پارتی گوێزان لە هەنبانەی خۆیدا دەژمێرێ دیسان واژۆ کردنی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی دواخرا

پارتی گوێزان لە هەنبانەی خۆیدا دەژمێرێ دیسان واژۆ کردنی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی دواخرا
پارتی لە هەر رێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتی نابێ هەر خەریکی گویز ژمارندی ناو هەنبانەی خۆی بێ، دەبێ ئاگاداری هەنبانە شڕەکەی ناو یەکێتیش بێ و پێویستە بۆ جێبەجێ کردنی رێککەوتنەکە سەبری ئەیوبی هەبێ و خوێندنەوە بۆ کێشە و شەڕی پۆست و پۆستکاری ناو باڵەکانی یەکێتیش بکات، ئاخر یەکێتی وەک پارتی نییە لە کۆبوونەوەیەکی یەک کاتژمێری پۆستەکانی خۆی یەکلایی بکاتەوە، یەکێتی بۆ هەر بڕیارێک پێویستی بە مشتومڕێکی زۆر و چەندین کۆبوونەوە هەیە، کۆبوونەوە و رێککەوتنى سەرکردایەتی، کۆبوونەوە و رێککەوتنى مەکتەبی سیاسی، کۆبوونەوە و رێککەوتنی ئەنجومەنی ناوەند، تا ئێرە ئاساییە و کێشە گەورەکەی یەکێتی لە دوای ئەو کۆبوونەوە و رێککەوتنانە سەر هەڵدەدات، چونکە دوای ئەوەی لە هەموو ئەو کۆبوونەوانە گەیشتنە رێککەوتن، دەبێ بۆ وەرگرتنی دوا بڕیار پوختەی رێککەوتنەکە ببرێتە لای کاک و خوشکانی سەرووی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند و رەزامەندی ئەوانیشی لەسەر وەربگرێ, خوا نەخواستە و خوا بەوێ رۆژێ نەکاو گوێی شەیتانی کەڕ بێ و هەردوو چاویشی کوێر بن، ئەگەر یەکێک لەو کاک و خوشکانە وردە سەرنجێکی هەبێ، ریسەکەیان لێ دەبێتەوە بە خوری و دەبێ گەڕێکی تری کۆبوونەوە و رێککەوتن لەناو ئەو ئۆرگانانەی یەکێتی دەست پێبکاتەوە، لەوەش خراپتر ئەگەر سەرنجەکە تۆزێ گەورە بێ ئەوا رێککەوتنەکە لەگەڵ پارتیش هەڵدەوەشێتەوە و دەبێ دووبارە لەگەڵ پارتیش رێککەوتنێکی تر واژۆ بکرێتەوە، ئەوەش ئەو پەندە کوردیەم بیر داخاتەوە کە دەڵێ: بزن شیر بدا, بە داپیری بدا، داپیریش کلکە قوڵەی خۆی پێبدا، هی یەکێتیش دەبێ مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند کۆبوونەوە بکەن و رێک بکەون، رێککەوتنەکە بە کاک و خوشکان بدەن، کاک و خوشکانیش قەڵەمی واژۆیان پێ بدەن.
Top