٢٥ی ئەیلول و ١٦ی ئۆکتۆبەر
February 11, 2019
وتار و بیروڕا
![٢٥ی ئەیلول و ١٦ی ئۆکتۆبەر](https://gulanmedia.com/public/old_images/nusaran/soora.jpg )
ئێستا هەموو ریفراندۆمچیەکان شانازی بە ٢٥ی ئەیلولەوە دەکەن و ساڵانەش وەک رۆژێکی مێژوویی یادی دەکەنەوە، بەڵام عێراقچیەکان شەرم لە ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکەن و لە ناخی خۆیاندا نەفرەت لە گەڕانەوەى ئەو رۆژە دەکەن، چونکە دوای ئەوەی حەشدی شەعبی بە ئامانجی خۆی گەیشت کە داگیر کردنەوەی کەرکوک بوو، ئەو گرووپە هیچی دەست نەکەوت و داستانی پردێ و سحێلا دەستخەڕۆی کردن و رێککەوتنەکەی نێوانیانی لەبار برد.
٢٥ی ئەلول و ١٦ی ئۆکتۆبەر رێک ئەو بەسەرهاتەم بیر دەخەنەوە کە دەڵێ: کابرایەک لە رۆژی شەممەدا پارەی لێ ون دەبێ و کابرایەکیش لە رۆژی شەممەدا پارە دەدۆزێتەوە، ئەوەی پارەکەی لێ ون بووە دەڵێ: بڕۆ شەممە یا خوا هەر نەیەوە، ئەوەی پارەکەشی دۆزیوەتەوە دەڵێ: خوایە هەموو رۆژێک شەممە بێ.
ریفراندۆمچیەکانیش لە رۆژی ٢٥ی ئەیلول سەروەریەکی وایان تۆمار کردووە هەقیانە بڵێن: خوایە هەموو رؤژێک ٢٥ی ئەیلول بێ، بە پێچەوانەشەوە عێراقچیەکان و گرووپەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەو رۆژەدا میژوویەکی ئەوەندە رەشیان تۆمار کردووە ناهەقیان نییە کە بڵێن: بڕۆ ١٦ی ئۆکتۆبەر یا خوا هەر نەیەوە.