یەکێتی تۆڵەی خۆی دەکاتەوە

یەکێتی تۆڵەی خۆی دەکاتەوە
یەکێتی قەرزی خۆی بەسەر کەسەوە ناهێڵێ، ئەوەتا وەک تۆڵە کردنەوە لە ریفراندۆم و گەڕانەوەی پارتی بۆ دەنگ و بریاری خەڵکی کوردستان، کەرکوکی فرۆشت و بەوەش چاوەڕوانی هەموو کوردی لەبار برد و کەرکوک و کەرکوکیەکانیشی خستنە ناو دۆزەخی عرووبە و دووبارە ژیاندنەوەی پرۆسەی تەعریب.
ئەوەی لە هەڵوێستی پارتی و یەکێتی دەبینرێ, لەسەر بارودۆخی کەرکوک دوو هەڵوێستی جیاوازیان هەیە، هەرچی (پارتی)یە ئاسایی کردنەوەى دۆخی کەرکوک و گێڕانەوەی ئەو شارەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەلاوە گرنگە، بە واتایەکی تر پارتی کەرکوکی دەوێ، هەر بۆیەش ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی کەرکوکی خستۆتە پێش وەرگرتنی پۆستی پارێزگار یان هەر پۆستێکی تر، هەرچی یەکێتیشە تەنها وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار بە گرنگ دەزانێ و کەرکوکس ناوێ و پۆستی پارێزگاری دەوێ، هەر بۆیەش وەرگرتنەوەی ئەو پۆستەی خۆستۆتە پێش ئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکە و تەنانەت کوردستانی بوونی کەرکوکیش.
یەکێتی لە پێناو وەرگرتنەوەى پۆستی پارێزگاری کەرکوک بایکۆتی هەموو پرۆسەی سیاسی کرد و وەک بینیمان ئەمڕۆ وەرگرتننەوەی ئەو پۆستەی کردە مەرجی بەشداری کردنی کۆبوونەوەى ئەمڕۆی پەرلەمان، ئەوەبوو بێ بەشداری یەکێتی کۆبوونەوەى پەرلەمان کرا، لێرەوە دەبێ پارتی ئاگاداری تۆڵەی یەکێتی بی و ئەو راستییە باش بزانێ کە هەر کاتێک یەکێتی پۆستی پارێزگار وەربگرێتەوە تۆڵەی ئەمڕۆ لە پارتی دەکاتەوە، تۆڵەکەش ئەوەیە کە بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی کەرکوک نەک هەر هاوکاری پارتی نەکات، بەڵکو دژایەتی هەر هەنگاوێکیش دەکات کە پەیوەندی بە ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی کەرکوک و گەڕانەوەی ئەو شارەوە هەبێ بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵگەش ئەوەیە یەکێتی دەستبەرداری کوردستانی بوون بووە و خۆی بۆ عێراقچێتی خۆی یەکلا کردۆتەوە، زۆرێک لە سەرکردەکانیشیان ئەوەیان نەشاردۆتەوە و بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کەرکوک شارێکی عێراقییە و لە ١٦ی ئۆکتۆبەریش دەیانگوت: کەرکوک گەڕاوەتەوە باوەشی نیشتیمان.
Top