خۆزگە وا نەبووایە

خۆزگە وا نەبووایە
دوای ئەوەی یەکێتی بۆ سەپاندنی دەخوازیە حزبیەکانی خۆی بەسەر پارتیدا هەموو کارتەکانی بەکار هێنان بە کارتی هەرەشە و پەنا بردن بۆ بەغدا و هیچ کام لەو کارتانەش دادی نەدان و دەستیان لە هەموو پنچکەکان بەربوو، بە ناچاری گەڕایەوە لای پارتی و ئەمڕۆ وەفدێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ عەلی لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە.
دیارە هیچ کوردێکی کوردپەروەر و نیشتیمان ویست نییە بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی ناوماڵی کورد خۆشحاڵ نەبێ، بۆیە ئەو هەڵوێستەی یەکێتی ئەگرچی درەنگ وەختیشە، بەڵام لەو ئینکاری و سەرەڕۆییە سیاسیەی رابردووی باشترە، بۆیە بۆ یەکێتی و بۆ هەموو کورد و پرۆسەی سیاسی کوردستانیش وا باشتر بوو یەکێتی بە دەنگ و بڕیاری خەڵک و ئیستحقاقی هەڵبژاردن رازی بێ و بەر لەوەی بەغدا بکاتە هەرەشە و کارتی گوشار و دژی پارتی بیانجووڵێنێ، خۆزگە وەک ئێستا سەردانی سەرۆک بارزانی کردبا، نەک وەک ئەوەی کردی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان بکاتە هەرەشە و دژ بە دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان بەکاریان بێنێ, چونکە چوونی وەفدە باڵاکەی یەکێتی بۆ بەغدا بەر لەوەی کارتی گوشار بووبێ دژ بە پارتی، هەرەشە و کارتی گوشار بوو دژ بەو دەنگ و بڕیارانە کە خەڵکی کوردستان لەسەر سندووقەکانی هەڵبژاردن دای بە حزب و لایەنەکان.
کارەسات لەوەدایە حزبی کوردی داگیرکاری وڵاتەکەی بکاتە هەرەشە و کارتی گوشار دژ بە حزبێکی تری کوردی، چونکە ئەو حزبە بەو کارتە هەر دەستکەوتێک بەدەست بێنێ دەبی باجی نەتەوەیی بدات بە داگیرکارەکە، لە دنیاشدا هیچ حزبێکی رەسەن و خاوەن پەیامی نەتەوەیی نەبووە لەوە بترسێ داگیرکاری وڵاتەکەی لەسەری بکری بە کارت, چونکە ئەو داگیرکارە دوژمنە و ئەوەی لەدەستی بێ دەیکات و حزبە رەسەنەکەش خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکانی ئەو داگیرکارە ئامادە کردووە.
Top