جامانەی سوور چۆن بووە رەمزی شۆڕشگێڕی و بەرخودان

جامانەی سوور چۆن بووە رەمزی شۆڕشگێڕی و بەرخودان
جامانەی رەش و سوور هەیە و زۆر ناوچەی کوردستان جامانەی رەش دەبەستن و بارزانیەکان جامانەی سوور، هەورامیەکان مشکی مۆر و سەوز دەبەستن و ناوچەی پێنجوێن و شلێریش مشکی رەش دەبەستن، جامانە بە هەردوو رەنگەکەی و مشکی بە هەموو رەنگەکانیەوە بەشێکن لە بۆشاکی کوردەواری و بوونە شکۆی نەتەوەیی و هەڵوێستی شۆڕشگێڕی، زۆر جاران پرسیاری ئەوە کراوە بۆچی بارزانیەکان جامانەی سوور دەبەستن؟
وەک سەرۆک بارزانی بۆی گێڕامەوە لە بیستەکانی سەدەی رابردوو بۆ یەکەمجار شێخ ئەحمەد بارزانی جامانەی سوور دەبەستێ، مریدەکانیشی بۆ دەربڕینی خۆشەویستیان بۆ شێخ جامانەی سوور دەبەستن، لە شۆڕشی ساڵی ١٩٣١ بۆ ١٩٣٢ی بارزان، سوپای رژێمی پاشایەتی لە یەکێک لە شەڕەکانی گەڵ بارزانیەکان زەرە و زیانێکی زۆری بەردەکەوێ، بەو هۆیەوە بڕیارێک دەردەچێ کە هەرکەسێک جامانەی سووری لەسەربێ دەبێ بکوژرێ، رۆژێک چەند سەربازێک توشی شوانێک دەبن کە جامانەی سووری لە ملە، سەربازەکان شوانەکە بە جامانەکەی خۆی دەخنکێنن، بارزانیەکانیش بۆ تۆڵە کردنەوە هێرش دەکەنە سەر سوپا و (١٢) لە بارزانیەکان بریندار دەبن و چەند کەسێکیش لە پیاوەکانی رژێم دەکوژرێن، لەو کاتەدا بارزانیەکان وەک وەڵامدانەوە بۆ بڕیارەکەی رژێمی پاشایەتی دەڵێن: هەر بارزانییەک جامانەی سوور نەبەستێ ترسنۆکە، ئیتر لەو کاتەوە جامانەی سوور لای بارزانیەکان دەبێتە رەمزی ئازایەتی و شۆڕشگێڕی و کوردایەتی.
ئەوەی جێگای سەرنجە لە ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١و لە کاتی هەڵکوتانەسەر بارەگای لقی چوار، بەرەی بەردەفڕکێ بە ئامانجی (ارحل)و بە درووشمی کوردستان تونس و میسرە، لەبەردەم لق بە سووتاندنی جامانەی سوور مێژووی داگیرکارانی کوردستانیان دووبارە کردەوە، ئێستاش هەمان بەرە بە ئامانجی دژایەتی کردنی سەربەخۆیی کوردستان و بە درووشمی نەخێر، دەیانەوێ لە باتی جامانەی رەش و سوور و مشکی مۆر و سەوز و رەش، چەفتە و عەگالی عەرەبی بکەنە سەری کورد.
Top