بووبێتە هۆی ئەوەی وەک پێویست کار لەسەر بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال و هەڵەبجە نەکرابێ.
هۆکارێکی تری خۆ بورادن لەسەر بە جینۆساید ناساندنی ئەو دوو تاوانە ئەوەیە ئەگەر بە جینۆساید بناسرێن: ئەوا عێراق دەچێتە ژێر باری قەرەبوو کردنەوە و هیچ رژێمیکیش لە داهاتوودا ناتوانێ پەلاماری کورد بداتەوە، ئەوەش لە بەرژوەندی حزبە عێراقچیەکان نییە و ئەگەر ئەنفال و هەڵەبجە بە جینۆساید بناسرێن، ئەوا جگە لەوەی بەڕەی عێراقچێتیان لەژێر پێ دەردەهێنرێ، خۆشیان وەک هۆکاری روودانی ئەو دوو تاوانە بە تاوانبار دەردەچن، بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە فراکسیۆنی حزبە عێراقچیەکان نەک کاریان لەسەر ئەو پرسە نەکردووە، بەڵکو بوونە پارێزەری یەکاپارچەیی خاکی عێراق و پێشمەرگە بە سێڵڤچی و ئەنفالچی ناو دەبەن و لەباتی نوێنەرایەتی خەڵک، بوونە جاسووس بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، حەیدەر عەبادیش روون و ئاشکرا گوتی: زانیاریمان پێدەدەن.
Top