دیسان خوێندەواری و بڕوانامە؟

دیسان خوێندەواری و بڕوانامە؟
شارسوار عەبدولواحید و جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە درووست کردنی ئەو جیهانە خەیاڵیەی کە هەرگیز نایەتەدی و لە سووکایەتی کردن بە مێژوو و رەمز و پیرۆزیە نەتەوەییەکان و گومان خستنە سەر ئێستا و داهاتوو, رێک کاوێژی نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەى گۆڕان دەکەنەوە, ئەگەر لە پێشینەی سیاسی و هەڵوێستیشیان ورد بینەوە شاسوار خۆی بە نەوشیروان مستەفا دەشوبهێنێ و جووڵانەوەکەشی بە جێگرەوەی بزووتنەوەى گۆڕان دەزانێ.
هەموومان لە یادمانە کە شاگرد و قوتابیەکانی نەوشیروان مستەفا دەیانگوت: وڵات بە کەسانی نەخوێندەوار بەڕێوە ناچێ, ئەوەتا شاگرد و قوتابیەکانی شاسواریش باس لە بوونی بڕوانامە دەکەن، لە کاتێکدا مەرج نییە هەموو خاوەن بڕوانامەیەک کوردپەروەر و شۆڕشگێڕ بێ، چونکە بە گەڕانەوە بۆ مێژوو ئەو بەڵگەیەمان دەست دەکەوێ کە زۆر جاران خاوەن بڕوانامەی زۆر بەرز تا بناگوێیان لە زەلکاوی خیانەت و وڵاتفرۆشی رۆچوون و کەسانی نەخوێندەواریش لە پێناو بەرگری کردن لە خاک و نەتەوەکەیان خۆیان کردۆتەوە قوربانی, هەر لەو بارەوە رووداوێکی حەقیقیتان بۆ دەگێڕمەوە.
لە ساڵی ١٩٨٥و دوای ئەوەی پۆلی شەشەمی ئامادەییم تەواو کرد رووم لە شاخ کرد و چەکی بەرگری کردنم لە کوردستان کردە شان, لەو کاتەدا زۆرم شایی بە خۆم بوو کە ئەوە منی خوێندەوارم بوومەتە پێشمەرگە, کاتێ گەیشتمە شاخ و چەند هەڤاڵێکم ناسی زۆرم بەزەیی بەخۆمدا هاتەوە لەوەی کە من لە ئەنجامدانی ئەو ئەرکە پیرۆزە دواکەوتووم و ئەوە نەخوێندەوارەکانن پێش من ئەو چەکەیان کردۆتە شان و ئەرکی پیرۆزی بەرگری کردنیان لە بوونی من و وڵاتەکەشم ئەنجام داوە, بۆیە مەرج نییە هەموو خوێندەوارێک وڵاتپارێز بێ و نەخوێندەوارەکانیش وڵاتیان پێ بەڕێوە نەچێ, چونکە بە هەموو پێوەرە مێژووییەکان ئەو نەخوێندەوارانەی گیانیان بەخشیوە, هەزاران جار لە خوێندەوارەکان و خاوەن بڕوانامەکان زیاترن.
Top