سازبون، دەرمانی سایكۆلۆژی گۆڕان.

سازبون، دەرمانی سایكۆلۆژی گۆڕان.
دوای نزیكبون و لێك تێگەیشتنی پارتی و یەكێتی گەیشتن بە رێككەوتن، بوە هۆی كرانەوەی ئاسۆیەكی گەش لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان. لە دوای هەڵبژاردنەوە ئەم دوو حزبەی خاوەن هێز ئەو بزوتنەوەیان خستبوە نێوان دوو بەرداش بە تایبەتیش یەكێتی گۆڕانی لە دڵە راوكێ‌ هێشتبویەوە. ئەمە وای كرد نەتوانێت لەم ماوەیەدا ئازادانە گوزارشت لە ئایدیای خۆی بكات و خاوەن قسەی نەگۆڕ بێت لەم ئەگەرانەی دێنە بەردەمیان. تا گەیشتە ئەوەی لە نێو سەركردایەتی گۆڕان دوو ئاراستە دركی پێبكرێت.
بزوتنەوە گۆڕان تۆڵەی تەقەكردنی سەر بارەگاكەی لە یەكێتی كردەوە، بە رێككەوتن لە گەڵ پارتی و دەستی خۆی خستە پێش لایەنەكانی تر، ئەمەش وای كرد پشكی زیاتری بەركەوتەی خۆی لە پارتی وەربگرێت لەبەرامبەر كاراكردنەوەی پەرلەمان، هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ لە ئەگەری نەهاتنە بەر باری یەكێتی و سور بوون لەسەر داواكردنی بەرژەوەندی حزبی.
لە دوای هەڵبژاردنەوە گۆڕان بە حاڵەتێكی سایكۆلۆژی نا هەموار تێدەپەڕی، لە ئاوێكدا بوو بەهەر ئاراستەیەك هەنگاوی نابا بە زیان دەشكایەوە بۆی. هەرچەند رێككەوتنی لەگەڵ پارتی دیمۆكراتی كوردستان كرد، بەڵام لە لایەكی ترەوە ناڕاستەخۆ حەزی نەبوو بێ‌ یەكێتی حكومەتی نوێ‌ پێك بهێندرێت. وەك ئێستا دەیانەویست بە تیرێك دوو ئامانج بپێكن و رزگاریان بێت لەو فشارەی دووچاری بوون!
راستیەكی حاشا هەڵنەگرە، گۆڕان بزوتنەوەیەكی جەماوەری بێ‌ رەگ و ریشەیە. حزبێكی دامەزراوەیی نیە، ئەگەر بڵێم حزبێكی كاتیە لە بۆشایەكی ناوخۆیی هەلی بۆ رەخسا و كەوتە سەر پێ‌ ڕەنگە هەڵە نەبم، واتە مانای ئەوە نیە بۆ هەمیشە پێگەی جەماوەی بە هێز دەمێنێتەوە. مانەوە و بە هێزی ئەم بزوتنەوەیە لەگەڵ چۆنیەتی حكومڕانیە هەركات داخوازی هاووڵاتیان بێتەجێ‌، گۆڕان لە بزوتنەوەی جەماوەری دەبێتە حزبی لاسایی. وە خەریكە لە گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان بەدیلی بۆ دروست دەبێت.
پێویستە ئەوەش بڵێین خۆیان باش درك بەو راستیە دەكەن، بۆیە نایانەوێت دژایەتی پارتی و یەكێتی بكەن. چونكە دەزانن بە توڕەكردنی هەریەك لەو هێزانە و لاواز بوونی پێگەی جەماوەری خۆی شوێنێك نامێنێت بۆ نمایشی سیاسیان. ئەوەی گۆڕان توانی لەم چەند ساڵەی رابردوو خۆی تێدا بكاتە پاڵەوانی تەختی سیاسی، پارێزگای سلێمانی بوو بە گشت قەزاو نەحیەكانیەوە، كەچی ئەمەش تا سەری نەبرد.
گۆڕان باش دەزانێت گونجاوترین شوێن بۆ كارو چاڵاكیان زۆنی هەمە ڕەنگە، چونكە لەو سنورەدا پێگەی بەهێزی هەبووە هەڵقوڵاوی جەماوەرێكی ناڕازی بوو بەتایبەت لەم دەڤەرەدا، ئەوە بۆیان راسیتەكی رونە ناتوانن لەسنوری پارتیدا سەرهەڵدانی جەماوەی و كۆكردنەوەیان بەدەوری خۆیاندا بێننە ئارا. بەو هۆیەی پارتی حزبێكی جەماورەی رێكخراوە، حزبی خزمەت و پەنای هاووڵاتیانە، پشتێنەیەكی ئاسایشی بەهێزە بۆ پاراستنی كوردستان. بۆیە گۆڕان نایەوێت دڵی یەكێتی بڕەنجێنێت تاكو سەلامەت نمایشی كاری سیاسی خۆی بكات.
ئەوە ئاشكرایە نا راستەخۆ قسەی هەندێك بەرپرسی ناو یەكێتی گۆڕانی تێگەیاند، بەبێ‌ ئەوان لە سنوری پارێزگای سلێمانی ناتوانن هەنگاو بهاوێژن بەرژەوەندیەكی قۆڵیان بەیەكەوە هەیە لەم سنورەدا. چرپاندنی ئەو قسانە بە گوێی گۆڕاندا وای كرد لە نێوان دوو ئەگەری سەخت بیهێڵنەوە فشاری سایكۆلۆژی لەسەری دروستبكەن. ئاماژەكان باش نەبوون بۆ گۆڕان بەوەی هەندێك كادری یەكێتی باسیان لەوە دەكرد، یەكێتی گۆڕان دەرناكات لە سلێمانی، بەڵام خۆی ناچار دەبێت چۆڵی بكات بەوەی جەماوەر دژایەتی دەكات لەم سنورە.
ئەمەش زەنگێكی خراپ و ئاماژەیەكی مەترسی دار بوو بە گوێی رێكخەرانی ئەو بزوتنەوەیان چرپاند. لە ئێستا رێككەوتنی پارتی و یەكێتی هەناسەی خستەوە بەر گۆڕان، بەوەی دەتوانێت بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات و كۆمەڵێك پۆست وەربگرێت ئەدایان بكات، وەك بەڵێنی بە هەوادارنی دابوو، لە لایەكی ترەوە دەتوانێت كارو چاڵاكی خۆی ئازادانە ئەنجام بدات لەو سنورەی لێی هەڵقوڵاوە. هەرچەند روكەش كادرانی ئەم بزتنەوەیە دەڵێن رازی نین بە زیادكردنی جێگرێك یاخود یاریدەدەر بۆ سەرۆكی هەرێم بەوەی دەسەڵاتی ئەو جێگرەی پشكی گۆڕانە كەم دەبێتەوە. بەڵام لە ناوەڕۆكدا بەقازانجی ئەوان دەشكێتەوە، پێشوازیش لەو سازبونە دەكەن. هەرچۆنێك بێت رێككەوتن لە سودی بزوتنەوەی گۆِرانە.



Top