لە دایک بوونێکی مەزن

لە دایک بوونێکی مەزن
رۆژی ١٤ی ئازاری ساڵی ١٩٠٣ رۆژی لە دایک بوونی پێشەوا و رابەری بزووتنەوەى رزگاریخوازی خەڵکی ستەمدیەدەی کوردستانە, ئەو لە دایک بوونە لە دایک بوونی منداڵێکی ئاسایی نەبوو, لە دایک بوونەوەى هزر و بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی بوو، لە دایک بوونی شۆڕش و رابوون بوو، لە دایک بوونی رەتکردنەوەی زوڵم و ستەم و زۆرداری بوو، لەدایک بوونی بەگژدا چوونەوەى ژێردەستەیی خواستی سەربەخۆیی و بە ئازادی ژیان بوو، لە دایک بوونی هەڵوێستی شۆڕشگێڕی و بەرخودان بوو.
بەر لە دایک بوونی بارزانی نەمر کورد لەناو گێژاوی بێ رابەری و بێ پێشەواییدا دەژیا, کورد هیچ رابەر و پێشەوایەکی وای نەبوو جادووی راپەڕینە ناوچەییەکان بەتاڵ بکاتەوە و شۆڕشێکی سەرتاسەری وا بەرپا بکات کە هەڵگری خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان بێ.
لە دایک بوونی بارزانی نەمر و دەرکەوتنی وەک رابەر و پێشەوایەکی نەتەوەیی دەرگای ئومێدی بە رووی خەڵکی شۆڕشگێڕ و سەربەخۆخوازی کوردستاندا کردەوە, ئەوەش ترسی خستە ناو دڵی داگیرکارانی کوردستان و بۆ لەناوبردنی پێشگرتن بە رابەر بوونی بارزانی نەمر کەوتنە پیلانگێڕان و درووست کردنی پێشەوا و رابەری ساختەی سەر بە خۆیان، بەڵام بارزانی نەمر راستگۆیی خۆی لەگەڵ پرسی کورد و خەبات و تێکۆشانی لە پێناو بەدیهێنانی خواستی خەڵکی کوردستان توانی هەموو پیلانەکانی داگیرکارانی کوردستان پوچەڵ بکاتەوە و چارشێوی موخابەراتیش لەسەر پێشەوا و رابەرە ساختە درووست کراوەکانیش لابدات، بۆیە لەو رۆژەدا پیرۆزە و لە ساڵیادی لە دایک بوونی بارزانی پێشەوا و رابەر دەڵێم: سڵاو لە ساڵیادی لە دایک بوونەوەى هزر و بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی, سڵاو لە ساڵیادی لە دایک بوونی شۆڕش و رابوون، سڵاو لە ساڵیادی لە دایک بوونی رەتکردنەوەی زوڵم و ستەم و زۆرداری، سڵاو لە ساڵیادی بەگژدا چوونەوەى ژێردەستەیی و خواستی سەربەخۆیی و بە ئازادی ژیان, سڵاو لە ساڵیادی لە دایک بوونی هەڵوێستی شۆڕشگێڕی و بەرخودان.
Top