وتەبێژی یەکێتی بۆ پێکەنین جاروبار قسەی خۆشیش دەکات

وتەبێژی یەکێتی بۆ پێکەنین جاروبار قسەی خۆشیش دەکات
لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەکێتی بۆ جاروبار بۆ جەو گۆڕین و پێکەنین قسەی خۆشیش دەکات، ئەوەتا لە لێدوانێکیدا دەڵێ: نێچیرڤان بارزانی کە تا ئێستاش سەرۆکی حکومەتە ئەوەندەی کێشە هەیە کە نەپرژێتە سەر ئێمە.
ئەو دنیا جەناڵەی سیاسیش پێویستی بەوە هەیە جاروبار بۆ پێکەنین و فۆرمات کردنەوەی مێشک قسەی خۆشیشی تێدا بکرێ، ئەوەتا لەتیف شێخ عومەر گلەیی ئەوە لە کاک نێچیرڤان دەکات کە لەبەر کێشەکانی خۆی ناپرژێتە سەر ئەوان.
هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە هەولێر و لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوونەوە و کاک نێچیرڤان بارزانی وەک کەسی دووەمی پارتی و کاک کۆسرەت رەسوڵ لە ئێستادا وەک کەسی یەکەمی یەکێتی رێککەوتننامەیان واژۆ کرد و فایلەکانیشیان پێک گۆڕینەوە، ئەوکات من لە پۆستێکدا گوتم: ئەوە پارتی و یەکێتی رێککەوتن, ئەی یەکێتی و یەکێتی دەبێ کەی رێک بکەون و ناوەرۆکی رێککەوتنەکەیان چۆن بێ و لە چەند بەند و بڕگە و خاڵ پێکهاتبێ؟
دوای ئەوەی وەفدەکەیان گەیشتەوە سلێمانی و خۆیان وەک یەکێتی و یەکێتی نەیانتوانی رێک بکەون گوتیان: نیسکێنەیە و سەر لە نوێیە و پێویستە ئەو جارەش لەگەڵ پارتی کۆ ببینەوە و جارێکی تریش رێک بکەوینەوە، کەچی لەتیف شێخ عومەری وتەبێژ دەڵێ: نێچیرڤان بارزانی ئەوەندەی کێشە هەیە کە نەپرژێتە سەر ئێمە؟
بەڕاستی ئەو لێدوانەی لەتیف شێخ عومەر لەو قسە خۆش و نوکتانەیە کە جاروبار سیاسیەکان بۆ جەو گۆڕین و هێنانە پێشی فەزایەکی پێکەنیناوی لە کۆبوونەوەکاندا دەیکەن, ئەگەرنا پێم وانییە لەتیف شێخ عومەر لەوە زیاتر هیچ مەبەستێکی تری هەبوبێ! چونکە کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی لەوە دەرچوون لەتیف شێخ عومەر بەو جۆرە لێدوانە گاڵتەجاڕیانە بتوانێ پەردە پۆشیان بکات.
Top