ماچی پاپا سەلماندی.

ماچی پاپا سەلماندی.
نوشتانەوەی پاپا فرانسیس, پاپای ڤاتیكان و رێبەری كاسۆلیكەكانی جیهان، بۆ ماچكردنی پێڵاوی سالڤاكیر، سەرۆكی سودانی باشور و ژمارەیەك لە سەركردەكانی ئەو وڵاتە. دەنگدانەوەیەكی میدیای گەورەی بەدوای خۆی هێنا، لە بنەڕەتدا ئەم كارەی پاپا بە هەر ئامانجێك بێت زۆر راستی سەلماند بۆ ئاین و سیاسەت.
دوای ئەوەی ئەم هەڵوێستەی پاپا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەشێكیان بە پیاوی دیمۆكراسی و بەشێكی تر بە پیاوی ناوبانگ سەیری دەكەن، لەهەر حاڵەتێكدا بێت من بڕوام وایە پاپا كەوتە هەڵەیەكی ئاینی گەورە. رێبەرایەتی رەوت یان مەزهەبێكی ئاینی مەسیحی دەكات لە جیهان. بێگومان ئەمەش ئەركێكی ئاینی گەورەی بەسەر شانەوەیە، نوێنەرایەتی هەڵگرانی ئەم بیرو باوەڕە دەكات، ئەگەر لە روانگەی تاكدا كارێكی پیرۆزی ئەنجام دابێت و ویژدانی ئاسودە بێت، بەڵام لە دواجار ئەمە مۆركێكی گشتی پێوەیە ناتوانێت لە روانگەی تاكی خۆی هەڵسوكەوت بكات، بەڵكو هەر جوڵەیەكی بەسەر گشت هەڵگرانی ئەم ئاینە یاخود ئەم رەوتە دەشكێتەوە.
لە روانگەی خۆیدا پاپا مەبەستی لەم هەڵسوكەوتەی هاندان بوو بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی ئاشتی، بەڵام بە دیوی تر خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، ئەو ماچە دوو شتی بۆ جیهان بەگشتی سەلماند. لە روێكەوە ئەوە بوە جێگەی تێڕامان ئاین لە ژێر هەژموونی سیاسیدایە، یان دەبێت پیاوانی ئاینی خۆیان رابێنن لەگەڵ سیاسەت و دەست و پەنجەی بۆ نەرم بكەن ئەگەر نا نەتوانن ئەدای كارەكانیان بكەن و ئەركەكانیان تەندروست ببەن بەرێوە، یاخود دەبێت سیاسەكان خۆیان ئاین بەرێوەببەن.
كە باس لە ئاین دەكەم مەبەست لێی تەنها ئاینی مەسیحی نیە، بەڵكو گشت ئاینەكان بێ‌ جیاكاری ئاسمانی بن یاخود زەمینی، گشتیان لە ژێر كاریگەری سیاسەت ئەركەكانی خۆیان رادەپەڕێنن، ئەمەش وای كردوە تێهەڵكێشی زۆر لە نێوان ئەم دوو كایەی كۆمەڵگەكان دروست بوە، خەریكە پیاوانی ئاینی بە ئەركی خۆیان نازانن.
لە لایەكی تر ئەم پێڵاو ماچ كردنە هاوكاتە لە گەڵ كەوتنی دەسەڵاتی عومەر بەشیری سەرۆكی لە كار لادراوی سودان، ئەم پیاوە نزیكەی سی ساڵ بەناوی دین حكومڕانی دەكرد. ماچ، بەو واتایەی لە وڵاتانی ئیسلام حكومڕانی بە ناوی ئاین كۆتایی دێت پرۆگرامی سیكۆلار جێگەی دەگرێتەوە، ئەمەش تێهەڵكێشی ئاینی مەسیحیە لە دواجار دەبێت لە كۆمەڵگەی ئیسلام پەیڕەو بكرێت.
ئەمە یەكەم كەوتنی حكومی بەناو ئیسلام نیە، بەڵكو لە چەند ساڵی رابردوو كۆمەڵێك حكومی ترمان بینی لە وڵاتانی عەرەبی بە ناوی ئیسلام و پەیڕەوانی ئاین دەسەڵاتیان لە دەست بوو، كەچی بینیمان یەك بەدوای یەك كەوتن. ئەو ماچە پەیامێكە بۆ ئەو دەسەڵاتانەی بەناوی ئیسلام حكوم دەكەن، سنوری جێبەجێ‌ كردنی بڕیارەكانیان بچوك دەكرێتە. مەبەست لەم نوسینە بەرزكردنی تیۆرێك نیە بەسەر تیورەكانی تری كۆمەڵگە، بەڵام ئەوەی رودەدات ڕاستیەكی حاشا هەڵنەگرە.
لە لایەكی تر ئەم كارەی پاپا دەرخەری ئەو راستیەیە ئاینەكان بە زەحمەت دەتوانن حكومی یەكتر بكەن، یەكێك لەو نمونە بەرچاوانە دروستكردنی دەوڵەتی سودانی باشور ئەوە دەگەیێنێت حكومكردن بەسەر گشت ئاینەكان ئەستەمە، مەگەر سەرۆكێكی دادپەروەر و خەمخۆر بتوانێت گشت ئاینەكان بێ‌ كێشە لە سنوری هەرێمێك یاخود دەوڵەت جێبكاتەوە. وەك ئەوەی لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت بە شێوەیەك رێز لە ئاینەكان دەگیردرێت و تێكەڵاوی دروست بوە وەك ئەوەی حكومداری خۆیان بكەن.





Top