دوو گەورە خیانەتکار

دوو گەورە خیانەتکار
ئەگەر خیانەت کردن قوربانیدان و بەرگری کردن بێ لە وڵات، ئەگەر خیانەت کردن رەتکردنەوەی سیاسەتی داگیرکاری و گیانبازی بێ لە پێناو سەربەخۆیی، ئەگەر خیانەت کردن بەگژدا چوونەوەی زوڵم و ستەم و گەڕانەوە بێ بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵک، وەک ئەوەی لە کوردستان ئێستا هەندێ کەس و دەستە و گرووپ پێناسەی بۆ دەکەن و وڵاتپارێزان و هەڵگرانی پەیامی سەربەخۆیی و گەڕانەوە بۆ خواست و دەنگ و بڕیاری خەڵک بە خیانەتکار ناو دەبەن، ئەوا ئەمەریکا و فەرەنسا و باشووری ئەفریقا و هیندستان هەر یەکە و یەک گەورە خیانەتکاریان هەیە، ئەوانیش: جۆرج واشنتن و دیگۆڵ و ماندێلا و غاندین و بە هەوڵ و خەباتی ئەو گەورە خیانەتکارانە مافە زەوتکراوەکانیان بۆ گەلەکانیان گێڕایەوە، ئێمەی کوردیش بە تەنها لە باشووری کوردستان دوو گەورە خیانەتکارمان هەن، ئەوانیش سەرۆک بارزانی کاکە حەمەی حاجی مەحمودن.
ئاخر سەرۆک بارزانی و کاکە حەمە دوو لەو گەورە خیانەتکارانە بوون بە دوژمنانیان گوت: نەخێر بۆ ژێردەستەیی و بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بە ئازادی ژیان، بۆ ئەو مەبەستەش بە درێژایی شەڕی داعش هاوشانی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی بەرگری کردن لە کوردستان دابوون، ئاخر سەرۆک بارزانی رابەرایەتی پرسی ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستانی کرد و کاکە حەمەش هاودەنگی بوو، ئەوەش بەلای هەندێ کەس و دەستە و گرووپ بەزاندنی ئەو هێڵە سوورانە بووە کە دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان بۆ کوردیان کێشاوە، بۆیە بە پێوەری وڵاتپارێزی ئەو کەس و دەستە و گرووپانە بەزاندنی ئەو هێڵە سوورانە چوونە ناو بازنەی خیانەتە.
Top