یەکێتی نیشتیمانی و کابینەی نۆیەم

یەکێتی نیشتیمانی و کابینەی نۆیەم

تادێ کێشەکانی ناو باڵەکانی یەکێتی روو لە ئاڵۆزی دەکەن، ئەوەش وایکردووە زویر بوون و ئاشتکردنەوە لەناو ئەو حزبەدا لە حاڵەتەوە ببێتە دیاردە، بەڵام کێشەی گەورە ئەوەیە تا زویرێک ئاشت دەکاتەوە دوو ئاشت زویر دەبن، چونکە ئاشت کردنەوەی هەر زویرێک بە پێدانی پۆست و دەستکەوتە و ئەوەش وا دەکات پۆست و دەستکەوت لە کەسانی تری ناو حزبەکەیان بگرنەوە، راگەیاندنی ناوەندی بڕیار و ئاشت کردنەوەی کۆسرەت رەسوڵ و رۆیشتنی بەرهەم ساڵح بەڵگەی حاشا هەڵنەگری ئەو راستییەی سەرەوەن.
یەکێتی بە هۆی هاتنە پێشی وەرزی پۆست و پۆستکاری ئەوەندەی تر کەوتۆتە ناو گێژاوی قەیرانی زویر بوون و ئاشت کردنەوە، ئێستا ئەوەندی پۆستەکان و زویرەکان بەیەک دەگرێ پۆستانەی بەری دەکەون زۆر کورت دێنن، ئەوە جگە لەوەی بە ئاشت کردنەوەی هەر زویرێک دوو ئاشتی لێ زویر دەبن، وەک ئەوەی بە پۆستی سەرۆک کۆمار توانی بەرهەم ساڵح ئاشت بکاتەوە، بەڵام مەلا بەختیار و شانازی برایم ئەحمەدی لێ زویر بوون، بۆیە بۆ ئیدارەدانی کیشەکانی ناوخۆی و راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان زویرەکان و ئاشتەکان، ناچار بووە مەلەفی بەغدا و کەرکوک و پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم تێکەڵ بکات و هەر رۆژە و بیانوویەک بگرێ، بە واتایەکی تر هەوڵ دەدات کێشە حزبییەکانی ناوخۆی بگوازێتەوە ناو ماڵی کورد و موزایەدەشیان پێوە بکات، ئەوەتا وەک دەبینین خۆیان کەرکوکیان فرۆشت و کەرکوکیەکانیان تووشی گەورەترین نەهامەتی کردن، ئێستا وەرگرتنەوەى پۆستی پارێزگارێکی بێ دەسەڵاتیان کردۆتە مەرجی پێکهێانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشیان لە پەرۆشی نییە بۆ کەرکوک و کەرکوکیەکان، چونکە ئەگەر ئەوەندە پەرۆشی کەرکوک و کەرکوکیان بان، دەیان توانی کەرکوک و کەرکوکیەکان بەو دەردە نەبەن کە هەموو کورد پێوەی دەناڵێنێ، لەوەدا تەنها مەبەستیان ئەوەیە بە پێدانی ئەو پۆستە دڵی یەکێک لە سەرکردەکانیان رابگرن، بەڵام بێ خەبەر لەوەی ئەگەر ئەو پۆستە وەربگرنەوە و سەرکردەیەکی پێ رازی بکەن، ئەوا چەند سەرکردەیەکیان لێ زویر دەبن.
Top