ئەو هەڵەیە پێویستە راست بکرێتەوە
February 20, 2019
وتار و بیروڕا
![ئەو هەڵەیە پێویستە راست بکرێتەوە](https://gulanmedia.com/public/old_images/nusaran/soora.jpg )
ئەو لایەنانە بەو هەڵوێستەیان و دژایەتی کردنی پارتی جەماوەری خۆیان تووشی راڕایی و دڵەڕاوکێ کرد، ئەوەش وایکرد دەنگ لە یەکتری وەربگرن و ئەگەر ئەمیان کورسییەکی پەرلەمانی زیاد بکات، لەسەر حیسابی لایەنەکانی تر دەبێ، بۆیە دەنگەکانیان لە هەڵبەز و دابەزی بەردەوام دابوون، لە بەرامبەر ئەوەدا جەماوەری پارتی و دەنگ و کورسیەکانی لە هەڵکشاندا بوون.
ئەو چوار لایەنە بە شێوەیەک مەست و سەرگەرمی دژایەتی کردنی پارتی ببوون داهاتووی کورد و پاراستنی دەستکەوتەکانیشیان خستنە ناو بازنەی دژایەتی کردنی پارتی، بۆ ئەو مەبەستەش سیاسەتی دژایەتی کردنی پارتیان گواستەوە بەغداش، بەوەش ئەرکی پەرلەمانتاری و نوێنەرایەتی کردنی کوردیان لە بەغدا لەبیر کرد، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە ئەو دژایەتی کردنەی پارتی لە بەغدا هەموو کورد بە خۆشیانەوە تێیدا زەرەرمەند دەبن، بەوەشەوە نەوەستان و زۆر جاران لە پێناو وەستاندنی پارتی لەگەڵ عەرەبە شۆڤێنیەکان دەبوونە هاوپەیمان، بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە و هەڵەی کوشندوی ئەو لایەنانە، هاوکات لەگەڵ کودەتاکەی ناو پارلەمانی کوردستان دژی پارتی لە بەغداش چوونە پاڵ ئەو کودەتایەی کە عەرەبە شۆڤێنیەکان وەک تۆڵە ستاندنەوە لە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی پارتی دژ بەو حزبە و، بۆ پاکتاو کردنی نوێنەرە کوردەکانی پارتی لە بەغدا و بە پشتیوانی ئەو دەستە و گرووپە عەرەبیانەی دەیانویست سنوور بۆ داخوازیە رەواکانی کورد دابنێن بەڕێوەیان برد، ئەوەش وایکرد لە ریفراندۆم و هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەغدا و دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەنگ و کورسیەکانی پارتی دوور لە چاوەڕوانی ئەو لایەنانە و هەموو دوژمنانی کورد بەو شێوە چاوەڕوان نەکراوە زیاد بکەن، هەموو ئەو راستییانە لەو لایەنانە دەخوازێ کە بە هەڵەکانی رابردووی خۆیاندا بچنەوە و فۆرمی دژایەتی کردنی پارتی بگۆڕن بۆ فۆرمی ململانێیەکی سیاسی ئەوتۆ کە تێیدا بەرژەوەندیە گشتیەکان لەبەرچاو بگیرێن و ببێتە پارێزەری دەستکەوتەکان و کۆدنگی و هاوهەڵوێستیش بۆ پرسە نەتەوەییەکان بێنێتە کایەوە.